دیمانە

دیمانە لەگەڵ سەباح سەلیمی دەربارەی پڕۆژەی Zeyton.com

لەیەکەم دیمانەم بۆ کەی ئای تی ئێن لەگەڵ بەڕێز سەباح سەلیمی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژی زەیتون گفتوگۆ دەکەم و دەربارەی پڕۆژەکەیان چەند پرسیارێکیان لێ دەکەین و لە بەڕێزیانەوە وەڵامەکان وەردەگرینەوە. بفەرموون لەخوارەوە خوێنەری دیمانەکەمان بن.

  • ئەگەر بکرێت بەڕێزتان خۆتان بناسنێنن و کورتەیەک دەربارەی ژیانت و ئەزموونت لەگەڵ تەکنەلۆژیا بخەیتەڕوو؟

من سەباح سەلیمی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای زەیتون، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتم. تەمەنم ٣٣ ساڵە. لەساڵی ٢٠٠٤ـەوە خەریکی کارکردنم لەگەڵ تەکنەلۆجیا، نەرمەواڵە (سۆفتوێر) و ئینتەرنێت. هەرچەندە خۆم خوێندکاری ماتماتیک بوومە بەڵام شارەزایییەکی تەواوم هەیە لە کارگێریی تەکنەلۆجیا و بەشەکانی.

  • پڕۆژەی زەیتون لەچی سەرچاوەی گرت و چۆن دەستتان پێکرد؟

بیرۆکەی پڕۆژەی زەیتون سەرەتا بەر لە ٣ ساڵ دەستی پێ کرد. بیڕۆکەکە لەوەوە دەستی پێ کرد کە شوێنێک و سیستەمێکی جیاواز هەبێت کە تەواوی زانیاری و زانینەکانی جیهان بە گشت زمانەکانییەوە و لە هەموو جیهاندا جێگا بکاتەوە و بەئاسانترین شێواز پیشانی خوێنەر و بینەران بدرێت. سیستەمەکەشمان بە “Social-knowledge network” ناساند و ناولێنا.

  • نوسینگەتان لە جگە لەکوردستان لە شوێنی تر هەیە؟ ئەگەر هەیە ئایا دەست بەکاربوون؟

کۆمپانیای زەیتون لە بنەڕەتدا بەریتانییە و بارەگا سەرەکییەکەی لە لەندەنی پایتەختە بەڵام بارەگای کارکردن و جێبەجێکردن لە هەولێری کوردستانە. لە چەند وڵاتانی تریش ئۆفیسمان هەیە و دەست بەکارین.

  • ئێوە وەکو زەیتون تا ئێستا پانتایی کارتان تا کوێی گەشەی سەندووە؟ مەبەستم چەند وڵاتی گرتووەتەوە؟

ئێمە لەئێستادا لە سەرەتای کارکردنمانین و ئامانجمان تەواوی جیهانە. بەڵام تیشکی سەرەکیمان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە ئێستادا لە ١٣٠ وڵاتی جیاجیای جیهان خوێنەر و بینەرمان هەیە.

  • زەیتون بەچی جیاوازە؟

ئێمە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن Knowledge مان هەیە لە ١٢٠ زمانی جیاوازدا کە هەرکامێکیان هەزاران بابەت لەخۆی دەگرێتەوە کە بابەتەکانیش پێک دێن لە نووسراو، وێنە، ڤیدیۆ، فایلی دەنگی… هەر بەو ژمارە بابەتانەی کە ئاماژەمان پێی کردووە و هەمانە لە زەیتوندا، گەورەترین سایتی کوردی، جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین.

  • گومان لەوە نییە گووگڵ و چەندانی تر لە زۆرترین خزمەتگوزاری بەردەستن، چۆن وادەکەن ئێمە زەیتون بەکاربهێنین؟

جیاوازیمان لەگەڵ گوگڵدا ئەوەیە کە گوگڵ Web Search Engineـە بەڵام زەیتون Social-knowledge networkـە. بۆ زیاتر ناساندنتان بە زەیتون، ئەوا زەیتون زانیاریی زیاتر بە بەکارهێنانی تەنیا دوو کلیک دەخاتە بەردەست خوێنەران. هەنگاوی داهاتوومان ئەوەیە کە بەکارهێنەرانمان دەتوانن زانیاری و زانین و بابەتەکانی خۆیان لەڕێگای زەیتونەوە لەگەڵ تەواوی بەکارهێنەرەکانی تردا هاوبەش بکەن. جگە لەمەش ئێمە تیمێکی تایبەتمان هەیە کار دەکەن لەسەر هەبوونی Search Engineـێکی تایبەت بە زەیتون کە بەم نزیکانە تەواو دەبێت و دەخرێت بەردەست بەکارهێنەران.

  • پلانتان چییە بۆ داهاتوو؟

بیر و بۆچونمان ئەوەیە کە بەشێوازی جیهانی بیر بکەینەوە و لۆکاڵی کار بکەین. واتە خزمەتگوزارییەکانی زەیتون بۆ ٢٠٠ وڵاتی جیاوازی جیهان دانراون و خزمەتگوزارییەکان لۆکاڵی و بەزمانی فەرمی وڵاتەکان بەردەست دەبن. لە ئێستادا زەیتون لە قۆناغی بێتادایە و تا چەند مانگێکی تر بەتەواوی خزمەتگوزاری و زمانەکان لە زەیتوندا تەواو دەکرێن و پێشکەش دەکرێن.

  • هەرشتێکی تری زیادە هەیە دەتەوێت لێرەوە بیلێیت ئەوە بفەرموو…

بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی زەیتون و کردنی با براندێکی جیهانیی ناسراو ئەوا پێویستمان بە هاوکاری و یارمەتی هەر کەسێک دەبێت کە لەخۆیدا ڕادەبینێت لەم بەش و مەجالەدا یارمەتیمان پێشکەش بکات. لە کۆتاییشدا، سوپاس و ستایشی تایبەتمان قەبوڵ بفەرموون و سوپاس بۆ ئێوە.

سوپاس بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەتان دایەوە و بە بێگومانی ئێمە بەگوێرەی توانا هاوکاری بەڕێزتان دەبین و لێرەوە دەمەوێت سوپاس هاوڕێی خۆشەویستم ئەندازیار کۆسرەت بکەم بۆ ڕێکخستنی دیمانەکە.

11 شوبات، 2017
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1068