ئەپڵ 15, كانونی دووه‌م 2017

ئایفۆنی داهاتوو خاوەن پارێزەرێکی بەهێزتر دەبێت

لەگەڵ ئەوەی تەنها چوار مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی ئایفۆن حەوت و حەوت پڵەسدا تێپەڕبووە، بەڵام هەر لە ئێستاوە ڕاگەیاندن و دەزگا و ڕۆژنامەنووسانی تەکنەلۆژی وێڵن بە دوای نوێترین هەواڵەکانی ئایفۆنی داهاتوو، بۆ ئەوەی بزانن نەوەی نوێی ئایفۆن دەیەوێت خاوەنی چی بێت بۆ ئەوەی ڕکابەری مۆبایلە پێشکەوتووەکانی تر بکات.

بەر لە ڕاگەیاندنی ئایفۆن حەوت و حەوت پڵەس، کۆمپانیای سامسۆنگ پێشکەوتووترین مۆبایلی خۆی ڕاگەیاند لە مانگی سێی ساڵی پار کە گالاکسی ئێس حەوت بوو، خاڵی هەرە گرنگ و یەکلاکەرەوەی ئەو مۆبایلە لە خۆگرتنی بەهێزترین پارێزەری ئاو بوو ئەویش بریتیبوو لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی (IP68)، کە بەرگری لە گالاکسی ئێس حەوت دەکات لە دژی ئاو تا قووڵایی ١.٥ مەتر و بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ خولەک. بەڵام لە ئایفۆن حەوت و حەوت پڵەسدا ئەو خاڵە گرنگە نەبوو، دوو ئایفۆنەکە خاوەن بڕوانامەی (IP67) بوون، ئەمەش بە بڕوانامەیەکی نزمتر دادەنرێت بە بەراورد لەگەڵ (IP68)، چونکە پارێزگاری لە مۆبایلەکە دەکات لە قووڵایی تەنها ١ مەتر و بۆ ماوەی کەمتر لە ٣٠ خولەک.

هەر لەبەر ئەمەش ئەپڵ دەیەوێت دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی یەکەم ئایفۆن کە لە ساڵی ٢٠٠٧ بوو، بۆ ئەمساڵ و نەوەی نوێی ئایفۆن ببێتە خاوەن بەهێزترین بڕوانامەی پارێزەری ئاو کە بریتییە لە (IP68)، ئەم هەواڵەش لە چەند سەرچاوەیەکی کۆری بڵاوکراوەتەوە. ئەم پارێزەرە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت بۆ پارێزگاری کردن لە مۆبایلەکە لە دژی ئاو، کەوتنە خوارەوە و خۆڵ و تۆز، لە ئێستاشدا بوونی ئەم تایبەتمەندییە بۆ مۆبایلەکان بە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان دادەنرێت بۆ سەلماندنی پێشکەوتوویی و بەهێزی مۆبایلەکە.

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