10
ئەندرۆید 4, تشرینی یه‌كه‌م 2017

گووگڵ مۆبایلەکانی پیکسڵ ٢ و پیکسڵ ٢ ئێکس ئێڵی ڕاگەیاند

گووگڵ کۆمەڵێک بەرهەمی نوێی ڕاگەیاند گرنگترینیشیان مۆبایلە نوێیەکانی پیکسڵن، پیکسڵ ٢ و پیکسڵ ٢ ئێکس ئێڵ.

پیکسڵ ٢ ئێکس ئێڵ:

خاوەن ڕوونمایەکی ٦ ئینچی P-OLEDە بە ڕێژەی ١٨:٩ و ڕوونی ١٤٤٠x٢٨٨٠ پیکسڵ، لێوارەکانی مۆبایلەکە زۆر بچوک نین بەڵام بڵندگۆی ستێریۆ لەخۆدەگرن، (Circular polarizer)ێک لە ڕوونماکەدا بەکارهاتووە بۆ بینینی باشتر لە ژێر ڕووناکی خۆردا، هەروەها تایبەتمەندی پێبوونی هەمیشەیی(Always on display)ی هەیە.

ڕوونماکە پارێزراوە بە شووشەی گۆرێڵا گڵاس ٥ و لە پشتەوەش هەندێک شووشە هەیە، جگە لەوە لاشەکە لە ئەلەمنیۆم پێک هاتووە و پارێزراوە لە تۆز و ئاو(IP67).

وا دیارە هێشتا گووگڵ دوانە کامێرا بە پێویست نازانێت! لە پشتەوە کامێرایەکی ١٢ مێگاپیکسڵ هەیە بە تایبەتمەندی OIS، لە پێشەوەش کامێرایەکی ٨ مێگاپیکسڵ بە تیرەی چاوی (f/2.4) بوونی هەیە، کامێرای ئەم مۆبایلە پشت بەستنێکی زۆری بە لایەنی نەرمەکاڵا و زیرەکی دەستکرد هەیە و بە وتەی گووگڵ و ماڵپەڕی Dxomarkیش باشترین کامێرای مۆبایلە!

سناپدراگۆن ٨٣٥، ٤گب ڕام، ٦٤گب یان ١٢٨گب بیرگە، ئەندرۆید ئۆریۆ، پاترییەکی ٣٥٢٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێر و بلوتوث ٥.٠ کۆمەڵێک تایبەتمەندی ترن.

مۆبایلەکە بەم نرخانە بەردەست دەبێت بە هەردوو ڕەنگی ڕەش، ڕەش و سپی:

ئەمریکا: ٨٥٠ دۆلار، ٩٥٠ دۆلار

ئەوروپا: ٩٤٠ یۆرۆ، ١٠٥٠ یۆرۆ

بەریتانیا: ٨٠٠ پاوەند، ٩٠٠ پاوەند

 

پیکسڵ ٢:

لە ڕووی دیزاینەوە هێشتا لە ڕابردوودا دەژی بەهۆی لێوارە گەورەکانی، ڕوونماکەشی ٥ ئینچە بە ڕوونی ١٠٨٠x١٩٢٠ پیکسڵ لە جۆری Amoled، پاترییەکەشی ٢٧٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە، جگە لەوە مۆبایلەکە تەواوی تایبەتمەندییەکانی برا گەورەکەی هەیە! لەمەیاندا گووگڵ جیاوازە لە زۆربەی کۆمپانیاکانی تر.

مۆبایلەکە بەردەست دەبێت بە ڕەنگەکانی سپی، ڕەش و شین بەم نرخانە:

ئەمریکا: ٦٥٠ دۆلار، ٧٥٠ دۆلار

ئەوروپا: ٨٠٠ یۆرۆ، ٩١٠ یۆرۆ

بەریتانیا: ٦٣٠ پاوەند، ٧٣٠ پاوەند

 

هەردوو مۆبایلەکە خاوەن بیرگەی هەوری بێسنووری Google Photosن و هاوشێوەی HTC U11 دەکرێت لە ڕێگای گوشینەوە فرمانی دیاریکراو جێبەجێ بکەن وەک کارکردن بە گووگڵ ئەسیستەنت و گرتنی سێڵفی و هتد.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