ئەپ و نەرمەکاڵا
27, ئهیلول 2017
بەڕاشکاوى؛ ڕاشکاوانە بۆچوونەکانت دەگەیەنێت!

بێگومان گشتمان لەماوەى پێشوودا ئاشناى پێگەیەکى نوێ بووین لە جیهانى ئینتەرنێتدا ئەویش پێگەى (سەراحە) بوو -کرتە بکە-، کە ئەرکى گەیاندنى دید و بۆچوونى دۆست و هاوڕێیانە بەیەکترى. بەڵام ئەمجارە پێگەیەکى کوردى هاوشێوەتان پێدەناسێنین کەوا هاوئەرکى سەراحەیە بەڵام بەقاڵبێکى جیاوازتر و تایبەتمەندى زێدەترەوە.
(بەڕاشکاوى یاخود Frankness)؛ پێگەیەکى نوێی کوردییە و یارمەتیت دەدات بۆچوونى هاوڕێ و دۆستانت بزانیت و لەهەمان کاتیشدا بۆچوونى خۆت بگەیەنیت. دامەزرێنەرى پێگەکە گەنجێکى کوردە بەناوى (بەختیار عومەر) کە خوێندکارى بەشى زانسى کۆمپیوتەرە و وەڵامى چەند پرسیارێکمان دەداتەوە.
بەختیار؛ دەربارەى ئەوەى بەڕاشکاوى چییە و چۆن چۆنییە، دەڵێت: “بەڕاشکاوى پێگەیەکە، ئەرکى نامەناردن و گەیاندنى دید و بۆچوونە لەگەڵ کەسانى دەوربەر بەشێوەیەکى (نەناسراو)، واتە دەتوانیت ئەو شتانە ببیستیت لەچواردەورەکەتەوە کە ناتوانن بەڕاشکاوى و ڕووبەڕوو پێتى بڵێن، دەتوانن بەبێ ئەوەى بزانرێت کێن لەپێگەکەدا پێتى بڵێن”
پرسیمان کەوا بیرۆکەى پێگەى بەڕاشکاوى چۆن بەهزرى بەختیاردا هاتووە؟! دەڵێت: “بینیم خەڵکى زۆر سەراحە بەکاردەبات و حەز بەوە دەکەن کەوا وەڵامى پەیام و نامەکان بدەنەوە، بۆیە منیش بیرم لەوە کردەوە پێگەیەکى هاوشێوەى سەراحە دروست بکەم بەڵام بەتایبەتمەندى زیاتر و باشتر، کە هەمان کارى سەراحە بکات بەتایبەتمەندى زێدەترەوە.”
کەوابێ ئەو تایبەتمەندییانەى (بەڕاشکاوى) چین کە جیاى دەکاتەوە لە سەراحە؟!
- بۆچوون و پەیام ناردن بەشێوەیەکى نەناسراو، هەروەها وەڵامدانەى ئەو پەیامى ئەو کەسانەى کە بەهەژمارى خۆیان پەیامیان نوسیووە کە ئەمە لە سەراحەدا نییە.
- بەڕاشکاوى بەشى (پرسیارەکان)ى هەیە، کە تێیدا کۆمەڵێک پرسیار دەربارەى کەسایەتى ئامادە کراون و دەوروبەرت دەتوانن وەڵامى پرسیارەکان بدەنەوە بەبێ ئەوەى ناسنامەیان دەرکەوێت.
بەختیار کە دامەزرێنەرى پێگەکەیە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەوا لەپلانیدایە پێگەکە پێشبخات و تایبەتمەندى زیاترى بۆ جێگیر بکات. هەروەها لەئێستاشدا لەناو کۆگاى گوگڵ پلەى و ئەپ ستۆر دەتوانن ئەپڵیکەشنى پێگەکە دامەزرێنن لەنێو مۆبایلەکانتاندا.
کرتە بکە بۆ چوونە نێو پێگەى (بەڕاشکاوى)
بۆ زیاتر ئاشنابوون بەچۆنیەتى کارکردنى پێگەکە، بینەرى ئەم ڤیدیۆیە بە:
دیاری شێرزاد
"خوێندکارى بەکالۆریۆسى زمان و ئەدەبى (ئینگلیزى)م لە ز.سەڵاحەددین، هاوکات بەڕیوەبەرى نووسین و نوسەرم لە کەى ئاى تى ئێن؛ به شێوهیەكی گشتگیر لهگهڵ تهكنهلۆژیای تازه تێكهڵم، به تایبهتیش له سیستهمى وەگەڕخەرى مۆبایلە هۆشمەندەکان (ئەندرۆید). لەهەوڵدام بۆ ئەوەى ههموو تاكێكی كورد سوودمهندبن له تهكنهلۆژیا و شتێكی ئهوتۆ دهربارهی تهكنهلۆژیا فێرببن و لەگەڵ پێشکەوتنەکانیدا بڕۆن، هاوکات هەواڵ و بابەتە گەرمەکانى ڕۆژانەى تەکنەلۆژیا بەزمانێکى پاراو و پەتى کوردى بخوێننەوە".