بیروڕا

ئایا یاهوو چۆک دادەدات بەرامبەر کۆمپانیا ڕکابەرە گەورەکان؟

وەک دەزانین ساڵانێکی زۆرە ئیمەیڵ و تۆڕی هەواڵی یاهوو بوونی هەیە، بەشەکانی بریتین لە کەش و هەوا، زانینی نرخی دراو، بۆرسەکان، فیلمی سینەمایی، ستایلی ژیان، هەواڵەکانی ڕۆژانە لە زۆرێک لە بوارەكانی وەکو زانستی و تەکنەلۆژی و سیاسیی و …هتد، هەروەها ئاڵوگۆڕی نامە بەشێوەی گروپ گروپ کە زۆرترین بەکارهێنەری هەبوو و هەتاکوو ساڵانی پێشوو سەرکەوتنی باشی بەدەست دەهێنا، بەڵام لەم چەند ساڵەی کۆتایدا کۆمپانیاکە توشی زیان و هێرشی جۆراوجۆر بووەتەوە، کەپێدەچێت گەر هەوڵێکی خێرا نەدات هاوشێوەی نۆکیا بە بڵاوکردنەوە و بەرەو پێشبردنی بەرهەمە تەکنەلۆژییەکانی، داننان بەهەڵەکانی دا تاکوو زیاتر لە ڕووی مەعنەوییەوە هاوکاری بێت، نەتوانێت بە ئاسانی هەستێتەوە سەرپێ و بوونی خۆی بسەلمێنێتەوە، یاخوود لە کۆتایدا مەرگی یاهوو دەبینین و دەبێتە یادەوەرییەک لە بیرەوەریماندا ئەو کات دەبێژین یادی بەخێر سایتی چاک بوو.

لە گەورەترین زیان و ئەو هێرشانەی ڕووبەری کۆمپانیاکە بووەتەوە بریتین لە هاککرانی پتر لە یەک ملیار هەژمار و ئەکاونت تەنها لە ساڵی 2013 دا، پاشان و لەساڵی دواتر دا واتە 2014 نزیک بە 500 ملیۆن ئیمەیڵ و هەژمار زانیاری و ئیمەیڵەکانیان دزەی پێکرابوو، لەم کۆتاییانە و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نزیک بە 30 ملیۆن هەژماری دیکە زانیارییەکان دزەی پێکرابوو بە هۆی بوونی هەڵەی کوکیزەوە لە نێو خودی چونە ژورەوەی سایتەکەدا.

سەرجەمی ئەو هەژمارانەی هاک کراون یاخوود زانیارییان دزەی پێکراوە دەکاتە زیاد لە 1.53 ملیار هەژمار تەنها لە ماوەی سێ ساڵدا، کۆمپانیاکە بڕیاری داوە لیژنەیەک درووست بکات بۆ بەدواداچوونی کێشەکان و بڕینی بەشە پاداشتی بەڕێوەبەر ماریسا مایەر، تاکوو دۆزینەوە و چارەسەکردنی شکستەکانی کۆمپانیاکە.

چیرۆکێک هەیە لەسەر نرخی یاهوو و گوگڵ و مایکرۆسۆفت ناکرێت بڵێین هەڵەی مێژووی چونکە دەتوانرا ئەم هەڵانە ڕوونەدات و باشتر بەڕێوە ببردرێت چیرۆکەکە باس لە بەرزی نرخی یاهوو دەکرێت لەبەرامبەر بەهای ئەو دوو کۆمپانیاییە کە تێیدا:

  • ساڵی 1998 کۆمپانیای Yahoo ڕەتی کردەوە کۆمپانیای Google بکڕێت بە نرخی 1 ملیار دۆلار.
  • ساڵی 2002 کۆمپانیای Yahoo ئامادەبوو بە 3 ملیار دۆلار Google بکڕێت بەڵام Google داوای 5 ملیار دۆلاری کرد.
  • ساڵی 2008 کۆمپانیای Microsoft ئامادەی دەڕبڕی کە کۆمپانیای Yahoo بکڕێت بە بەهای 50 ملیار دۆلار بەڵام Yahoo ڕەتی کردەوە.

جێی وەبیرخستنەوەیە لەماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای ڤێرایزۆن پشکەکانی یاهووی کڕییەوە بە بڕی 4.48 ملیار دۆلار، هەروەها بەهای کۆمپانیای گووگڵیش 345 ملیار دۆلار دەبیت واتە گوگڵ دەتوانێت یاهوو بکڕێت و بڕی 340 ملیار دۆلاریشی دەمێنێتەوە.

بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان و خەڵکێکی زۆر گومانی ئەوەیان لا درووست بووە و گومان دەکەن کە ئەم زنجیرە هاککردنی هەژمارانەی تۆڕەکە شتێکی ئاسایی نەبێت، کە کۆمپانیایەکی گەورەی وەک یاهوو ڕووبەری بوەتەوە و هەرچەندە هەڵەش ڕوودەدات و نکوڵی لەوە ناکرێت، بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە و دەوترێت یاهوو لە ناوی تۆڕی قوڵدا(دێپ وێب) کە شوێنی کوشتار و بارزگانی ماددەی هۆشبەرە، لەگەڵ کەسانی نەناسراودا بارزگانی دەکات بە هەژمارەکان و داتای کەسانی دیار و کۆمەڵایەتی و تاکو بەشێک لە زیانەکانی خۆی دابپوشێت، بەڵام لەوانەیە پرسیاری ئەوە بکەیت ئاخۆ چۆن بە بەڵگە نا سەلمێندرێت و ئایا ئەو قسەڵۆکانە ڕاستن، وەک دەزانین تۆڕی قوڵ بازرگانی تێیدا لەڕێی دروای بیت کۆین ـەوە ئەنجام دەدرێت، کە ئەو کەسەی پارە دەنێرێت یاخوود وەری دەگرێت شوێن و ئای پی دەرناکەوێت و شوێنێکی تەواو شاراوە و جێی بازرگانی خراپە کە ئەمەش تاڕادەیەک دەبێتە هۆی دروست بوونی گومانێکی زۆر لەسەر کۆمپانیاکە.

پرسیار و گرنگترین شت ئەوەیە پێویستە کۆمپانیاکە پلانی تەواوەتی خۆی هەبێت بۆ شکستەکانی و پێی چارەسەر بکات، وەک چۆن دەوترێت نابێت لە کاتی شکستدا بیر لە ڕابردوو بکرێتەوە تاکوو بتوانیت داهاتووی باش بنیات بنێیت، هەروەها لەبەر شەپۆلی کۆمپانیا گەورەکاندا ڕانەماڵدرێت، کە ڕکابەرە سەرسەختەکانی بریتین لە گوگڵ و ئەپڵ و سامسۆنگ و فەیسبووک کە نرخیان بە سەدان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە بەرامبەردا یاهوودا بڕی خەمڵێنراوی کەمترە لە بڕی 5 ملیار دۆلار، کە پێدەچێت بەهۆی ئەو زنجیرە هێرشەی کۆتاییەوە زیاتر دابەزیبێت.

بەپشت بەستن بەوەی لەماوەی ڕابردوو ڕوویداوە، ئەوا من پێم وایە ئەگەر یاهوو هەوڵێکی جدی نەدات و بەژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییە نەکات ئەوا ڕووبەڕووی شکستی زیاتر دەبێتەوە و ئەوەی پێشتریش هەیبووە لەدەستی دەدات چونکە لەبواری تەکنەلۆژیادا و لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئاسایشی ئەلیکترۆنی یەکێکە لەگرنگترین بابەتەکانی ناو کۆمپانیا گەورەکان و هەریەکەیان لاف و گەزاف بەوە لێدەدات کە ئاسایش و سکیورتی بەهێزە بە ئاسانی ناتوانرێت پەیان پێ ببردرێت و لەبەرامبەردا هەرکاتێک کۆمپانیایەک ڕووبەڕووی هێرشێکی لەم شێوەیە دەبنەوە بەخێرایی لەناو ئینتەرنێت بڵاودەبێتەوە و بەمەش لە شکۆ و توانای ئەو کۆمپانیایە کەمدەبێتەوە کە نمونەی زیندووی ئێستا یاهووە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.

26 ئازار، 2017
ئاڤاتار
خوێندكاری قۆناغی سێیەمی زانستی كۆمپیوتەرم لە ز.جیهان سلێمانی، وەکو نوسەرێک و بەڕێوەبەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەم تۆڕە زیاتر گرنگی بە هەواڵی تەکنەلۆژی و سیستەمی کارپێکردنی مۆبایلی زیرەکی ئەندرۆید، ویندۆز، وپاراستنەکان و هتد...دەدەم. هەموومان لەم تۆڕە ئامانجمان خزمەتکردنێکە شایستەبێت بە ئێوەی خوێنەر، و بتوانین ببینە سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵ و زانیاری تەکنەلۆژی هاوشانی تۆڕە گەورە جیهانییەکان تایبەت بە خوێنەری کورد زمانمان. (تەکنەلۆژیای کوردی پێویستی بە بەرەو پێش بردن و کاری خۆبەخشییە! خزمەتی بێبەرامبەری ئێمە بۆ ئێوەیە، هیچ نەبێت بە خوێندنەوە لەگەڵمان بن)!
206