گەرمترین 12, ئایار 2017

گشت شتێک دەربارەی وەشانی داهاتووی ویندۆز ١٠ بەناوی Fall Creators Update

لە ڕۆژی دووەمی کۆنگرەی Build 2017، مایکرۆسۆفت بە فەرمی نمایشی تایبەتمەندییەکانی وەشانی داهاتووی ویندۆز ١٠ی نمایشکردن. ئەم وەشانە ناوی Fall Creators Updateـە و وەکو ئەپدەیت و نوێکردنەوەیەکی خۆڕایی لە کۆتایی ئەمساڵ بۆ بەکارهێنەرانی ویندۆز بەردەست دەبێت. لە کۆنگرەکە مایکرۆسۆفت تیشکی خستە سەر گرنگترین نوێکارییەکانی ئەم وەشانە و بفەرموون گشت شتێک لەسەر وەشانی داهاتووی ویندۆز ١٠ بخوێننەوە.

دیزانێکی نوێ بەناوی Fluent Design

لەوانەیە بیرتان بێت بابەتێکمان لە ژێر ناویشانی ویندۆز ١٠ لەمساڵدا دوو نوێکردنەوەی سەرەکی و نایابی پێدەگات و تێیدا باسی پڕۆژەی NEON مان کردبوو کە پڕۆژەیەکی نوێی دیزایین بوو بۆ ویندۆز ١٠ و بەفەرمی لە ڕۆژی دووەمی کۆنگرەی Build 2017 نمایشکرا و ناونرا Fluent Design واتە دیزایینی ڕەوان و تێیدا مایکرۆسۆفت چەندین بەشی ڕووکاری بەکارهێنەری ویندۆز ١٠ دەگۆڕێت. لەم دیزایینە تازەیەدا بەکارهێنەران ژینەگەیەکی هاوکارتر و زیرەکتر و ڕێکتریان بۆ بەردەست کراوە لە تەواوی ئامێرەکانیدا. دیزایینە تازەکە زیاتر پشتی بە جوڵە و Blur واتە باکگراوندە لێڵەکان بەستووە کە وادەکات سیستەمەکە جوانتر و ڕێکتر بێت.

[su_youtube url=”https://youtu.be/vcBGj4R7Fo0″ width=”500″ height=”300″]

لەگەڵ وەشانی Fall Creators Updateـی ویندۆز ١٠ دا مایکرۆسۆفت دەست دەکات بە جێبەجێکردنی ئەم فەلسەفە نوێیەی دیزایین و پێشیان وایە ئەمە گەشتێک دەبێت بۆ کۆمپانیا کە زیاتر واتای وایە ئەم دیزایینە تازە گەشەی زیاتر و زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ.

کردنەوەی فایلەکانی وەندرایڤ لەکاتی پێویستیدا OneDrive Files on Demand

یەکێک لەهەرە تایبەتمەندییە پێویستەکان گەڕایەوە بۆ ویندۆز ١٠ و لەگەڵ وەشانی Fall Creators Update بەردەست دەبێت و مایکرۆسۆفت ناوی ناوە OneDrive Files on Demand. بەکورتی ئەم تایبەتمەندییە ڕێگەمان پێدەدات تا بۆشایی زیاتر لەسەر هاردی کۆمپیوتەرەکانمان بەردەست بکەین بەوەی لەکاتێک کە پێویستت بە پەڕگەیەک دەبێت لە وەندرایڤ پێویست نەکات دایبگریت بەڵکو تەنها بیکەیتەوە بەبێ ئەوەی هیچ بۆشاییەک لە کۆمپیوتەرەکەت ببات بەمەش پێویستت بە داگرتنی فایل و پەڕگە نامێنێت.

دەمنامە بۆ ئەپەکان Timeline for apps

دەمنامەی ئەپە بەکارهاتووەکان یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی وەشانی داهاتووی ویندۆز ١٠ و بەهۆیەوە بەکارهێنەر دەتوانێت بە چەند کلیکێکی کەم بزانێت ئەمرۆ و دوێنێ و چەند ڕۆژی دواتریش کاری لەسەر چی کردووە و بە کلیکێک دەتوانێت کارەکە دەست پێ بکاتەوە لە شوێنی خۆی. هەرچەند من پێموایە کەمێکی کەم لە خەڵکی ئەم تایبەتمەندییە بەکاربهێنن.

