بابەتی گرینگ
16, ئازار 2017
(صراحة)؛ لە بیرۆکەیەکى سادەوە بۆ پڕۆژەیەکى مەزن!

لەوەیە لە ماوەى پێشوودا چەندان کەست بینبێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەستەرێکیان بڵاودەکردەوە و داوایان ئەوەبوو لە هاوڕێیان و بینەرانیان کە بەڕاشکاوى بۆچوونیان بنووسن دەربارەى کەسایەتیان و قسەى دڵیان هەڵڕژن بەبێ ئەوەى ناسنامەیان ئاشکرابێت، بەڵام نازانیت ئەم بەستەرە چۆن و لەکوێوە سەرچاوەى گرتوو و چیڕۆکەکەى چییە. لێرەوە باس لەم چیڕۆکى سەرکەوتنە دەکەین!
(صراحة) یاخود بڵێین (ڕاشکاوى)؛ پێگەیەکى بۆچوون وەرگرتن و گەیاندنە لەنێوان کەسێک و کەسانى چواردەورى. بەفەرمى لە تشرینى دووەمى ٢٠١٦دا دامەزراوە. تێیدا بەکاربەر پەڕەیەکى تایبەت بەخۆى دروست دەکات و بەستەرێکى تایبەتى دەبێت، دواتر بەستەرەکە هاوبەشى پێدەکات بۆ هاوڕێیان و هەوادارانى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئەوانیش دەتوانن بۆچوون و ڕەخنە و قسەکانیان بۆ بەکاربەرەکە بنووسن بەبێ ئەوەى ناسنامەیان ئاشکرابێت و بزانرێت کێن!
- پێش ٥ مانگ (صراحة) لە بیرۆکەیەکى سادە زیاتر هیچى تر نەبوو، کەچى ئێستا یەکێکە لە بەربڵاوترین پێگەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
زین عابدین توفیق – دامەزرێنەرى (صراحة).
خاوەن بیرۆکەى پێگەکە گەنجێکى خوێن گەرمى بەرنامەسازى سعودییە بەناوى (زين العابدين توفيق)، لە چەند چاوپێکەتنێکدا دەڵێت: ” نزیکەى ٥ مانگ پێش ئێستا بیرۆکەى (صراحة)م بۆهات، دواتر لەگەڵ هاوڕێیان و بەڕێوەبەرانم ڕاوێژم دەربارەى بیرۆکەکە کرد و گەشتینە ئەو ئەنجامەى بیرۆکەکە بخەینە جێبەجێکردنەوە و بیکەین بە پڕۆژەیەک”.
- لەماوەیەکى کەمدا، دەنگدانەوە و بڵاوبوونەوەیەکى گەورەى بەخۆیەوە بینى.
عابدین لەدرێژەى چاوپێکەتنەکەدا دەڵێت: ” لەم باوەڕەدا نەبووم کە پڕۆژەکە دەنگدانەوەیەکى ئاوا گەورەى هەبێت و بەخێرایی بڵاوبێتەوە لەنێو خەڵکیدا. لەسەرەتادا تەنها پێشبینى ئەوەم دەکرد ١٠٠٠ بۆچوون و نامە بڵاوبکرێنەوە، بەڵاممم پڕۆژەکە لەوە گەورەتربوو کە بیرم لێی دەکردەوە و تا ئێستا زیاتر لە ١٨ ملیۆن بۆچوون و نامە لەسەر پێگەکە بڵاوکراونەتەوە”.
- خەرمان و مێژووێکى گەورە لەماوەیەکى کەمدا.

لەماوەى تەنها ١ مانگدا زیاتر لە ٩٢ ملیۆن سەردانى هەبووە. تاوەکو ئێستاش نزیکەى ٥ ملیۆن هەژمار لەپێگەکەدا درووستکراون و ١٨ ملیۆن نامە و بۆچوون لە پێگەکەدا هەن، پشکى شێریش بەر وڵاتى (میسڕ) کەوتووە وو سەرلیستىى سەرجەم وڵاتانى ترە.
جێگەى ئاماژە بۆ کردنە (عابدین)ى ٢٩ ساڵ دەڵێت: ” دەمانەوێت لەماوى ئایندەدا گۆڕانکارى گەورە لەپێگەکەدا بەئەنجام بگەیەنین، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە پێویستى بە لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەى زۆرە، بۆیە چاوەڕێی کاتى گونجاوین”.
کرتە بکە بۆ چوونە نێو پێگەى (صراحة)
دیاری شێرزاد
"خوێندکارى بەکالۆریۆسى زمان و ئەدەبى (ئینگلیزى)م لە ز.سەڵاحەددین، هاوکات بەڕیوەبەرى نووسین و نوسەرم لە کەى ئاى تى ئێن؛ به شێوهیەكی گشتگیر لهگهڵ تهكنهلۆژیای تازه تێكهڵم، به تایبهتیش له سیستهمى وەگەڕخەرى مۆبایلە هۆشمەندەکان (ئەندرۆید). لەهەوڵدام بۆ ئەوەى ههموو تاكێكی كورد سوودمهندبن له تهكنهلۆژیا و شتێكی ئهوتۆ دهربارهی تهكنهلۆژیا فێرببن و لەگەڵ پێشکەوتنەکانیدا بڕۆن، هاوکات هەواڵ و بابەتە گەرمەکانى ڕۆژانەى تەکنەلۆژیا بەزمانێکى پاراو و پەتى کوردى بخوێننەوە".