ئەپڵ
11, ئاب 2017
پێشبینی دەکرێت هواوەی لەم چارەکەدا پێش ئەپڵ بداتەوە!

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە وڵاتی تایوانەوە سەرچاوەی گرتووە پێشبینی دەکرێت لەم چارەکەی ئێستادا(کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگی ٩ کۆتایی دێت) هواوەی لە فرۆشتنی مۆبایلە زیرەکەکاندا پێش ئەپڵ بداتەوە و بچێتە پلەی دووەم، بەمەش ئەپڵ بۆ یەکەمجار لە ٢٠١١ەوە دەچێتەوە پلەی سێیەم، هواوەی پێشتر بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئامانجی ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢١ بچێتە لوتکە و لە فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکاندا بەسەر ئەپڵ و سامسۆنگدا سەربکەوێت، تا ئێستاش بە شێوەیەکی باش بەرەو ئامانجەکەی هەنگاوی ناوە.
چاوەڕێ دەکرێت لەم چارەکەدا هواوەی زیاد لە ٤٠ ملیۆن مۆبایلی زیرەک بەڕێ بکاتە بازاڕەکان بە بەراورد بە ٣٨.٥ ملیۆنی چارەکی پێشوو، لە هەمان کاتیشدا پێدەچێت فرۆشی ئایفۆن کەم بکات بە بەراورد بە ٤١.٣ ملیۆنەکەی چارەکی پێشوو، بە تایبەتیش کە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ئایفۆنە نوێیەکانن.
چارەکی پێشوو هواوەی ١١.٣٪ی بازاڕی داگیرکردبوو و یەکەمجاربوو بەو ڕاددەیە لە ئەپڵ نزیک ببێتەوە کە ١٢٪ی لەژێر دەستدابوو، ئەم چارەکەی ئێستاش باشترین هەلە تاوەکوو هواوەی بۆ یەکەمجار پلەی دووەم بگرێتە دەست!
سەرچاوە :
- phonearena.com
- macrumors.com
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.