ئەندرۆید
25, ئایار 2017
شاومی Mi Max 2ـی ڕاگەیاند کە خاوەن پاترییەکی زەبەلاحە
ئەمڕۆ کۆمپانیای شاومی نەوەی دووەمی مۆبایلی می ماکسی ڕاگەیاند کە زیاتر لە ٣ ملیۆن دانەی لێ فرؤشراوە، مۆبایلە نوێیەکە بە پرۆسێسەری سناپدراگۆن ٦٢٥ی ١٤ نانۆ مەتری کار دەکات کە وزەیەکی زۆر کەم بەکار دەبات، هەروەها خاوەن پاترییەکە بە فراوانی ٥٣٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێر! بۆیە پێشبینی دەکرێت تەمەنی پاتری مۆبایلەکە ئێجگار نایاب بێت.
قەبارەی ڕوونمای مۆبایلەکە هەر وەک هی نەوەی یەکەم ٦.٤٤ ئینچە، ڕامی مۆبایلەکە ٤ گێگابایتە و بیرگەی ناوەکی مۆبایلەکەش بە هەردوو فراوانی ٦٤ گێگابایت و ١٢٨ گێگابایت بەردەستە.
کامێرای می ماکس ٢ ڕونییەکەی ١٢ مێگاپیکسڵە و قەبارەی هەر پیکسڵێکی ١.٢٥ مایکرۆمەترە، هەستەوەری کامێراکە لە جۆری IMX386ە کە بەرهەمی کۆمپانیای سۆنییە.
مۆبایلەکە خاوەن تایبەتمەندی بارگاوی کردنەوەی خێرایە لە جۆری Quick Charge 3.0، شاومی دەڵێت لە ماوەی کاتژمێرێکدا پاتری مۆبایلەکە بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ بارگاوی دەبێتەوە.
هەستەوەری پەنجەمۆر دەکەوێتە دواوەی مۆبایلەکە و لە پێشەوەش هەستەوەرێک هەیە کە ڕۆڵی دوگمەی ماڵەوە دەگێڕێت، جگە لەمانەش دوو بڵندگۆی ستێریۆ و دەرچەیەکی USB Type-C بوونیان هەیە و لاشەی مۆبایلەکە لە کانزا دروست کراوە.
نرخی مۆبایلەکە لە چین:
١٦٩٩ یوان (٢٤٧ دۆلار) بۆ بیرگەی ٦٤ گێگابایت
١٩٩٩ یوان (٢٩١ دۆلار) بۆ بیرگەی ١٢٨ گێگابایت

سەرچاوە :
- gsmarena.com
- techcrunch.com
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
دە ستە کانت خۆشبێت