ئای ئۆ ئێس

ڕێبەرێک دەربارەی کامێرای مۆبایل، زۆرترین زانیاری لەسەر کامێرای مۆبایلەکانمان(زستانی ٢٠١٩)

 

ئەگەر لێتان بپرسم چ لایەنێکی مۆبایلەکانتان زۆر گرنگە لاتان؟ یاخود لە چ لایەنێکی ئێستای مۆبایلەکەت ڕازی نیت و دەتەوێت لە مۆبایلی داهاتووت باشتربێت؟ پێم وایە وەڵامی زۆرینەتان کامێرا و تەمەنی پاتری بێت، کێشەکە ئەوەیە شتەکان بەو شیوەیە نین کە زۆرینەی خەڵک تێیگەیشتوون! قەبارەی ڕام و ژمارەی ناوکەکان لە خێراییدا، فراوانی پاتری لە تەمەنی پاتریدا و ژمارەی پیکسڵەکان و ڕوونی(مێگاپیکسڵ) لە کامێرادا مشتێکن لە خەرمانێک! لەم بابەتەشدا باس لە کامێرای مۆبایل دەکەم کە کۆمەڵێک شتی زۆر لەخۆدەگرێت بەڵام بەداخەوە خەڵکێکی زۆر تەنها مێگاپیکسڵ لێکدەدەنەوە.

گرنگترینی ئەو لایەنانەی کار دەکەنە سەر کامێرای مۆبایلەکانمان:

١-ڕوونی و ژمارەی پیکسڵەکان(مێگاپیکسڵ):

ئایا مێگاپیکسڵ چییە؟ مێگا واتا ملیۆنێک، مێگاپیسکڵ واتا ملیۆنێک پیکسڵ، کاتێک کامێرای مۆبایلێک ژمارەی پیکسڵەکانی زیاترە لە دانەیەکی دیکە ئەمە واتای ئەوە نییە کە لەو باشتربێت و وێنەی جوانتر و جۆرایەتی(Quality) بەرزتر بگرێت، قازانجی سەرەکی مێگاپیکسڵی زۆر بۆ کاتی چاپکردنی وێنەکانمانە، هەروەها بۆ کاتی بڕین(Crop)ی وێنەکانمانە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەرە وێنەکانمان دوای بڕینیش ڕوونی و وردەکاری(Details)یەکی باشیان هەبێت.

٢-قەبارەی پیکسڵەکان:

ئەو چەند ملیۆن پیکسڵەی کامێرای مۆبایلەکەت پێکدەهێنن قەبارەی تایبەت بە خۆیان هەیە کە بە مایکرۆمەتر دەپێورێت(یەک ملیۆن مایکرۆمەتر یەکسانە بە ١ مەتر)، قەبارەی پیکسڵەکان گرنگە و کاریگەری خۆی هەیە لەسەر کامێرای مۆبایلەکانمان، بە شێوەیەک کە قەبارەی گەورەتری پیکسڵەکان دەبێتە هۆی هەڵمژین و وەرگرتنی ڕووناکی زیاتر، ئەمەش بێگومان زۆر بەسوودە بۆ وێنەگرتن لە شەو و لە شوێنە تاریکەکاندا، بۆ نمونە پیکسڵێک بە قەبارەی ١.٤ مایکرۆمەتر دوو هێندەی پیکسڵێکی ١ مایکرۆمەتری ڕووناکی وەردەگرێت، کۆمەڵێک لە باوترین قەبارەکانی پیکسڵ لە هەستەوەری کامێرای مۆبایلەکانمان(بە مایکرۆمەتر) بریتین لە :(١.١٢، ١.٢٢، ١.٢٥، ١.٤).

٣-قەبارەی هەستەوەر(Sensor size):

