بابەتی گرینگ 13, ئازار 2017

سامسۆنگ کورتەڕێکلامێکی نوێی بۆ گالاکسی ئێس هەشت بڵاوکردەوە

وا بڕیارە کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا کۆنگرەیەک سازبدات بۆ ڕاگەیاندنی نەوەی نوێی زنجیرەی “Galaxy” بە ناوی “Galaxy S8″، تا ئێستاش چەندەها پڕوپاگەندە و پێشبینی بۆ ئەو مۆبایلە نوێیە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هیچیان فەرمی نین و تا ئێستا بەتەواوی نازانرێت کە تایبەتمەندییەکانی ئەو مۆبایلە چین.

لەگەڵ ئەوەی هێشتا کۆنگرەکە ئەنجام نەدراوە، بەڵام سامسۆنگ دوای ئەوەی لە کۆنگرەی مانگی ڕابردوودا کورتە ڕێکلامێکی بۆ گالاکسی ئێس هەشت پیشاندا، دوێنێش بەهەمان شێوە کۆمپانیاکە لەپێگەی فەرمی خۆی لە بەشی کۆریادا لە یوتیوب کورتە ڕێکلامێکی نوێی بۆ ئێس هەشت بڵاو کردەوە، لە ڕێکلامەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە تایبەتمەندی و شێوەی تەواوی مۆبایلەکە نەدراوە، تەنها ئەوە ڕاگەیاندراوە کە بەفەرمی سامسۆنگ لە ڕۆژی ٣٠ ی ئەم مانگەدا لە کۆنگرەیەکدا پەردە لەسەر مۆبایلی گالاکسی ئێس هەشت لادەدات.

بەشێکی زۆری چاودێران و پێگە تەکنەلۆژییەکان، هۆی بڵاوکردنەوەی ئەو کورتە ڕێکلامە لەو کاتەدا و بەتایبەتیش بڵاوکردنەوەی بەرفراوانی ڕێکلامەکە لە وڵاتی کۆریای باشوور، دەگەڕێننەوە بۆ سیاسەتی کۆمپانیاکە و ڕکابەری کردنی کۆمپانیای “LG” لە وڵاتەکەدا، ئەمەش بەهۆی خواستی زۆری خەڵکی وڵاتی کۆریای باشوور بۆ نوێترین مۆبایلی کۆمپانیای ئێڵجی بەناوی “LG G6” و بەپێی چەند ڕاپۆرتێک لەماوەی تەنها هەشت ڕۆژدا ٨٢ هەزار داواکاری پێشوەختە بۆ ئەو مۆبایلە هاتووە.

سامسۆنگ دەیەوێت پەیامێک بۆ خەڵکی کۆریای باشوور و تەواوی جیهان بنێرێت و بڵێت “ئێمە لێرەین، چاوەڕێی مۆبایلە نایابەکەمان بکەن!”، ئیدی ئێمەش چاوەڕوانی سامسۆنگین و بەو هیوایەی بتوانێت مۆبایلێکی پێشکەوتوو ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