ئای ئۆ ئێس 4, حوزه‌یران 2017

گرنگترین ئەو بەرهەمانەی پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەی WWDC17 ـی ئەپڵ نمایش بکرێن

وا بڕیارە ئەمشەو کۆنگرەی ساڵانەی گەشەپێدەرانی کۆمپانیای ئەپڵ ناسراو بە (WWDC) بەڕێوەبچێت، کۆنگرەکە ساڵانە و لە مانگی شەشدا بەڕێوەدەچێت و بە هەزاران گەشەپێدەری سیستەمی ئای ئۆ ئێس بەشداری تێدادەکەن بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندازیارە گەورەکانی کۆمپانیاکە لەبارەی کار و پڕۆژەکانیانەوە و وەرگرتنی نوێکارییەکانی کۆمپانیاکە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر بەرهەمەکانی، ئەم کۆنگرەیە لە سەنتەری مۆسکۆن وێست لە ویلایەتی سانفڕانسیسکۆی ئەمریکا لەکاتژمێر ٨ ی ئەمشەو بەکاتی هەولێر دەستپێدەکات و تاوەکوو ڕۆژی هەینی درێژەی دەبێت.

-گرنگترین ئەو بەرهەمانەی کە چاوەڕواندەکرێت لە کۆنگرەکەدا بخرێنەڕوو ئەمانەن:

  • iOS 11
    لە کۆنگرەکەدا زیاتر جەخت لەسەر خستنەڕووی وەشانی نوێی سیستەمی وەگەڕخەری مۆبایلەکانی کۆمپانیاکەیە بەناوی ئای ئۆ ئێس 11، کە ئەپڵ کار لەسەر بەرەو پێشبردنی ئەپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات وەک فەیسبووک و سناپچات و ئینستەگرام و هتد… گۆڕینی دیزاینی ئەپەکان و ڕوکاری بەشێکی زۆری سیستەمەکە و بەرەوپێشردنی زیاتری ئاسایشەکەی، ئەوەش ئاشکرایە سەرەتا بۆ گەشەپێدەران دەخرێتە بەردەست تاوەکوو تاقیکاری تەواوی لەسەر بکرێت و بێکێشە بخرێتە بەردەست بەکارهێنەران.
  • MAC OS 10.13

کۆنگرەکە تەنها گرنگی بە مۆبایەکانی ئایفۆن و ئای پاد نەداوە و ئەپڵ لە کۆنگرەکەدا وەشانی نوێی سیستەمی وەگەڕخەری ماک دەخاتە بەردەست کە ساڵی پێشوو ناوەکەی لە OS X ـەوە گۆڕی بۆ MAC OS کە بریتی دەبێت لە وەشانی نوێی ژمارە 10.13 و چاوەڕێ دەکرێت نوێکاری گەورە و گرنگ بخرێتە بەردەست.

  • TVOS 11 و WATCHOS 4

بێگومان بەرهەمەکانی ئەپڵ زۆرن و لەپاڵ iOS11 و macOS 10.13 چاوەڕواندەکرێت وەشانی نوێی سیستەمی وەگەڕخەری تەلەفزیۆنەکانی بەناوی tvOS 11، و وەشانی نوێی کاتژمێرە هۆشمەندەکانی بەناوی watchOS 4 بخرێتەبەدەرست، پێشبینی دەکرێت نوێکاری و تایبەتمەندی زیاتر و باشترکردنی ئەو دوو سیستەمە لە خۆبگرێت.

  • بیستۆکی زیرەکی سیری

سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن ئەپڵ کار لەسەر درووستکردی ئامێری ناوماڵ دەکات کە سیری پشتگیری دەکات هاوشێوەی هەریەک ئامێرەکانی گووگڵ هۆم و ئەمازۆن ئیکۆ، کە چاوەڕوان دەکرێت بەهاوکاری کۆمپانیای بەناوبانگی بیستۆکی Beats تاکوو کردارەکانی دەنگی ئەنجام بدات، لەڕێی دووگمەیەکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

  • ئایپاد – پڕۆ
    بەپێی سەرچاوە پێشبینی کراوەکانی (مینگ چی کو) ئەپڵ پلانی هەیە لە کۆنگرەکەدا تابلێتێکی نوێ بەناوی ئایپاد پڕۆ ڕابگەیەنێت، چاوەڕێ دەکرێت ئایپادەکە ڕونماکەی 10.5 ئینج بێت کە ئای پادی ‌پێشوو 9.7 ئینج بوو. هەروەها ئای پادەکە لەسەر پڕۆسێسەرێکی نوێ و باشتر کاردەکات، کامێرای باشتر کراوە، هەروەها خاوەنی پێنوسی نەوەی دووەمی تایبەتی ئای پاد دەبێت.

هەموو ئەم زانیارییانەی سەرەوە پێشبینی کە ئاماژەمان پێدا تەنها پێشبینین و دەزانین کەوا کۆمپانیای ئەپڵ زانیاری پێشوەختە بەدەگمەن بڵاودەکاتەوە لەسەر بەرهەمەکانی، کۆی زانیارییەکان پێشبینی پێگە گەورە تەکنەلۆژییەکانن و کۆنگرەکانی پێشووی WWDC بوونەتە هەوێنی ئەم زانیارییانە بۆ ئەوەی بزانرێت چییان تێدا دەخرێتە ڕوو.

کەی ئای تی ئێن هەوڵدەدات بەدرێژایی ڕۆژانی کۆنگرەکە ڕووماڵی تایبەتی بکات و بەبابەت و پەخشی ڕاستەوخۆ خوێنەرانی لەڕووداوەکانی کۆنگرەکە ئاگاداربکاتەوە، ئەمشەویش لەپەڕەی فەیسبووکی کەی ئای تی ئێنەوە لەڕێگای پەخشی ڕاستەوخۆوە ڕووماڵی کۆنگرەکە دەکرێت، ئێوەش لەگەڵمان بن بۆ ئەوەی لەڕووداوەکانی کۆنگرەکە بێبەش نەبن!

بۆچونی تۆ