ئای ئۆ ئێس 15, ته‌مموز 2017

چۆن وابکەین ئەو پێداویستیانەی مۆبایل کە دەیانکڕین زیان بە مۆبایلەکەمان نەگەیەنن

 

ئەم بابەتە زیاتر لەگەڵ بارودۆخی ئەم وڵاتەى ئێمە دەگونجێت، بە پێویستیشم زانی دەربارەی بنووسم چونکە بە گشتی خەڵک ئەم جۆرە کێشانەیان ھەیە، کە چەند کێشەیەکە زۆربەی خەڵک دەناڵێنن پێوەی.

١. بۆچی لەوەتەی بارگاویکەرەوەیەکی نوێم کڕیوە مۆبایلەکەم گەرم دەبێت؟

٢. بۆچی ژمارەی میلی ئەمپێرەکان(mah) لەسەر بانکی وزە (power bank ) زۆر زیاترە لەوەی دەیدات؟

٣. بۆچی لەوکاتەی بارگاویکەرەوەکەم گۆڕیوە پاتری مۆبایلەکەم ھاوسەنگیەکەی لەدەست داوە؟

  • ١. ( بانکی وزە )

بۆیە سەرەتا ئەم جۆرەم ھەڵبژارد چونکە کێشەی زۆری لێدەکەوێتەوە ئەگەر بەکارھێنەر نەزانێت چۆن بەکاری بھێنێت، بانکی وزەش ئامێرێکی گرنگە بە تایبەت لە وڵاتی خۆمان لەبەر کەمی کارەبا کە لەڕێیەوە پاتری مۆبایلەکانمان بارگاوی دەکەینەوە، سەرەتا پێویستە بزانین چ جۆرێک بکڕین باشە جا کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات، چونکە زۆر جۆر ھەن لە ژێر ناوی کۆمپانیا باشەکان خراپ درووست دەکرێن وەک (ڕیماکس،سامسۆنگ،کۆمپانیا ئەمریکیەکان) چەندان و چەندانی تر. یەکەم ھەنگاو پێویستە بیر لەوە نەکەیتەوە کەوا جۆرێکی ھەرزان کە میلی ئەمپێری زۆرە باش بێت، چونکە ئەو ڕێژەیەی لەسەری نووسراوە زۆرجار ڕاست نییە و بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک بۆ زیاتر پارێزگاری لە گواستنەوەی بارگەکان لە بەشێکی کەمی بانکی وزەکاندا ھەی و زیاتر لە جۆرە تایبەتمەندی بەرزەکان ھەیە. زۆرجار بێ بایەخ درووست دەکرێن کە زیانێکی زۆر بە پاتری مۆبایلەکانمان دەگەیەنن، لەدوای جۆری باش بگەڕێ گەرچی گرانیش بێت با سوودی لێوەرگریت و زیانت لێ نەدات! پاشان چەند جۆرێک ھەیە یەک دەرچە یان چەند دەرچەیەکیان ھەیە، ئەوەی پێویستە بیزانیت ئەوەیە کە ئایا توانستی ھەریەک لە دەرچەکان چەندە، زۆربەیان (2.1A، 1.5A ،1A ) لەسەر نووسراوە، وەک خودی خۆم دەرچەی ٢.١م پێ باش نییە بە شێوەیەکی نازانستی دەتوانین بڵێین کە ئەم جۆرە کاریگەری ڕاستەوخۆی نییە لەسەر مۆبایلەکانمان، یاخود پاتریەکە ناکشێت و ناتەقێتەوە بەڵام بەڵگەی زانستی گرنگە بەشێوەیەکی زانستی دەڵێین ئەم بانکی وزانەی لێرە ھەن جۆریەتیان نزمە، بە جۆرێک زۆربەیان ڕێژەیان لە ٥ ڤۆڵت زیاترە کە دەکرێت ٥.٥ بن یان زیاتر یاخود کەمتر، ئەمەش بۆ شاردنەوەی کێشەو کەمی ڕێژەی میلی ئەمپێری ئامێرەکانیانە؛ بۆیە دەڵێین بڕی زیاتری ڤۆڵت بڕی توانستی بارگاویکردنەوەکە زیاد دەکات بە جۆرێک کە ئەگەر توانستی ڤۆڵت ھەرچەند زیاد بێت توانستی دەرچەکەش لەسەدا ١٠ ی ڕێژەی توانستی ڤۆڵتەکە زیاد دەبێت، بۆیە واباشترە کە ئەم دەرچەیە تەنھا بۆ ئامێرە گەورەکانی وەک تابلێت بەکاربێت، بۆ مۆبایل واباشترە دەرچەی 1A کە لەھەمووی باشترە ياخود 1.5A بەکاربێت بە پێی جۆری ویستنی مۆبایلەکان دەکرێت جیاوازی هەبێت.

