بیروڕا
25, تشرینی یەکەم 2017
نه‌خشه‌کان و وهرگێری گووگڵ؛ دوو خزمه‌تگوزاری که ئێمه لێیان بێ به‌شین

بێگومان ئێمه‌ی کورد به هه‌وڵ و هیمه‌تی چه‌ند خۆبه‌خش و ماندوونه‌ناسێك كه به په‌نجه‌كانی ده‌ست ده‌ژمێردرێن له ڕابردوودا توانراوه زمانی کوردی له چه‌ندین خزمه‌تگوزاری سه‌ر ئینته‌رنێت جێگیر بکرێت و ئێمه‌ش به‌هۆیه‌وه سودمهندبووین و زمانی کوردیش له لیستی زمانه‌کانی جیهاندا خۆی بینیوه‌ته‌وه كه بێگومان ئه‌مه جێگه‌ی شانازییه. به‌ڵام هێشتاش کاری زۆرماوه بکرێت و له‌م نێوه‌نده‌دا پێم وایه هه‌م حکومه‌ت و هه‌میش هاوزمانانم که‌مته‌رخه‌مین و نه‌مانتوانیوه زمانه‌که‌مان به ئاسانی و به‌زوویی له خزمه‌تگوزارییه زۆر به‌سووده‌کانی ئه‌مڕۆی ناو ته‌کنه‌لۆژیا جێگربکهین.
له‌ڕاستیدا، نامه‌وێت له‌م وتاره‌م تیشک بخه‌مه سه‌ر ڕابردوو به‌ڵکو ده‌مه‌وێت ئاماژه به دوو خزمه‌تگوزاری بکه‌م که له‌ماوه‌ی گه‌شته‌که‌م بۆ وڵاتی ئیسپانیا به‌مه‌به‌ستی خوێندن زۆر سودیان پێ گه‌یاندم و ده‌توانم بڵێم وه‌کو وه‌رگێرێکی ڕاسته‌قینه و ڕێگهنیشاندهرێک سودیان پێگه‌یاندم که ئه‌وانیش هه‌ریه‌ک له خزمه‌تگوزارییه‌کانی نه‌خشه‌کان و وهرگێری گووگڵن و له‌ماوه‌ی گه‌شته‌که‌م به چڕی بهکارمهێنان و هێشتاش سودمهندم لێیان.
لێره له ئیسپانیا توانراوه له‌سه‌ر نه‌خشه به وردی شوێنه‌کان و کاتی کردنه‌وه و داخستن و ڕێژه‌ی پێویستی وێنه‌ی ئاسایی و وێنه‌ی ٣٦٠ پله‌یی له‌سه‌ر نه‌خشه‌کان جێگربکرێت تا بتوانیت شه‌قام به شه‌قام و کوچه به کوچه بێ کێشه هه‌نگاو بنێیت. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی که نه‌خشه‌کان زۆرترین بژارده‌ی هاژوتنی تێدا به‌رده‌سته له‌وانه تاکسی و هه‌روه‌ها پاس و پێ و هه‌روه‌ها پایسکیلیش. به‌وردی ماوه‌ی گه‌یشتن به شوێنی مه‌به‌ست ده‌دات و کوچه و کۆڵان و شه‌قامه‌کان به‌وردی ناونیشانیان له‌سه‌ره و وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌کانی گووگڵ بۆ عێراق و کوردستان نییه که به‌ڕاستی زۆر به‌شێوه‌یه‌کی که‌مته‌رخه‌مانه زانیارییه‌کان دانراون. ئه‌وه‌ی زۆر سه‌ره‌نجی ڕاکێشام خزمه‌تگوزاری Transitـه که خزمه‌تگوزاری گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتییه له‌ناوخۆی شاره‌کان به پاس که به‌وردی کاتی هاتنی پاسه‌کان بۆ خاڵی وه‌ستانی پاسه‌کان و کاتی ده‌رچوون و ماوه‌ی گه‌یشتنی به شوێنه‌کان تێدا دیاری کراوه. ئه‌مه وایکرد که من له‌م نێوه‌نده‌دا پاره‌یه‌کی زۆرم له تاکسی نه‌ڕوات به‌هۆی نهشارهزاییمهوه. به‌داخه‌وه ئه‌م خزمه‌تگوزارییه پێم وانییه له‌داهاتوویه‌کی نزیکدا له کوردستان و ناوچه‌که به‌رده‌ست ببێت، ته‌نها مه‌گه‌ر حکومه‌ت هاوکاربێت و سیسته‌می هاتوچۆ ڕێکبخات و هه‌نگاو بۆ ئه‌وه بنێت که ئه‌م خزمه‌تگوزارییه له‌سه‌ر نه‌خشه‌کانی گووگڵ به‌رده‌ست بکات. بێگومان تایبه‌تمه‌ندی ناوازه‌تر هه‌یه که پێم وایه ئێمه‌ی کورد که‌متر گرنگیمان پێداوه، بۆ نمونه ده‌چیته چێشخانه‌یه‌ک پێش ئه‌وه‌ی بچیت ده‌توانیت له‌سه‌ر نه‌خشه‌کان سه‌یری بکه‌یت و بزانیت خه‌ڵکی تاچه‌ند ده‌نگیان پێداوه و به‌رزیان نرخاندووه یان تا چه‌ند و بۆچی ڕه‌خنه‌یان لێ گرتووه بۆ ئه‌وه‌ی تۆش توشی کێشه نه‌بیت له‌کاتی چوونتدا. به‌کورتی سودێکی زۆر زۆرم لهنهخشهکان بینیوه و که‌مترین پرسیارم کردووه له‌خه‌ڵک بۆ ئه‌وه‌ی بزانم شوێنێک له‌کوێیه به‌ڵکو به‌هۆی نه‌خشه‌کانه‌وه به ئاسانترین شێوه پێی گه‌یشتووم و گه‌ڕاومه‌ته‌وه.