هاوکات کردنی تەختەی هەڵگرتنی نوسینەکان Clipboard Syncing

دیارە مایکرۆسۆفتیش بەم تایبەتمەندییە دەیەوێت بەسەر ئەپڵدا سەربکەوێت کە ئەویش بریتییە لەوەی هەر نوسینێکت لە ئامێرێک کۆپی واتە لەبەرتگرتبێتەوە لەڕێگەی کلاودەوە دەتوانیت لە ئامێرەکەی ترت پەیست واتە بیلکێنیت. ئەمە تەنانەت لەسەر سەکۆی زیاتریش کاردەکات بۆ نمونە ئایفۆن و مۆبایلە ئەندرۆیدەکانیش. ئەم تایبەتمەندییە لە داهاتوو بەتەواوی لەگەڵ ئەپەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیس تێکهەڵکێش دەکرێت. بەمەش کارەکانت ئاسان دەبێت و بە ئاسانی دەتوانیت چ نوسینێک یان شتێکت کۆپی کردبێت لە مۆبایلەکەتەوە ڕاستەوخۆ بێیتە سەر کۆمپیوتەرەکەت و پەیست واتە بیلکێنیت.

لەکوێ لەسەر مۆبایلەکانت بەجێتهێشت لەوێ دەست پێبکەوە Pick Up Where You Left Off on phones

ئەم خزمەتگوزارییە لەگەڵ وەشانی Creators Update ڕاگەیاندرا بەڵام تەنها بۆ ویندۆز ١٠ بوو، ئەمڕۆ مایکرۆسۆفت ئەم خزمەتگوزارییە فراونتر دەکات و لەرێگەی کۆرتانەوە بۆ ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆیدیش بەردەستی دەکات. لەڕێگەی ئەم خزمەتگوزارییە هەر کارێک لەسەر مۆبایلەکەت کردبێتت و لە شوێنێک بەجێت هێشتبێت ئەوا کاتێک دێیتە سەر کۆمپیوتەرەکەت کۆرتانا وەبیرت دەخاتەوە لەسەر مۆبایلەکەت لەکوێ و لەسەر کام ئەپ چ شتێکت کردووەتەوە و تەواوت نەکردووە.

[su_youtube url=”https://youtu.be/ACn1pso0n40″ width=”500″ height=”300″]

ڕێگەیەی نوێ بۆ گێرانەوەی چیرۆکەکانت لەڕێگەی ئەپی Story Remix بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە کۆنگرەی Build 2017 بۆ گەشەپێدەران ئەپڵیکەیشنی Story Remixـی ئاشکراکرد کە هاوشێوەی Movie Maker ـە بەڵام بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی زیاترەوە، ئەپڵیکەیشنەکە یارمەتیت دەدات بۆ درووستکردنی گرتەی ڤیدیۆی تەواو بەهاوکاری لەگەڵ Groove بۆ موزیک و ئەپی Remix 3D کە وادەکات کارەکان ئاسانتربن.

ئەپڵیکەیشنەکە بەخۆکارانە و بە پێچەوانەشەوە یارمەتیت دەدات بۆ درووستکردنی ڤیدیۆ واتە فلتەری ئاسان بەردەستە لەناو ئەپەکەدا، ئەپڵیکەیشنەکە دەتوانێت ڤیدییۆکانت بۆ درووست بکات بە پشت بەستن بە دەموچاو و شوێن و کات وەک ئەپی Google Photos کە تەنها شتێکی جیاواز لەو بەشەدا بریتییە لە بەکارهێنانی چوارچێوە بۆ ڤیدیۆکان بەچەند شێوەیەک، دەتوانین بڵێین Story Remix دەبێتە کۆکراوەیەکی باشی ئەو ئەپانەی باسمان کرد کە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەوانی لەخۆیدا کۆکردوەتەوە، ئەم ئەپڵیکەیشنە لەگەڵ بەردەست بوونی وەشانی Fall Creators Update ـی ویندۆز ١٠ لە پایزی ئەمساڵدا بەردەست دەبێت.

[su_youtube url=”https://www.youtube.com/watch?v=kh0be6z-Zl8″ width=”500″ height=”300″]
بۆچونی تۆ