ئینتەرنێت

ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی تر لەلایەن کەی ئای تی ئێن فەرهەنگی چاتی (کوردی-ئینگلیزی، ئینگلیزی-کوردی)

فەرهەنگ؛ بریتیە لە کۆمەڵە وشەیەک لە زمانێک یان زیاتردا، هەر وشەیەک بەرامبەر ماناکەی دانراوە، لە کۆندا فەرهەنگەکان لە دوو توێی پەرتوکێکدا کۆمەڵێک وشەیان بە ماناکانیانەوە لە خۆدەگرت، کە وشەکان بە شێوەی پیتی ئەلف و بێ ڕیزدەکران بۆ ئاسان دۆزینەوەیان.

لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا فەرهەنگەکانیش چیتر لە دوو توێی پەرتووکەکاندا نەمانەوە و تێکەڵ بە تەکنەلۆژیابوون، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی فەرهەنگەکان ڕوویان لە زیاد بوون کرد و بەچەندین شێوە بڵاوکرانەوە، کە مەبەست لەمەش زیاتر ئاسانکاری کردن بوو بۆ بەکارهێنەرانی فەرهەنگەکان، بە جۆرێک ئەمجارە پێویست نەبوو کەسەکان پەڕ بە پەڕ هەڵبدەنەوە بۆ دەست کەوتنی مانای وشەکان، بەڵکوو تەنها بە نوسینی وشەی مەبەست لە خانەی گەڕانی ئەپ یاخوود نەرمەکاڵای پێویست، پڕۆگرامەکان ئەرکی گەڕانیان لە ئەستۆ دەگرت و مانای وشەی مەبەستیان دەدایەوە بە بەکارهێنەر.

لە هەوڵێکی نوێدا ئەمجارەش کەی ئای تی ئێن وەک پیشەی هەمیشەیی دەستپێشخەری دەکات لە زیاتر ئاسانکاری کردن بۆ بەکارهێنەرانی تەکنەلۆژیا، ئەمجارەش بە سود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیایەکی تایبەت کە پێی دەگوترێت (chatbot) پڕۆژەیەکی گرنگ پێشکەش بە بەکارهێنەرانی فەیسبووک دەکات، ئێستا بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە ڕێگەی بەشی مێسێنجەری فەیسبووکەوە دەتوانن سودمەندبن لە فەرهەنگی چاتی کوردستان کە یەکەمین فەرهەنگی چاتی (کوردی-ئینگلیزی، ئینگلیزی-کوردی)ـیە، کە یەکێکە لە پڕۆژە نوێکانی کەی ئای تی ئێن و لەلایەن ستافی بەشی گەشەپێدەرانی کەی ئای تی ئێنەوە (هەڵوێست ڕەسوڵ)ـەوە دروست کراوە، و پێشکەشی ئێوەی دەکەین.

چۆنیەتی بەکارهێنانی:

  1. کرتە لەم بەستەرە بکە: فەرهەنگی کوردستان.
  2. کە مێسنجەری فەیسبووکەکەت کرایەوە، Get Started دابگرە.
  3. چەند نامەیەکی خۆکارانەت پێ دەگات، لە دوای ئەوەی وشەی مەبەست وەک نامەیەک بنێرە بۆ فەرهەنگەکە ئەویش وەڵامت دەداتەوە.
  4. لە ڕێگەی Menu ـە تایبەتەکەیەوە دەتوانیت چەند کارێکیتر بکەیت وەک (ناردنی فەرهەنگ بۆ هاوڕێکانت، ناردنی ڕەخنە و پێشنیار بۆ بەڕێوبەرایەتی فەرهەنگ، چوونە ناو چاتڕومی فەرهەنگەوە(بۆ گفتوگۆی سەرهێڵ، هتد…)

ئەمانە چەند تایبەتمەندیەکی ئەم فەرهەنگەن:

  1. یەکەمین فەرهەنگی چاتی فەیسبووکە بۆ زمانی کوردی.
  2. وەرگێڕی وشە لە نێوان زمانەکانی کوردی ئینگلیزی و ئینگلیزی کوردی.
  3. پێویستی بە دابەزاندنی هیچ ئەپڵیکەیشنێک نییە بەڵکوو تەنها یەک هەژماری فەیسبووک بەسە بۆ بەکارهێنانی لە ڕێگەی بەشی نامەی فەیسبووکەوە.
  4. بەکارهێنانی بێ بەرامبەرە.
  5. ڕۆژانە فێرکاری زمانی ئینگلیزی دەنێردرێت بۆ هەموو بەشداربووەکانی.
  6. لە کاتی بوونی هەر کێشە و پێشنیار و ڕەخنەیەک دەتوانی بە ئاسانترین شێوە هەر لە ناو چاتەکەدا ئیمەیڵ بنێریت بۆ بەڕێوبەرایەتی فەرهەنگ.
  7. بوونی چاتڕووم کە بەشداربووانی دەتوانن فەرهەنگەکە لەلای خۆیانەوە بگۆڕن بۆ گروپێکی چاتی و گفتوگۆی زمانەوانی ئینگلیزی بکەن بەمەبەستی گەشەپێدانی زمان.
  8. لە ئێستادا نزیکەی ٥٥ هەزار وشە و ڕستە لەخۆ دەگرێت.

بۆچی فەرهەنگی چاتی گرنگە؟

  1. دەرچوون لە شێوە باو و دووبارەکان بۆ بەکارهێنانی فەرهەنگەکان.
  2. لە ئێستادا ڕێژەی بەکارهێنانی فەیسبووک زۆر بڵاوە بەمەش زۆرترین کەس دەتوانێت سودمەند بێت لەم فەرهەنگە، وە بۆ ئەو کەسانەی کە خەتی ئینتەرنێتیشیان نییە دەتوانن بە هێڵە فرییەکە بەکاری بهێنن.
  3. گرنگی ئەم فەرهەنگە لەوەدایە کە بە شێوەی چاتە، بەمەش تۆ وەک مێژوویەک هەموو ئەو وشانە دەمێننەوە لات کە گەڕانت بۆ کردوون، بۆ نمونە زۆر جار کە دەتەوێت بۆ چەند وشەیەک بگەڕێیت، کە بۆ وشەی یەکەم گەڕایت  و وشەی دووەمت لێدا مانای وشەی یەکەمت لەبیر دەچێتەوە، بەڵام ئەم شێوە فەرهەنگە ئەم کێشەیە چارە دەکات.

لێرەوە سپاسی تایبەتی کاک (ڕێبین علی) دەکەین کە داتابەیسی بەخشیوە بە ئێمە، وە سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە کاتی دروست کردنی ئەم پڕۆژەیەدا ئەزێتیان کێشاوە و لای خۆیانەوە تاقیانکردوەتەوە بۆ دۆزینەوەی کێشەکان.

3 ئاب، 2017