گەرمترین 19, ئایار 2017

تێلەگرام نوێکرایەوە و ناردنی کورتە ڤیدیۆ و پارەدان لەڕێگەی بۆتەکان و Instant View بۆ زیادکرا

ئەمە وەشانی چوارەمی ئەپی تێلەگرامە و لەگەڵ خۆیدا چەندین تایبەتمەندی ناوازەی هێناوە. لەم وەشاندا ئەپی تێلەگرام براوەتە ئاستێکی تر و تایبەتمەندیە زۆر داواکراوەکانی بۆ زیادکراوە کە دەمێکە بەکارهێنەرانی چاوەڕێبوون. شایەنی باسە لەدوای ئەوەی تێلەگرام بەفەرمی پەیوەندی دەنگی بۆ تۆڕەکەی زیادکرد ئەمڕۆ ئەم تایبەتمەندیانەشی کە لەخوارەوە ئاماژەی پێ دەکەین بۆ زیادکران:

تایبەتمەندی ناردنی کورتە ڤیدیۆ و ڕاگەیاندنی تۆڕی Telescope تایبەت بە ڤیدیۆ گشتییەکان:

تایبەتمەندی ناردنی کورتە ڤیدیۆ خۆی لە ڤیدیۆیی یەک خولەکی دەبینێتەوە کە ڕاستەوخۆ بە پەنجەنان بە وێنۆچکەی ڤیدیۆ لەخوارەوەی ئەپەکە دەتوانیت ڤیدیۆیی کورت بە هەردوو کامێرای پێشەوە و پشتەوە تۆماربکەیت و بۆ کەسی بەرامبەر بینێریت.

سەبارەت بە تۆڕی تێلەسکۆپیش ئەوا بۆ هەموو کەناڵێکی تێلەگرام لەمەودوا لینکی خۆی دەبێت لە Telescope بۆ نمونە هی ئێمە ئەمەیە https://telesco.pe/kitnnet و هەر کورتە ڤیدیۆیەک کە بڵاوی بکەینەوە لەوێ دەردەکەوێت. تەنانەت دەتوانیت ڤیدیۆکە بۆ فەیسبووک و تێلەگرام و تویتەر هاوبەشی پێ بکەیت و هەروەها دەسەڵاتی لەبەرگرتنەوەی بەستەری ڤیدیۆکەشت هەیە.

تایبەتمەندنی پارەدان لەڕێگەی بۆتەکان:

بۆتەکان لە ئێستادا دەتوانن پارەدان لە بەکارهێنەران قبوڵ بکەن و بەم بۆنەیەوە و بەمزووانە دەتوانن لەڕێگەی تێلەگرامەوە پیتزا داوا بکەن و جلوبەرگ بکڕن و تەنانەت پارەی چەندین شتی تر بدەن. سەربارەی ئەمانەش، پارەدان لەڕێگەی بۆتەکانەوە پشتگیری ئەپڵ پەی دەکات.

تایبەتمەندی بینینی دەست بەجێ Instant View:

ئەمە خزمەتگوزارییەکە تایبەتە بەخاوەن ماڵپەڕەکان و بەهۆیەوە دەتوانن بۆ بابەتەکانیان جێگیری بکەن و وا بکەن بابەتەکانیان دەست بەجێ لەناو تێلەگرام بکەنەوە بەبێ ئەوەی ماڵپەڕەکەیان ببێتەوە. لەڕاستیدا ئەم تایبەتمەندییە ماوەیەک لەمەوبەر وەکو تاقیکردنەوە بۆ تۆڕی تێلەگرافی سەربە تێلەگرام و تێلەگرام خۆی و تۆڕی میدیەم بەردەست بوو بەڵام لەمڕۆوە بە هەزاران ماڵپەڕ دەتوانن جێگیری بکەن و وا بکەن بابەتەکانیان تایبەتمەندی Instant Viewـی هەبێت. سەرباری ئەمانەش، تێلەگرام لە ئێستادا پێشبڕکێیەکی ڕێکخستووە بۆ ئەوانەی جوانترین Template بۆ ماڵپەڕەکانیان دروست دەکەن و پێشبڕکێکەش لەسەر ٢٠٠ هەزار دۆلارە.

ئەم تایبەتمەندییە هاوشێوەی Instant Articleـی فەیسبووکە بەڵام هەندێک تایبەتمەندی زیاتری هەیە بۆ نمونە گۆڕینی شێوەی پێشاندان لە سپی بۆ تاریک و هەروەها شێوەی تریش ئەمە جگە لە گەورەترکردنی فۆنت و چەند شتێکی تریش. لەناو بابەتەکان دەتوانن دەقەکان دیاری بکەن و هاوبەشیان پێ بکەن لەناو تۆڕەکە و لەدەرەوەی تۆڕەکەش. زانیاری زیاتر لەسەر ماڵپەڕی تێلەگرام بەدەست بخەن لەم بەستەرەوە https://telegram.org/blog/instant-view-contest-200K

جێگای ئاماژەیە ئەم وەشانە تا ئێستا تەنها بۆ ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید وەشێندراوە و پێ دەچێت بەم زووانەش بۆ کۆمپیوتەر و ماک بوەشێندرێت.

سەرچاوە :
تاگەکان Telegram تێلەگرام
بۆچونی تۆ