 

  • ٢. (بارگاویکەرەوە)

بارگاویکەرەوەکان لێرەدا زۆر بەشێوەیەکی ھەڵە بەکاردەھێنرێن، ھەر بۆیە وا پێویستە زانیاریمان ھەبێت دەربارەیان بۆ ئەوەی لە کێشە بەدووربین. زۆر جار کە دەڕۆینە فرۆشگایەک و داوای جۆرێکی باشی لێدەکەین جۆرێکی باشمان ناداتێ بەڵکو جۆرێکی بەھێزمان پێدەدات، زۆربەی بەکارھێنەرانی ئێرە دەیانەوێت کە بارگاویکەرەوەیەکی بەھێز و خێرا بکڕن کە ئەمە خۆی لە خۆیدا زۆر ھەڵەیە، جۆری کەللە(ئاداپتەر)ی بارگاویکەرەوەش ھەمان شتە وەک بانکی وزە، کێشەکەش لە ئێستادا ئەوەیە کەئەم جۆرە توانست بەرزانە لە بازاڕ زۆرباوە وەک نموونەکانی (ڕیماکس،مۆکزۆم،سامسۆنگ(ساختە)،لدنیۆ) چەندانی تر. ھەندێک جار تێبینی ئەوەم کردووە کە جۆری وا ھەیە توانستی دەگاتە 3A یاخود بەرزتریش کە ئەمە خۆی لەڕێژەی تابلێتدا گونجاو نییە، بۆیە زۆرجار بەکارھێنەران دەڵێن مۆبایلەکانمان زوو بارگاوی دەبێتەوە بەڵام زووش دادەبەزێت یاخود گەرم دەبێت جاری وا ھەیە دەگاتە ڕێژەی سووربوونەوە، چونکە ڕێژەی توانستی بارگاویکەرەوەکەی لە ڕێژەی ئاسایی مۆبایلەکە زیاترە، ئاستی ئاسایی چییە؟ ئەو ئاستەیە کە باشترین ڕێژەی توانستە بۆ مۆبایلەکە دانراوە پێویستە ھەموو کەسێک بیزانێت ئەم ھەنگاوەش بەم جۆرە دەکرێت:

(پەڕەی ڕێکخستنەکان>دەربارەی ئامێر>زانیاری پاتری)
(Settings>about device>battery info)

جگە لەمەش تەنھا توانستی ئەمپێر گرنگ نییە بەڵکو ڕێژەی ڤۆڵتیش گرنگە بە تایبەت لەو مۆبایلانەی پشتگیری بارگاویکردنەوەی خێرادەکەن کە ڕێژەی ڤۆلتیان پێویست بێت بۆ بارگاویکردنەوەی تەواوەتی نموونە بریتییە لە ٩ ڤۆلت یاخود 6 ھەریەکەو ڕێژەی خۆی ھەیە لە توانستی ئەمپێریش ھەروەھا.

 

 

بۆچونی تۆ