جۆراوجۆر
22, ئایار 2017
ڕێبەرێک بۆ کڕیارانی بیرگەی دەرەکی

یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە زۆر جار لە گفتوگۆی بێکۆتای سەبارەت بە کێبڕکێی نێوان ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس باس دەکرێت پشتگیری کردنە لە بیرگەی دەرەکی کە لە ئایفۆن و ئایپاددا بوونی نییە و لە زۆربەی ئامێرەکانی ئەندرۆیددا بوونی هەیە، هەرچەندە خۆی لەخۆیدا ئەمە تایبەتمەندییەکە و بۆ سودی بەکارهێنەرە بەڵام زۆر جار بەکارهێنەران گلەیی دەکەن و دەڵێن بیرگەی دەرەکی بۆتە هۆی هێواشبوونەوەی ئامێرەکانیان و کارنەکردنی بەشێوەیەکی باش و پێویست، هەروەها بیرگەی دەرەکی بۆ وێنەگرانیش گرنگە و بۆ کامێرا بەکاردێت، ئایا پشتگیری کردن لە بیرگەی دەرەکی شتێکی باشە یاخود خراپ؟ لەڕاستیدا ئەمە دەکەوێتەوە سەر هۆشیاری و زانیاری بەکارهێنەر و کڕیار.
لە بیرگەی دەرەکیدا کۆمەڵێک جۆر و ئاست هەن کە پشتیان پێ دەبەسترێت بۆ پۆلێنکردن و جیاکردنەوەی جۆرە جیاوازەکانی بیرگەی دەرەکی بەپێی خێراییان.
١-Speed class:
(Class 2 (C2
(Class 4 (C4
(Class 6 (C6
(Class 10 (C10
٢-UHS speed class:
(Class 1 (U1
(Class 3 (U3
٣-Video speed class:
(Class 6 (V6
(Class 10 (V10
(Class 30 (V30
(Class 60 (V60
(Class 90 (V90

هەروەک لە وێنەکەدا دیارە هەریەک لە ئاستەکان خێرایی تایبەت بەخۆی هەیە و بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردێت، ئەگەر بەکارهێنەرانی ئەندرۆید بیانەوێت مۆبایل و تابلێتەکانیان ڕووبەڕووی کێشە و هێواشبوونەوە نەبنەوە وا باشە بیرگەی دەرەکی لە جۆری C10 یاخود U1 بەکاربهێنن نەوەک ئاستە نزمترەکان کە لەم سەردەمەدا کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە، سەبارەت بەو وێنەگرانەش کە وێنە و ڤیدیۆی جۆرایەتی بەرز دەگرن و تۆماردەکەن ئەوا باشتر وایە بیرگەی دەرەکی لە جۆری U3 یاخود V30 بەکاربهێنن تاوەکو تووشی گرفت نەبن لە کارەکانیاندا، وە ئەگەر توانای کڕینی بیرگەی جۆری V60 یان V90یان هەبێت ئەوا باشتر.
كڕیاران دەتوانن لە کاتی کڕینی بیرگەی دەرەکیدا دڵنیاببنەوە لە جۆرەکەی بەهۆی هەبوونی لۆگۆی تایبەت بە جۆر و ئاستە جیاوازەکان لەسەر بەرهەمەکان.
تێبینی:وێنەکە لە ماڵپەڕی sdcard.org وەرگیراوە.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.