10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 2, تشرینی دووه‌م 2017 بۆچوون

تایبەتمەندییە سەرسوڕهێنەرەکانی مۆبایلەکەی ڕەیزەر لێرە بخوێنەوە!

کە باسی ڕەیزەر دەکرێت هەموومان دەزانین بابەتەکە دەبێت پەیوەندی بە جیهانی یاریکردنەوە هەبێت، چونکە ناوبانگی ئەم کۆمپانیایە لەم بوارەدا زۆر گەورەیە، بە پێی NEWZOO بێت ڕەیزەر خاوەنی پلەی یەکەمە لە سەر ئاستی بازاڕەکانی چین و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە بواری فرۆشی بەرهەمی تایبەت بە یاریکردن.

مۆبایلەکە ناوی Razer Phoneـە کە ئەم موبایلە پێدەچێت ببێتە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ڕەیزەر، لە بەرئەوەی مەبەستی سەرەکی لە دروستکردنی بریتییە لە یاریکردن و بە پێی تایبەتمەندییەکانی بێت ئامانجەکەی بە باشی پێکاوە، بە شێوەیەکی گشتی تایبەتمەندیەکانی مۆبایلەکە ئەمانەن:

١. قەبارەی ڕوونمای ئەم مۆبایلە ٥,۷ ئینچە بە ڕوونی ١٤٤٠x٢٥٦٠ QHD لە جۆری IGZO LCD کە ئەمە هەمان کۆمپانیایە ڕوونمای لاپتۆپەکانی جۆری ڕەیزەر بڵەید دروستدەکات و ئەم جۆرە ڕوونمایە تایبەتە بە ڕەیزەر و ئاستێکی بەرزی هەیە لە نیشاندانی ڕەنگەکان. وە تایبەتمەندیەکی تری ڕوونمای ئەم مۆبایلە ئەوەیە کە خێرایی تێکڕای نوێبونەوەکەی ڕوونماکەی بریتیە لە ١٢٠ هێرتز کە ئەمە بۆ یەکەمجارە لە مۆبایلێکدا بە دی بکرێت چونکە بە بەراورد به مۆبایلە ئاستبەرزەکانی تر وەک گالەکسی ئێس ٨ پڵەس و ئایفۆن ٨ پڵەس و پێکسڵە نوێیەکان جیاوازییەکی زۆر هەیە و خێرایی نوێبونەوەی ڕوونماکەیان ٦٠ هێرتزە. واتە نیوەی مۆبایلی  ڕەیزەز، کە ئەمە خاڵێکی بە هێزی مۆبایلەکەیە و بە هاوکاری تایبەتمەندی شوێنکەوتن کە لە ڕوونماکەدا هەیە واتە (Ultra Motion Screen) ئەوا مۆبایلەکە دەتوانێت گرافیکێکی زۆر بەرز نیشانی بینەر بدات بە تایبەتی لە یاریەکاندا چونکە خێرایی نوێبونەوەکە بەرزە و ئەمەش لەرزۆکی پێکهاتە جوڵاوەکانی ناو یاریەکەش کەمدەکاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە ڕاستی نزیکی بکاتەوە.

(بۆ زانیاری ئامێری Ipad pro هەمان تایبەتمەندی هەیە بەڵام ئەو دەچێتە خانەی تابلێت ئەمەی ڕەیزەر موبایلە)

٢. پرۆسێسەری مۆبایلەکە لە جۆری سناپدراگۆن ٨٣٥ـە کە لە بەهێزترین پرۆسێسەرەکانە لە ئێستادا، فراوانی ڕامەکەشی ٨ گێگابایتە لەگەڵ ٦٤ گێگابایت لە بیرگەی ناوەکی و دەکرێت بەهۆی بیرگەی دەرەکیشەوە بەرزی بکەیتەوە.

٣. کامێرای دواوەی ڕەیزەرفۆن ١٢ مێگاپێکسڵە و خاوەنی ۲ هاوێنەیە بە فراوانیەکی گەورە و فلاشی دوانی و زوومکردن تا دووهێندە، شایەنی باسە لەمەشدا ڕەیزەر شتێکی جیاواز پێشکەش دەکات، ئەگەر کەسێک بیەوێت هاوێنەی دووەم لە مۆبایلەکەی کارابکات ئەوا دەبێت لە ناو کامێراکەدا ئەو هەڵبژاردەیە کاراکات بەڵام لە مۆبایلەکەی ڕەیزەر ئەمە نیە چونکە خودکارانە کامێراکە ۲ وێنەدەگرێت و پاشان بەکارهێنەر دەتوانێت بە خواستی خۆی زووم بکات لە وێنەکە بێ ئەوەی کارای کردبێت، ئەم تایبەتمەندیە بە Seamless Zoom ناودەبرێت، هەرچی کامێرای پێشەوەشە ئەوا ٨ مێگاپێکسڵە وە ئەوەش خرایە ڕوو کە لەسەرەتادا تایبەتمەندیەکانی هێواشکردنەوەی ڤیدیۆ و باری پانۆڕاما و چەند بارێکی ترن بەدەست نابن بەڵام لەچەند مانگی داهاتودا بۆی زیاد دەکرێت.

