ئەپڵ 14, شوبات 2017

ئەپڵ داواکاریەکی تری پێشکەش بە سامسۆنگ کردووە، بۆ کڕینی ٦۰ ملیۆن لە ڕوونمای تەکنەلۆژیای ئۆڵێد.

سەرەڕای بەربەرەکانێی نێوان دوو کۆمپانیا ناسراوەکە، بەڵام بازرگانیەکی زۆر له نێوانیاندا هەیە. لە ڕابردوودا و ساڵی پار، ئەپڵ داوای کڕینی ۱۰۰ ملیۆن لە ڕوونمای جۆری ئۆڵێدی پێشکەش بە سامسۆنگ کرد، بە مەبەستی بەکارهێنانی لە مۆبایلی داهاتوویدا که ئایفۆن ٨ـە، لە ئێستاشدا دووبارە ئەپڵ داوایەکی تری کڕینی پێشکەش بە کۆمپانیا کۆریەکە کردووە، بۆ کڕینی ٦۰ ملیۆن ڕوونمای تری جۆری ئۆڵێد.

بەمەش وادیارە کە ژمارەی پێشوو بەس نەبووە بۆ ئەپڵ، بۆ ئایفۆنەکانی، بە هۆکاری ئەوەی ئەپڵ ڕێژەیەکی زۆر لە ئایفۆن دەفرۆشێت لە هەر ساڵێکدا. دەربارەی نرخی ڕوونماکانیش، ئەپڵ بە گوژمەی ٤.۳ ملیار دۆلار دەداتە سامسۆنگ، بۆ کڕینی ٦۰ ملیۆن ڕوونماکە.

سامسۆنگ گەورەترین وەبەرهێنەری ڕوونماکانی ئۆڵێدە. توانیویەتی هاوشانی ئێڵجی ڕوونماکان بۆ کۆمپانیاکانی تر بەرهەمبهێنێت. ئەوەشمان له بیر نەچێت، پێشبینی دەکرێت سامسۆنگ لە مۆبایلی ئێس ٨ـدا ڕوونمای ئۆڵێدی دەستەبەر کردبێت. دەی وا دیارە ڕوونماکانی ئۆڵێد ورده وردە دێنە نێوان ڕکابەری مۆبایلەکانی کۆمپانیاکانەوە، چونکە پێشبینی و چاوەڕوانی بۆ کۆمپانیای تریش دەکرێت، کە ڕوونمای ئۆڵێد بۆ مۆبایلەکانیان دەستەبەر بکەن.

سامسۆنگ تەنها کۆمپانیا نیە کە ڕوونمای ئۆڵێد بەرهەمدێنێت، بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانی تری ڕوونما هەن، کە کۆمپانیاکانی ئێڵجی و جەی دی ئایین، کە دوو کۆمپانیای ناسراو و گەورەن لە باس و بواری ڕوونمای ئۆڵێددا.

پێتوایە کە ڕوونمای ئۆڵێد بۆ ئایفۆنەکانی داهاتوو گونجاو دەبێت؟

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