شاومی
14, ئازار 2017
شاومی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ لە وڵاتی هندستان تۆمار دەکات

کۆمپانیای شاومی چینی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە مۆبایلی شاومی ڕێدمی نۆوت ٤ کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کەوتە بەر دەستی کڕیاران لە وڵاتی هندستان ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە و لە ماوەی تەنها ٤٥ ڕۆژدا ١ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە بەمەش بۆتە خێراترین مۆبایلی زیرەک کە ١ ملیۆن دانەی لێ بفرۆشرێت لە وڵاتی هندستان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندی بەرز و نرخی گونجاوی مۆبایلەکە.
ئەمە لە کاتێکیشدایە کە شاومی ئەم مۆبایلە لەو وڵاتەدا بە شێوەی flash sales دەفرۆشێت(واتە هەر چەند ڕۆژ جارێک ژمارەیەکی دیاریکراو لە مۆبایلەکە بەردەست دەبێت بۆ فرۆشتن) و بەهۆی پڕفرۆشییەوە هەموو جارێک کە مۆبایلەکە بەردەست کراوە لە چەند خولەکێکی زۆر کەمدا بە تەواوەتی فرۆشراوە و کڕیاران ناچاربوون ماوەیەک بوەستن تا مۆبایلەکە بەردەست دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات کە ئەم ژمارە پێوانەییە هێندەی تر سەرنجڕاکێش بێت و وا دەکات بیر بکەینەوە ئاخۆ ئەگەر شاومی توانای ئەوەی هەبووایە ژمارەی زیاتر لە مۆبایلەکە بەرهەم بهێنێت ئەوکات چەندی لێ دەفرۆشرا؟!

محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.