ئەپ و نەرمەکاڵا
23, نیسان 2017
ئەدۆبی نوێترین وەشانی Adobe Premiere Pro 2017.1 بە تایبەتمەندی ناوازەی وەکو ئامرازی Text و پشتگیری زمانی کوردی بڵاوکردەوە

گەورەترین و نایابترین وەشانی پریمیێر لەلایەن ئەدۆبییەوە وەشێندراو و ئەدۆبی زۆر خۆشحاڵە بەم وەشانەی پریمیێر پڕۆ کە دەکاتە ١١.١ و بە وەشانی بەهاری ٢٠١٧ ناسراوە و هاوکات ئەدۆبی خۆشحاڵیشە کە لەگەڵ وەشانی نوێی پریمێر وەشانی نوێی لە ئۆدیشن و ئافتەر و میدیا ئینکۆدەری بڵاوکردووەتەوە.
لەم وەشانەی پریمیێر پڕۆدا چەندان تایبەتمەندی سەرەنجڕاکێش و گرنگ زیادکراون بەمەبەستی ئاسانترکردنی دەستکاری کردنی ڤیدیۆ و دروستکردنی تایتڵ و کاری مۆشن گرافیک ئەمەش لەگەڵ Motion Graphics Templateـەکان کە لە ئافتەرەوە هاوردە دەکرێنە ناو پریمیێر و بە چەند کرتەیەک پڕۆژەیەکی نایاب بۆ خۆت ڕێک بخە و لەگەڵ ڤیدیۆکەت تێکەڵی بکە. ئەمە سەرباری ئەوەی لەم وەشانەدا بەشی تایتڵ لابراوە و ڕاستەوخۆ ئامرازی Text Tool زیادکراوە و ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ئەم ئامرازەوە تێکست و دەق بخە ناو ڤیدیۆکان و کاریگەری بخە سەری و ڕێک و گونجاوی بکە لەگەڵ کارەکەی خۆت. لەهەمووشی خۆشتر بەتەواوی پشتگیری لە نوسینی زمانی کوردی و عەرەبی و عیبری و هاوشێوەکانیان دەکات و لەمەودوا پێویستت بە هیچ نەرمەکاڵایەکی دەرەکی ناکات و ڕاستەوخۆ بە کوردی لەناو پریمێر بنوسە و چێژ وەرگرە.

دوو پەنجەرەی نوێ بەناوەکانی Essential Graphics panel و Essential Sound panel کە لەڕێگەیانەوە کارەکانی دەنگ و کارکردن لەگەڵ تێمپلەیتە ئامادەکراوەکان ئاسانتر و باشتر کراوە. ئەمانە و چەندین تایبەتمەندی تری بچوک بەڵام نایاب زیادکراون و کە لەخوارەوە ڤیدیۆیەکم داناوە لەلایەن ئەدۆبییەوە ئاماژە بەنوێکارییەکانی ئەم وەشانە کراوە.
جێگای ئاماژەیە ئەم وەشانە وەکو وەشانێکی سەربەخۆ نایەت بەڵکو ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر وەشانی سی سی ٢٠١٧ و هیچ فۆڵدەرێکی سەربەخۆ دروست نابێت و دەچێتە سەر وەشانی پێشتری ٢٠١٧. هەروەها کە ئەگەر هەر پڕۆژەیەکت بەم وەشانە پاشەکەوت بکەیت ناتوانیت بە وەشانەکانی پێشتر بیانکەیتەوە بۆیە وریابە و بە وریاییەوە بڕیاربدە.
دەتوانیت لە ڕێگەی Creative Cloud ئەدۆبی پریمیێر بەرزبکەیتەوە بۆ ئەم وەشانە و چێژ لە نوێترین تایبەتمەندیەکانی ئەم وەشانە وەرگریت.
[su_youtube url=”https://youtu.be/Hiti4VgzXYQ” width=”500″ height=”300″]
سەرچاوە :
- Adobe Creative Cloud Blog
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!