ئینتەرنێت 22, ئایار 2017

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێگەی پێگەیەکی نوێوە باسی کارەساتەکانی سووریا دەکات

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان بەهاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای گووگڵ پێگەیەکی نوێی تایبەت بەڕوونکردنەوەی کارەساتەکانی سووریا دروستکرد، لەپێگەکەشدا سەردانکەر دەتوانێت ئاشنا بێت بەمێژووی سووریا بەر لەجەنگ و بارودۆخی ئێستای سووریا، هەروەها دەتوانێت زانیاری تەواو لەسەر ئاوارەکانی ئەو وڵاتە و چۆنیەتی یارمەتیدانیان بزانێت.

پێگەکە ناوی “Searching For Syria-گەڕان بەدوای سووریا” ـیە و بڕیارە لەسەر پێگەی فەرمی گووگڵیش لەچەند وڵاتێکی دیاری کراو دەربکەوێت بۆ ئەوەی خەڵکیی زیاتر بەو وێرانکاری و کارەساتانەی سووریا بزانن، جگە لەوەش پێگەکە یارمەتیدەرێکی باشی ئاوارەکانی ئەو وڵاتە دەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی یارمەتییان بدەن و شوێنیان بۆ دابین بکەن، ئەمەش لەڕێگای نیشاندانی سێ ڕێگا بەسەردانکەر بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات کە بریتیین لە بڵاوکردنەوەی پێگەکە، یارمەتیدان لەڕێگای پارە و هەروەها بوون بەئەندام و یارمەتیدەر لەڕێکخراوەکە.

پێگەی ناوبراو وەڵامی پێنج پرسیار دەداتەوە کەلەلای خەڵک دروست دەبێت و ئەوانیش بریتیین لە:”سووریای بەر لەجەنگ چۆن بوو؟”، “چی لەسووریا ڕوودەدات؟”، “ئاوارە کێیە؟”، “ئاوارە سوورییەکان بەرەو کوێ دەڕۆن؟” هەروەها “چۆن دەتوانم یارمەتی ئاوارە سوورییەکان بدەم؟”، ئەمە جگە لەوەی کە پێگەکە لەڕێگای وێنەی ٣٦٠ پلەوە سەردانکەر بەو شوێنانە ئاشنا دەکات کە بەهۆی جەنگەوە لەناوچوون، لەگەڵ بوونی چەندەها تایبەتمەندی و وێنەی تر کە ئاشنات دەکەن بەکارەساتەکانی سووریا. پێگەکە لەئێستادا بە چوار زمان (ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانی و ئەڵمانی) بەردەستە و لەماوەی داهاتوودا چەند زمانێکی تری بۆ زیاد دەکرێت.

سەرچاوە :
تاگەکان گووگڵ هەواڵ
بۆچونی تۆ