٤.پاتری یەکێکی ترە لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم ئامێرە نوێیە چونکە خاوەنی پاترییەکی ٤٠٠٠ میللی ئەمپێر/کاتژمێرە کە بە بەراورد بە گەلەکسی ئێس ٨ پڵەس و ئایفۆن ٨ پڵەس زۆر فراوانترە و لە کۆنگرەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە توانای پاتری ئەم ئامێرە بەمشێوەیەیە:

  • ١٢،٥ کاتژمێر لە سەیرکردنی ڤیدیۆ.
  • ٦٣،٥ کاتژمێر لە گوێگرتن لە موزیک.
  • ٧ کاتژمێر لە یاریکردن کە بۆ ئەم تاقیکردنەوەیان یاری Hearthstone بەکارهێنراوە چونکە یاریەکە خاوەن گرافیکێکی بەرزە.

هەرچی بارگاویکردنی موبایلەکەشە ئەوا بۆ یەکەمجارە کە موبایلێک تایبەتمەندی بارگاویکردنی خێرای کواڵکۆم ٤ پڵەسی تیادا بەکارهاتبێت و بەو پێیەبێت دەبێت بە ماوەی یەک کاتژمیر ٨٥% پاتریەکە بارگاوی بکرێت.

دەربارەی دیزاینی مۆبایلەکە:

لاشەی مۆبایلەکە لە ئەلەمنیۆم دروستکراوە و کێشەکەی ١٩٧ گرامە کە ئەمە هەمان کێشی ئایفۆن ٨ پڵەسە و ئەستورییەکەی تەنها ٨ ملیمەترە.

خاوەن دوو بڵندگۆی جۆری ستێریۆیە کە لە ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکە جێگیرکراون و دەنگێکی بەرزیان لێوە دەردەچێت وە پشتگیری Dolby Atmos دەکات.

هەروەها هەستەوەری پەنجەمۆر لەسەر دووگمەی داگیرساندن جێگیر کراوە و وەشانی نوگەت ۷,۱,۱ ی لەسەرە و بە ڕووکارێکی تایبەت کە لەگەڵ Nova Launcher ڕێککەوتوون بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕووکارە وە ناونراوە (Nova launcher Prime Razer Edition).

نرخی ئەم ئامێرە بە پێچەوانەی گشت چاوەڕوانیەکان کە دەگووترا نرخەکەی لە ١٠٠٠$ بەرزتر دەبێت و تەنانەت لێدوانی هەندێک خەڵکیان نیشاندا دەربارەی گرانی بەرهەمەکانیان

هەموو بینەرانی توشی شۆک کرد کاتێک دەرکەوت نرخەکەی ٧٠٠$ دەبێت.

مۆبایلەکە بەر دەستە بۆ داواکردن و لە ١٧/١١ دەست دەکرێت بە گەیاندنیان و دەشتوانرێت لە ڕێگەی فرۆشگاکانی مایکرۆسۆفت ئەم مۆبایلە لە ئەمریکا و کەنەدا داوا بکرێت.

کۆنگرەکە بەرەو کۆتایی دەڕۆیشت وەک دوا سوپرایز بۆ هەمووان ئەوە خرایە روو کە جۆرێکی تایبەت لەم موبایلە کە تەنها ١٣٣٧ یەکەن لە فرۆشگاکانی ڕەیزەر و مایکڕۆسۆفت و هێڵی ٣ یاخود Three بەردەست دەبێت کە تاکە جیاوازی نێوانیان ئەوەیە لە جۆرە ئاساییەکە لۆگۆی رەیزەر رەنگی خۆڵەمێشییە بەڵام ئەمەیان رەنگی سەرەکی لۆگۆی ڕەیزەرە کە سەوزیکی تایبەتە وهیچ جیاوازییەکی تر نیە لە نێوانیان وە کۆنگرەکە بە بەخشێنی ۲ مۆبایل بە ئامادەبووان لەڕێگەی تیروپشک کۆتایی هات.

تاگەکان ڕەیزەر موبایل
بۆچونی تۆ