ئەندرۆید
23, ئاب 2017
سامسۆنگ مۆبایلی گالەکسی نۆوت ٨ی ڕاگەیاند

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر ئەمڕۆ لە کۆتاییدا سامسۆنگ مۆبایلی گالەکسی نۆوت ٨ی ڕاگەیاند، مۆبایلە نوێیەکە بۆ یەکەمجار پێنوسی ئێس پێن و ڕوونمای ئینفینیتی دیسپلەی لە یەک مۆبایلدا کۆدەکاتەوە، نۆوت ٨ خاوەن ڕوونمایەکی ٦.٣ ئینچی سوپەر ئەمۆڵێدە بە ڕوونی +QHD و تایبەتمەندی HDR Premium و کارکردنی هەمیشەیی(always on display) و نوسینی تێبینییەکان بەبێ پێکردنی ڕوونماکە(screen off memos)، جگە لە تێبینی سادە دەتوانیت نامەی زیندوو بنێریت کە بریتییە لە گیفی پێکهاتوو لە نوسینی نوسراو یاخود وێنەی کێشراو بە دەستی خۆت، مۆبایلەکە و پێنوسەکەش خاوەن تایبەتمەندی IP68ن و پارێزراون لە ئاو و تۆز.

نۆوت ٨ یەکەم گالەکسی دوانە کامێرایە! دوو کامێرای ١٢ مێگاپیکسڵ بە تیرەی چاوی f/1.7 و f/2.4، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە هەردوو کامێراکە تایبەتمەندی OISیان هەیە بۆ نەهێشتنی لەرزین و جێگیرکردن، ئەمەش شتێکی نوێیە لە جیهانی مۆبایلە دوانە کامێراکان! ئەوانەی پێشتر تەنها یەک کامێرایان ئەو تایبەتمەندییەیان هەبوو، مۆبایلەکە توانای زوومی بینایی(optical zoom)ی هەیە تا ٢ هێندە، کامێرای ڕووی پێشەوەش ٨ مێگاپیکسڵە بە تیرەی چاوی f/1.7.
یەکەم مۆبایلی دوانە کامێرای سامسۆنگ خاوەن تایبەتمەندی Live Focusە کە ڕێگات پێدەدات پێش گرتنی وێنەکان و تەنانەت دوای گرتنیشیان ڕاددەی تەڵخبوونی پشتی وێنەکان بە خواستی خۆت دەستکاری بکەیت.


نۆوت ٨ دەتوانێت لە هەمان کاتدا کار بە ٢ ئەپ یاخود ٢ لەبەرگیراوە(کۆپی) لە هەمان ئەپ بکات، مۆبایلەکە خاوەن ٦ گب ڕامە و بەپێی ناوچە جیاوازەکان لەسەر پڕۆسیسەرە ١٠ نانۆمەترەکانی سناپدراگۆن ٨٣٥ یاخود ئێکزینۆس ٨٨٩٥ کار دەکات.



مۆبایلەکە لەسەر ئەندرۆید ٧.١.٢ و ڕووکاری تایبەتی سامسۆنگ کار دەکات و بێگومان پشتگیری یاریدەدەری دەنگی بیکسبی و نوێترین Gear VR و Dex workstation دەکات.
دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ مم لەناو نەبراوە و لە مۆبایلەکەدا بوونی هەیە! بیستۆکی جۆرییەتی بەرزی AKGش لەگەڵ مۆبایلەکەدان و سوود لە دەرچەکە دەبینن.
پاتری مۆبایلەکە ٣٣٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە، بەڵێ! فراوانی لە هی ئێس ٨ پڵەس کەمترە! خۆشبەختانە مۆبایلەکە پشتگیری بارگاویکردنەوەی بێ وایەر هەروەها بارگاویکردنەوەی خێراش دەکات لە ڕێگای دەرچەکەی کە لە جۆری USB Type-Cیە.
سبەی داواکردنی پێش وەختە و ڕۆژی ١٥ی مانگی داهاتوو فرۆشتن دەست پێدەکەن و مۆبایلەکە بە ڕەنگەکانی زێڕی و ڕەش و شین و خۆڵەمێشی و بیرگەکانی ٦٤ گب و ١٢٨ گب و ٢٥٦ گب بەردەست دەبێت، سەبارەت بە نرخ، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە نرخی مۆبایلەکەیە لە کوردستان و ئەوەش لە ئێستادا نادیارە.

محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.