ئەپ و نەرمەکاڵا
16, ئهیلول 2017
گووگڵ چارەسەرێکی یەکجاری بۆ ئەم کێشەیە کرد!

زۆرکات کە بەمەبەستی گەڕان بەدوای زانیاریدا کۆمەڵە ماڵپەڕێک دەگەڕێین و ژمارەیەک تاب دەکەینەوە و لەناکاو دەنگی ڤیدیۆیەک هەراسانمان دەکات کە لە یەکێک لە ماڵپەڕەکان ڤیدیۆکە بەشێوەیەکی خۆکارانە لێدەدرێت و هەندێک جاریش دەنگی دوو ڤیدیۆ تێکەڵ دەبن، کە هەریەکەیان لە تابێکی جیاوازدا کراوەتەوە ،ئەمە شتێکی زۆر بێزارکەرە کە بەکارهێنەرانی مۆبایل و کۆمپیتەر تێیدا هاوبەشن و تا ئێستا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە.

بۆیە گووگڵ دەیەوێت بە دوو وەشان ئەم کێشەیە بەیەکجاری چارەسەر بکات لە وێبگەڕی گووگڵ کڕۆم و پلانەکەی بریتییە لە:
گووگڵ لە مانگی یانزەی ئەمساڵدا وەشانی ٦۳ بۆ وێبگەڕی گووگڵ کڕۆم بڵاودەکەتەوە کە لەم وەشانەدا توانای ئەوە دەدات بە بەکارهێنەر کە هەر ڤیدیۆیەکی هەر ماڵپەڕێک لە هەر تابێک بێت بێدەنگ بکات کە ئەمە بیرۆکەیەکی باشە بەڵام بۆ ئەوکەسانەی کە هێڵی ئینتەرنێتەکەیان سنوردارە ئەمەش دەبێتە کێشە چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بێئەوەی ئاگاداربن ڤیدیۆکان لێبدرێن و ئەمەش وادەکات کە باڵانسەکەی بەفیڕۆ بڕوات.
هەروەها وا بڕیارە لەوەشانی ٦٤دا گووگڵ تایبەتمەندی خۆکارانە لێدانی ڤیدیۆی هەر ماڵپەڕێک بوەستێنێت لە وێبگەڕەکەیدا و تا بەکارهێنەر خۆی کرتە لەسەر ڤیدیۆکە نەکات لێنادرێت و ئەم وەشانەش بڕیارە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو بەردەست بێت.
سەرچاوە :
- Chromium Blog
- Android Authority
پەنهان ئەحمەد
ناوم پەنهان ئەحمەدە و خوێندکاری بەشی تەکنەلۆژیای زانیاریم، وەکو نوسەرێکی پێشکەوتوو لەم ماڵپەڕە کاردەکەم و ئامانجم ئاشناکردنی کوردە بەم زانست و جیهانە نوێیە کە بەبەراورد بە بوارەکانی تر بەشێوەیەکی ئەوتۆ گرینگی پێنادرێت، یارییە ئەلیکترۆنیەکان بەشێکی تری خولیاکانی منە و بەشێوەیەکی بەردەوام ئاگاداری تازەترین هەواڵەکانی ئەم جیهانەم.