قەبارەی هەستەوەری کامێراکانیش لایەنێکی زۆر گرنگە و کاریگەری زۆری هەیە، هەروەها تێگەیشتنی هێندە قورس نییە، هەستەوەری گەورەتر ڕووبەرێکی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی ڕووناکی بکەوێتە سەر و کۆبکرێتەوە، قەبارەی هەستەوەرەکانی کامێرای مۆبایل بە ئینج دەپێورێن، بەڵام لەبەر ئەوەی قەبارەی هەستەوەرەکان ناگاتە تەنانەت ١ ئینجیش(جگە لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنی وەک مۆبایلی Panasonic Lumix CM1 نەبێت) قەبارەکان بەشێوەی بەشێک لە ئینج دەردەبڕدرێن وەک:(1/4″, 1/3″, 1/2.3″)، بە شێوەیەک کە هەستەوەرێک بە قەبارەی ١ لەسەر ٣ی ئینجێک گەورەترە لە هەستەوەرێک بە قەبارەی ١ لەسەر ٤ی ئینجێک، یاخود بە شێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین هەتاوەکوو ئەو ژمارەیەی دیکە کە لە تەنیشت ژمارە یەکە بچوکتربوو ئەوا هەستەوەرەکە گەورەترە، هەروەها قەبارەی هەستەوەر پەیوەستە بە مێگاپیکسڵ و قەبارەی پیکسڵەکان بەشێوەیەک کە ئەگەر دوو مۆبایل هەمان مێگاپیکسڵیان هەبوو بەڵام یەکێکیان قەبارەی هەستەوەرەکەی گەورەتربوو ئەوا قەبارەی پیکسڵەکانیشی گەورەترە و بە پێچەوانەوە، هەستەوەری سەرەکی کامێرای Huawei Mate 20 Pro قەبارەکەی ١/١.٧ ئینجە و لە ئێستادا یەکێکە لە گەورەترین هەستەوەرەکان، هی Xiaomi Mi 9یش بە قەبارەی ١/٢ ئینج یەکێکە لە هەستەوەرە گەورەکان.

٤-تیرەی چاو(Aperture):

ئەم بەشە کراوەیی هاوێنە(Lens)ی کامێرایە کە ڕووناکی پیادا تێدەپەڕێت و هاوشێوەی گلێنە و بیلبیلەی چاو کاردەکات، تاوەکوو ئەم کونە گەورەتربێت کامێراکە دەتوانێت ڕووناکی زیاتر وەربگرێت بۆیە تیرەی چاو ئێجگار زۆر گرنگە، بە تایبەت لە کاتی گرتنی وێنەی تەنە جوڵاوەکان لە ڕووناکی کەمدا، هەروەها تیرەی چاو بە ژمارەی F دەنوێنرێت کە پێچەوانەی گەورەیی کونەکە دەنوێنێت بە شێوەیەک ژمارەی گەورەتر واتا تیرەی چاوی بچوکتر وەک لە وێنەکەدا دیارە، لە ئێستادا گەورەترین تیرەی چاوی بەدیکراو لە مۆبایلە زیرەکەکاندا بریتییە لە f/1.5 کە لە کامێرای هەندێک مۆبایلی وەک زنجیرەی Galaxy S10 و Oppo RX17 Pro و LG G8 بوونی هەیە، دوای ئەویش f/1.6 دێت کە لە مۆبایلەکانی وەک:(Huawei P20 Pro،Sony Xperia 1) بوونی هەیە، دواتریش f/1.7 کە لە کامێرای زۆر مۆبایلی وەک مۆبایلەکانی Samsung Galaxy A50 و (Samsung Galaxy A7(2018 و Oneplus 6T و چەندانی دیکەدا هەیە.

تایبەتمەندییەک کە شایەنی باسە بریتییە لە Variable Aperture یاخود تیرەی چاوی گۆڕڕاو کە لە زنجیرەکانی S9 و Note 9 و S10ی Samsung Galaxy هەیە و بە هۆیەوە هاوێنەی سەرەکی کامێرای مۆبایلەکان دەتوانێت تیرەکەی لە نێوان ٢ ژمارەی جیاواز بگۆڕێت f/1.5 بۆ ناو تاریکی و f/2.4 بۆ ناو ڕووناکی، گرنگی ئەم تایبەتمەندییە لەوەدایە کە هەرچەندە تیرەیەکی گەورەتر یارمەتیدەرە بۆ هەڵمژینی ڕووناکی زیاتر لە تاریکیدا بەڵام کەمێک لە ڕوونی و جوانی وێنەکە کەم دەکاتەوە، ئەم تایبەتمەندییە وا لە مۆبایلەکان دەکات بە شەو و لە ڕووناکی کەمدا وێنەی ڕووناک بگرن و لە ڕووناکی زۆریشدا جوانی و ڕوونی لەدەست نەدەن.

