شاومی
19, ئاب 2017
لەم ڤیدیۆیەدا Mi Mix 2 بە ڕوونمایەکی زۆر لێوار کەم دەردەکەوێت. بینەربن.

بێگومان لە ئێستادا کۆمپانیاکان قۆڵیان لێ هەڵکردووە و شەڕ شەڕی ئەوەیە کامیان بتوانێت لێواری ڕوونمای مۆبایلەکەی کەمتر بکاتەوە بەڵام لەم نێوەندەدا هیچیان وەکو شاومیان پێ ناکرێت کە وەکو یەکەم دەست پێشخەر سەرەتا لە ڕێگەی Mi Mix دەستی پێکرد. ئەوەتا ئێستاش دەیەوێت لەڕێگەی Mi Mix 2 سنورەکان ببەزێنێت و زیاتر و زیاتر بچێتە پێشەوە.
دیزایینەری بەناوبانگ ناسراو بە Philippe Starck لەسەر پەڕی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە پێی وایە ئەمە دیزایینی داهاتووی Mi Mix 2 دەبێت و ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەمجارە تەنانەت کەمتریش واتە لێواری ڕوونماکەی بە ئەندازەیەک کەم دەکرێتەوە کە تەنها هێڵێکی ڕەش لەخوارەوە هەیە و تەواو.
شایەنی باسە، لەدەرەوەی ئەم ڤیدیۆیە، تەنها زانیارییەک کە لەلایەن بریکاری کۆمپانیای می لە عێراق و کوردستان دەست ئێمە کەوتبێت ئەوەیە کە لە مانگی ١٢ ئەم ساڵ نەوەیەکی نوێی ئەم مۆبایلە لە لایەن کۆمپانیای می ڕادەگەیەنرێت و دەبێت ئەوەش بزانین ئەم ڤیدیۆیەی سەرەوە تەنها چەمکە دیزاینێکە و لەلایەن دیزایینەری ناوبراو وەکو پێشبینی ئەنجامدراوە. لەبەرئەوە بۆی هەیە شتەکان گۆڕانکاریان بەسەردابێت. بەپشت بەستن بە کاتی ڕاگەیاندنی نەوەی پێشووی می میکس، پێ دەچێت ڕاگەیاندن و دەستکەوتنی زانیاری لەسەر نەوەی نوێی می میکس زیاتری پێ بچێت وەک لەوەی پێشبینی دەکرێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!