10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 20, كانونی دووه‌م 2017

لاپیۆپە نوێیە چاوەڕوانکراوەکەى ئەپڵ!

کۆمپانیای (ئەپڵ)ی ئەمریکی بە بەرهەمە جیاواز و بەهێزەکانی هەمیشە هەموو جیهانی سەرسامکردووە. ئەم کۆمپانیایە هەموو ساڵێک چەندین بەرهەمی نوێ ئاشکرا دەکات، ئەم بەرهەمانەش چەندین تایبەتمەندی بەهێز لە خۆ دەگرن. یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە بریتیە لە لاپتۆپێک بەناوی (ماکبووک) ئەم لاپتۆپە بە سیستەمی وەگەڕخەری (ماک ئۆ ئێس) کاردەکات کە تایبەتە بە کۆمپانیای ئەپڵ.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٦ یەکەم (ماکبووک) ڕاگەیەندرا کە شاشەکەی ١٢ بۆ ١٤ ئینچ بوو. ڕامەکەی ٢ گێگابایت بوو، هەڵبەتە بۆ ئەو کاتە کۆمپیوتەرێکی زۆر بەهێز بوو. بەڵام ڕۆژ بە دوای ڕۆژ لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ئەم (ماکبووک)ـەش گەشەی کرد. لەگەڵ گەشەکردنیدا ڕامەکەی بەرز بویەوە بۆ ٤ و پاشان ٦ و دواتر ٨ و ئینجا ١٦. ئەم (ماکبووک)ـە تەنها ڕامەکەی نا بەڵکو شاشە و پرۆسێسەر و تەواوی لاپتۆپەکە گۆڕانکاری تێدا کراوە.

ئێستاش کە تەکنەلۆژیا لە لوتکەى پێشکەوتنیدایە، زۆرێک لە کۆمپانیاکان لە ڕکابەریدان لە بارەی ئەوەی کێ بەرهەمی زۆر بەهێز و باش بەرهەمدەهێنێت. لەم ململانێیەدا زەبەلاحەکەى ئەمریکا، نیازى وایە لاپتۆپێک بەناوی (ماکبووک پرۆ) بەرهەمبهێنێت. ئەمە زیاتر لە لاپتۆپێکە و جیاوازتر لە (ماکبووک)ێکی ئاساییە. ڕامی ئەم بەرهەمە پێکهاتووە لە ٣٢ گێگابایت کە ئەمەش دەبێتە بەهێزترین لاپتۆپ لە ڕووی (ڕام)ـەوە . بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، گوایە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ واتە دوای مانگی شەش کۆمپانیای ئەپڵ ئەم بەرهەمە ڕادەگەیەنێت. هەروەک چۆن کۆمپانیای ئەپڵ لە مانگی ٩ کۆنگرەکانی بەڕێوەدەبات، ئەگەرێکی زۆریشی هەیە کە ئەم بەرهەمەش لە مانگی ٩ و لە کۆنگرەی تایبەت بە ئەپڵ  بخرێتەڕوو.

بۆچونی تۆ