10
ئەندرۆید 16, تشرینی یه‌كه‌م 2017

هواوەی مۆبایلەکانی مەیت ١٠ و مەیت ١٠ پڕۆی ڕاگەیاند

لە کۆتاییدا هواوەی مۆبایلە چاوەڕوانکراوە نوێیەکانی ڕاگەیاند بە ناوەکانی مەیت ١٠ و مەیت ١٠ پڕۆ.

مۆبایلەکان بە پڕۆسێسەری کیرین ٩٧٠ کار دەکەن کە دروستکراوی هواوەییە و خاوەن ٤ ناوکی Cortex-A73 و ٤ی Cortex-A53یە، یەکەم پڕۆسێسەرە کە یەکەی چارەسەری گرافیکەکەی لە جۆری Mali-G72 MP12ە، گرنگترین شت دەربارەی کیرین ٩٧٠ بوونی NPUیەک و توانایەکی ئێجگار زۆرە لە بواری زیرەکی دەستکرددا، بە شێوەیەک کە ڕکابەرییەکی توندی A11 Bionicی ئەپڵ دەکات و دەکرێت گەشەپێدەران بە چەندین جۆر سودی لێوەربگرن.

لە دواوەی مۆبایلەکان دوو کامێرا هەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ لایکای ئەڵمانی کاری لەسەر کراوە، ڕوونییان ١٢+٢٠ مێگاپیکسڵە و تیرەی چاویان (f/1.6)ە و بەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ کامێرای ئێڵ جی ڤی ٣٠ خاوەن فراوانترین تیرەی چاون، تیشک خستنە سەر تەنەکان(فۆوکەس کردن) لە ڕێگای لەیزەر و فلاشی دوانی و زووم کردن تا دوو هێندە بێ لەدەستدانی ڕوونی کۆمەڵێکی ترن لە تایبەتمەندییەکان، کیرین ٩٧٠ بەهۆی تواناکانی لە زیرەکی دەستکرد و بەهۆی ئەوەی دوو ISP تیادایە دەتوانێت کۆمەڵێکی زۆر لە تەنەکان بناسێتەوە کە وێنەیان دەگریت و بە شێوەی گونجاو مامەڵەیان لەگەڵ بکات بۆ باشترکردنی وێنەکانت، لە لایەنی ڤیدیۆدا کامێراکان ئاسایین و توانای تۆماکردنی ڤیدیۆیان هەیە بە ڕوونییەکانی: [email protected], [email protected]/60fps.

لە پێشەوەش کامێرایەکی ٨ مپ بە تیرەی چاوی (f/2.0) هەیە.

پاتری ٤٠٠٠میللی ئەمپێر/کاتژمێر، بلوتوث ٤.٢(بەداخەوە کە ٥.٠ نییە)، بارگاوی کردنەوەی خێرا بە توانای ٢٢.٥ وات، NFC، دەرچەی USB Type-C و ڕووکاری EMUI 8.0ی بنیاد نراو لەسەر وەشانی ئۆریۆ کۆمەڵێکی ترن لە تایبەتمەندییە هاوبەشەکان، پاشان بێینە سەر جیاوازییەکان!

بێگومان یەکەم شت ڕوونمایە، ڕوونمای مەیت ١٠ پڕۆ بە بەراورد بە مەیت ١٠ کەمێک گەروترە(٦ ئینچ بەرامبەر ٥.٩ ئینچ)، ڕوونی نزمترە(١٠٨٠x٢١٦٠ پیکسڵ بەرامبەر ١٤٤٠x٢٥٦٠ پیکسڵ)، ڕێژەی درێژییەکەی بۆ پانییەکەی زیاترە(٩:١٨ بەرامبەر ٩:١٦) و جۆرەکەی جیاوازە(ئەمۆڵێد بەرامبەر ئای پی ئێس ئێڵ سی دی)، ڕوونمای هەردووکیان پارێزراوە بە شووشەی گۆرێڵا گڵاس و پشتگیری HDR10 دەکات.

مەیت ١٠ پڕۆ خاوەن بڕوانامەی IP67ە و پارێزراوە لە ئاو و تۆز، بەڵام مەیت ١٠ تەنها خاوەن بڕوانامەی IP53یە و پاراستنی بەرامبەر بە ئاو تەنها بەرامبەر تەڕبوونە نەک چوونە ناوی.

جیاوازییەکی تر ئەوەیە کە بەداخەوە مەیت ١٠ پڕۆ خاوەن دەرچەی بیستۆکی ٣.٥ مم و دەرچەی بیرگەی دەرەکی نییە، مەیت ١٠ ئەم کەم و کوڕییانەی نییە، لە بەرامبەردا مەیت ١٠ پڕۆ خاوەن دەرچەی ژێر سوور(IR)ە بەڵام مەیت ١٠ نا، هەروەها هەستەوەری پەنجەمۆر لە مەیت ١٠ پڕۆ لە پشتەوە و لە مەیت ١٠ لە پێشەوەیە.

تایبەتمەندییەکی تری گرنگی مۆبایلەکان بریتییە لە Easy Projection، پێشتر بینیمان کە دەتوانین لە ڕێگای ئامێری وێستگەی دێکس مۆبایلەکانی گالەکسی ئێس ٨ و ئێس ٨ پڵەس و نۆوت ٨ ببەستینەوە بە ڕوونمایەکەوە و وەک کۆمپیوتەر بەکاریانبهێنین، Easy projection توانایەکی هاوشێوە بە مەیت ١٠ دەبەخشێت، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە پێویستی بە ئامێری تایبەت نییە و تەنها لە ڕێگای کەیبڵەوە لە ڕوونما دەبەسترێت و بەو شێوەیە بەکاردێت، تەنانەت لە کاتی نەبوونی تەختەکلیک و ماوسیشدا دەتوانیت مۆبایلەکە لەبری ئەوانە بەکاربهێنیت، نایابە!

کۆتایی مانگ مەیت ١٠ بە ڕەنگەکانی قاوەیی و ڕەش و زێڕی و زێڕیی پەمەیی، مانگی داهاتوو مەیت ١٠ پڕۆ بە ڕەنگەکانی شین و خۆڵەمێشی و قاوەیی و زێڕیی پەمەیی بەم نرخانە بەردەست دەبن لە ئەوروپا:

٦٩٩ یۆرۆ بۆ مەیت ١٠ی ٤گب+٦٤گب

٧٩٩ یۆرۆ بۆ مەیت ١٠ پڕۆی ٦گب+١٢٨گب

دڵنیام لە کوردستان زۆر هەرزانتر دەبن، با چاوەڕێبین و بزانین.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