ده‌مه‌وێت باسی ئه‌وه بکه‌م که به‌ڕاستی سه‌رم سوڕما له‌وه‌ی که لێره چه‌نده گرنگی به زمانه‌که‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. مه‌به‌ستم له‌م قسه‌یه‌م ئه‌وه‌یه که ئه‌وان له‌که‌مترین شوێن زمانی تریان به‌رده‌ست کردووه ته‌نانه‌ت ئینگلیزیش که‌م ده‌بینیت، به‌م شێوه‌یه وایان کردووه که خه‌ڵکی ناچاربکه‌ن زمانه‌که‌یان فێرببێت هه‌ر له‌به‌رئه‌وه له‌ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا به ناچاری چه‌ندین وشه و ڕسته‌ی زمانه‌که‌یان فێربووم و هه‌وڵی له‌به‌رکردن و بهکارهێنانیم داوه. به‌ڵام له‌م نێوه‌نده‌شدا، خزمه‌تگوزاری وهرگێری گووگڵ ناسراو به Google Translate ئاسته‌نگه‌کانی له‌به‌رده‌م کهمکردمهوه و به ئاسانی په‌یامه‌کانی خۆم گه‌یاندووه و هه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه له‌په‌یامی به‌رامبه‌ر گه‌یشتووم. بێگومان سود بینینم له وهرگێری گووگڵ به‌هۆی زانینی زمانی ئینگلیزیه‌وه بووه نه‌ک زمانه شیرینه‌که‌ی خۆم که به‌داخه‌وه ده‌ڵێم چونکه بوونی زمانی کوردی له‌ناو ئه‌م خزمه‌تگوزارییه گه‌نجینه‌یه‌که بۆ زمانی کوردی به‌هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌رکه‌سێک له‌ناوخۆ بێت یان له‌ده‌ره‌وه سودی لێ ده‌بینێت. خۆشبه‌ختانه له ئێستادا زمانی كوردی شێوه‌زاری سۆران له هه‌نگاوی زیادکردنی ڕسته‌دایه له وهرگێری گووگڵ و به‌هیوای ئه‌وه‌ی به هه‌وڵی خه‌مخۆران ئه‌م خه‌ونه‌ش بێته دی.
له‌کۆتایدا ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بکه‌م که هه‌رکه‌سێک و لهههرشوێنکی کوردستان ویستی خزمه‌ت بکات و خشتێک بخاته سه‌ر خشتێکی تر با به به‌رپرسیارییه‌تیه‌وه و به په‌رۆشییه‌وه ئه‌م خزمه‌ته‌ی بکات بۆ نمونه که ڕسته‌یه‌ک وه‌رده‌گێریت له وهرگێری گووگڵ ئه‌وا ئه‌گه‌ر شاره‌زاییت نییه به هه‌ڵه مه‌یکه و یان له نه‌خشه‌کان کاتێک که گۆرانکاری له شتێک له شته‌کانی نه‌خشه‌کان ده‌که‌یت ئه‌وا با به‌زانیارییه‌وه ئه‌م کاره بکه‌ین. وه ده‌مه‌وێت دوپاتی بکه‌مه‌وه که خزمه‌تکردنی زمانه‌که‌مان ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌مووانه و با ئه‌مه‌ش نه‌چێته ناو گفتوگۆ و بابه‌ته سیاسی و سه‌رقاڵکه‌ره بێ بنه‌ماكانه‌وه. بمێنن به‌خێر.
تێبینی: به‌م وتاره ڕێژه‌ی وتاره‌کانم له‌سه‌ر که‌ی ئای تی ئێن ده‌گاته ٧٠٠ وتار و به‌هیوای ئه‌وه‌ی توانیبێتم خزمه‌تێک به خۆم و به هاوزمانان و زمانه‌که‌مان بکه‌م.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!