10
ئای ئۆ ئێس 23, ئازار 2017

ئەپڵ ڕوونکردنەوە دەدات لەسەر مەترسی سڕینەوەی زانیاری بەکارهێنەرانی خزمەتگوزاری iCloud

دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک لەسەر ئەوەی کە گوایە گرووپێکی هاککەری تورکی بەناوی (Turkish Crime Family) دەستی گەیشتووە بەزانیاری زیاتر لە (٦٠٠ ملیۆن) بەکارهێنەری خزمەتگوزاری (iCloud)، لەوتەیەکدا بۆ پێگەی (Fortune)، ئەپڵ ئەوەی ڕاگەیاند کەوا هیچ درزێک نەکەوتۆتە نێو زانیاری بەکارهێنەرانی ئەو خزمەتگوزارییە و بەکارهێنەران بەتەواوەتی پارێزراون.

دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا پێگەی (Motherboard) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر گرووپێکی تورکی و ڕایگەیاند کەوا ئەو گرووپە تورکییە توانیویانە بگەن بە (٥٥٩ ملیۆن) هەژماری خزمەتگوزاری (iCloud) و لەتوانایاندا هەیە کەوا سەرجەم ئەو هەژمارانە بسڕنەوە، بەمەش زانیاری زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن بەکارهێنەر لەدەست دەچێت. گرووپەکە مەرجی هەیە بۆ ئەوەی ئەو کارە نەکات و بکشێتەوە لەو هەژمارانە، مەرجی گرووپەکە ئەوەیە کە دەبێت ئەپڵ تا بەرواری (٧ ی مانگی داهاتوو) بڕی (75,000) دۆلار بدات پێیان و دەبێت پارەکە لەجۆری (Bitcoin) یان (Ethereum) بێت، یاخود دەبێت ئەپڵ بڕی (100,000) دۆلار لەشێوەی کارتی ئایتیونز بدات بەگرووپەکە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەپڵ ئەو بڕە پارەیە نەدات بەگرووپەکە لەو کاتەی کە بۆی دیاریکراوە، ئەوا بەوتەی خۆیان سەرجەم ئەو هەژمارانە و زانیارییەکانی ناوی دەسڕنەوە.

دوای ئەم دەنگۆیانە، دوێنێ ئەپڵ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، ڕاشیگەیاند کەوا ئەو لیستەی کە لای ئەو گرووپەیە و گوایە کە ئیمەیڵ و وشەی نهێنی بەکارهێنەرانی تێدایە وا دەردەکەوێت کە لەچەند خزمەتگوزارییەکی لایەنی سێیەمەوە بەدەستیان هێنابێت بەگوێرەی ڕەزامەندی نێوان گرووپەکە و ئەو لایەنە.

“هیچ درزێک نەکەوتۆتە نێو سیستمەکانی ئەپڵ لەنێویشیاندا خزمەتگوزاری iCloud و Apple ID”، هەروەها ئەپڵ دەڵێت: “ئەو لیستەی کەگوایە لای ئەو گرووپەیە و ئیمەیڵ و وشەی نهێنی بەکارهێنەرانی تێدایە، وا دەردەکەوێت کە لەچەند لایەنێکی خزمەتگوزاری سێیەمەوە بەدەستیان هێنابێت ئەوەش بەپێی ڕەزامەندی نێوان ئەو گرووپە و لایەنی سێیەم”

هەروەها ئەپڵ باس لەوەدەکات کە ئەوان بەردەوام دەبن لە چاودێری کردنی توندی ئەو لایەن و گرووپانە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران دڵنیا بکەنەوە لەسەلامەتی زانیارییەکانیان.

“ئەپڵ بەردەوام دەبێت لەچاودێریکردنی سیستمەکانی بۆ ئەوەی ڕێگە بەهیچ گرووپ و لایەنێک نەدات کە بچنە نێو زانیاریی بەکارهێنەران، هەروەها بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکات کە دەیانەوێت تاوان ئەنجام بدەن و ڕێگای نایاسایی دەگرنە بەر. ئێمە هەروەها پێشنیار دەکەین کە بەکارهێنەران هەمیشە وشەی نهێنی بەهێز بەکاربهێنن و هەروەها خزمەتگوزاری هاتنەوەی کۆد بۆ مۆبایلەکانتان چالاک بکەن، بۆ ئەوەی هەمیشە دوور بن لە مەترسی”

ئەپڵ وەڵامێکیش بۆ ئەو گرووپە دەنێرێت کە گوایە زانیاری بەکارهێنەرانیان دەستکەوتووە و دەڵێت:

“پێدەچێت هاککەرانی ئەو گرووپە تەواو هاوڕا نەبن لەگەڵ یەکتر لە چیڕۆکەکەیاندا، یەکێک لە هاککەران دەڵێت کە ئەوان ٥٥٩ ملیۆن هەژماریان لایە، کەچی یەکێکی تر باس لە ژمارەیەکی جیاواز دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو هاککەرانە بۆ پێگەی Motherboard ـیان نەسەلماندووە کە ئەوان گەیشتوونە بەو هەژمارانە، جگە لە چەند ڤیدیۆیەکی کەم نەبێت”

بۆچونی تۆ