 

 

٥-فلاش:

فلاشیش بەشێکی گرنگە لە کامێرای مۆبایلەکانمان، لە ئێستادا زۆربەی مۆبایلەکان فلاشی LED بەکاردەهێنن بە پێچەوانەی چەند ساڵێک پێش ئێستا کە  فلاشی جۆری زینۆنیش تا ڕاددەیەکی زۆر بەکار دەهات لە مۆبایلەکاندا، کامێرای مۆبایلەکانی ئێستا بە زۆری خاوەن فلاشێک یان دووانی LEDن یان تەنانەت چوار! وەک لە مۆبایلەکانی iPhone Xs و Xs Max یاخود تەنانەت شەش دانەش! وەک Meizu 16 و 16 Plus، هەروەها زۆرێک لە مۆبایلەکانی ئێستا فلاشەکانیان لە جۆری Dual-Toneە کە توانایەکی باشتری هەیە.

٦-تایبەتمەندی و لایەنی دیکە:

بەدەر لەوانەی باسم کردن کۆمەڵێکی زۆر لە تایبەتمەندی و لایەنی دیکە هەیە کە لە کامێرای مۆبایلە جیاوازەکان بەدی دەکرێن و سوودی خۆیان هەیە وەک:(Optical image stabilization, Electronic image stabilization, Laser autofocus, Dual Pixel, High dynamic range, Artificial Intelligence) و چەندانی دیکەش.

٧-نەرمەکاڵا:

نەرمەکاڵاش کاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئەو وێنانەی بە کامێرای مۆبایلەکەت دەیانگریت و دەکرێت دوو مۆبایل کە خاوەن هەمان هەستەوەری کامێران بەهۆی کاری کۆمپانیا جیاوازەکان و بەهۆی (Software algorithms)ی تایبەت بە خۆیان، وێنەی زۆر جیاواز بگرن، تەنانەت زۆر جاریش نوێکردنەوەکانی مۆبایلەکان چاککاری بۆ کامێراش لەخۆ دەگرن.

٨-چیپسێت:

لەوانەیە پێتان سەیربێت بەڵام چیپسێتیش کاریگەری هەیە، چونکە چیپسێتەکان جگە لە CPU و GPU کۆمەڵێک شتی دیکەش لەخۆ دەگرن و کاریگەرییان بۆ زۆر لایەنی دیکەی مۆبایلەکانمان هەیە نەوەک تەنها هێز و خێرایی، بە شێوەیەک کە دەکرێت چیپسێتەکان پشتگیری لە هەندێک تایبەتمەندی هەستەوەرەکان نەکەن و سنورداریان بکەن، بۆ نموونە لە ڕووی ڕوونی(ژمارەی مێگاپیکسڵ) و ڕوونی تۆمارکردنی ڤیدیۆ یاخود هیچ نەبێت خێرایی گرتنی وێنەکان کەم بکەنەوە بەهۆی کەمی هێزیان.

٩-کامێرای فرە هاوێنە و جۆرەکانی:

لە ئێستادا بەکارهێنانی کامێرای فرە هاوێنە زۆر باوە و و گەورە کۆمپانیاکان لە مۆبایلەکانیان بەکاری دەهێنن، بێگومان ئەمەش سوودی خۆی هەیە، بەڵام مەرج نییە کامێرای دووانی لە کامێرا تاکەکان باشتربن و سیانییەکانیش لە دوو دانەی باشتربێت و هتد…، هەروەها کامێرا فرە هاوێنەییەکان هەموویان وەک یەکتر نین بەڵکو چەندین جۆرن و دەکرێت لە بابەتێکی جیادا لە داهاتوودا باسیان بکەین.

لە کۆتاییدا ماوە ئەوە بڵێم کە وەک دەبینن کامێرای مۆبایلەکانمان زۆر ئاڵۆزن و بە تەنها لەبەرچاو گرتنی مێگاپیکسڵ ستەم لەخۆمان دەکەین و تووشی هەڵبژاردەی خراپ دەبین لە کاتی کڕینی مۆبایلدا، بۆیە سەرەڕای هەوڵدان بۆ تێگەیشتن و زانینی ئەم زانیارییانە، شتێکی دیکە کە کڕیاران دەتوانن بیکەن گەڕان بەدوای مۆبایلە جیاوازەکان و سەیرکردنی پێداچوونەوەکانیانە لە ماڵپەڕە جیهانییەکان و کەناڵە بەناوبانگەکانی یوتیوب کە پێداچوونەوەی لەم شێوەیە دەکەن و لە ئێستادا ژمارەیان زۆرە.

 

 

14 ته‌مموز، 2017
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
341