ئای ئۆ ئێس 2, كانونی یه‌كه‌م 2017

وەشانی 11.2 و سەرجەم گۆڕانکاری و تایبەتمەندییە نوێ و شاراوەکانی

کۆمپانیای ئەپڵ لە وەشانی ۱۱ دا بە گشتی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی زۆر ناوازەی بۆ بەکارهێنەرانی زیادکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەشانی ۱۱ کۆمەڵێک گرفتی بە ڕوونی تێدا بەدی دەکرا وای کردبوو بەکارهێنەر تا ڕاددەیەک بەکارهێنانی ئەم وەشانەی لا سەخت بێت، هەرچەندە کۆمپانیای ئەپڵ بەردەوام گرنگی بە چارەسەر کردنی گرفتەکان و تایبەتمەندی و نوێ و ئاسان دەدات بۆ بەکارهێنەرانی لە وەشانە نوێیەکان، بەڵام جێگای باسە وەشانی ۱۱ گرفتەکانی تا ڕاددەیەک بەرچاون.
ئەمڕۆ ۲۰۱۷/۱۲/۲ کۆمپانیای ئەپڵ وەشانی نوێی ۱۱.۲ی بۆ بەکارهێنەرانی ئامێرە زیرەکەکانی ئەپڵ وەشاند بە چەندین چارەسەری گرفتەکان و هەروەها چەندین تایبەتمەندی نوێ کە پێکهاتوون لە ۱۳ بەش:

  • چارەسەری کێشەی کەموکوڕی ڕۆژ لە ڕۆژژمێر دا:
    کێشەی ڕۆژی 2ی کانونی یەکەم لە ئەپڵ دا وای دەکرد کە نەت دەتوانی وەشانی ئامێرەکەت نوێ بکەیتەوە و کە تا ئێستاش ئەم کێشەیە لەوەشانی 11.1.2 دا هەر ماوە ، بەڵام خۆشبەختانە ئەم کێشەیە لە وەشانی 11.2 دا چارەسەر کراوە ، هەر بۆیە ئەگەر گرفتت هەبوو لە بەرزکردنەوەی وەشانی ئامێرەکەت و نەتتوانی وەشانی ئامێرەکەت بۆ وەشانی نوێی 11.2 دا بەرز بکەیتەوە ، ئەوا بەرواری ئامێرەکەت بگۆڕە لە بەشی ڕێکخستن دا بۆ کۆتا ڕۆژی هەفتە و ئامێرەکە بکوژێنەوە و دایگیرسێنەوە پاشان جارێکی دیکە هەوڵ بدە بۆ داگرتنی وەشانی 11.2
  • کێشەی ئەپی ژمێرۆک Calculator چارەسەر کراوە.

کێشەیەکی تر لە ئەپی ژمێرۆکدا هەبوو بەر لەوەشانی 11.2 ، ئەویش کۆکردنەوەی 1+2+3 یەکسان نەدەبوو بە 6 ، بەڵام لە وەشانی نوێی 11.2 دا خۆشبەختانە ئەم گرفتە چارەسەر کراوە.

  • تایبەتمەندی Apple Pay Cash

تایبەتمەندی نوێی Apple Pay Cash لە وەشانی 11.2 دا ئەپڵ سیستەمێکی نوێی بەرهەم هێناوە کە دەتوانی لە ڕێگای ئەپی نامەکان بەهۆی iMessage بڕە پارەی پێویست بنێریت یان وەری بگریت ، ئەپڵ ئەم کردارەی زۆر ئاسان کردووە لە ئەپی نامەکان دا، کە لەکاتی نوسینی نامەدا ئایکۆنی Apple Pay دەبینیت، وە بەهۆیەوە دەتوانی لە ڕێگای ئەو کارتانەی لە ئەپی Wallet دا پاشەکەوت کراون بڕە پارەی پێویست بنێریت، یان بە کرتە کردن لەسەر ئایکۆنەکە دەتوانی داوای بڕە پارەی پێویست بکەیت لە هاوڕێیانت.

  • خێراترین بارگاوی کەرەوەی بێ تەل بە وزەی 7.5 وات.
    تا ئێستا هەر سێ ئامێری iPhone 8 و iPhone 8Plus و iPhone X کە پشتگیری لە تایبەتمەندی بارگاوی کەرەوەی بێ تەل دەکەن هەمیشە ئەم سێ ئامێرە تاوانبار کراون بەوەی کە بە وزەی کەمی 5 وات بارگاوی دەبنەوە، بەڵام کۆمپانیای ئەپڵ لە وەشانی 11.2 دا گۆڕانکارییەکی تەواوی لەم تایبەتمەندییە دا ئەنجام داوە کە دوای بەرزکردنەوەی وەشانی ئامێرەکەت بۆ وەشانی 11.2 دەتوانی بەبڕی وزەی 7.5 وات ئامێرەکەت لەڕێگای بارگاوی کەرەوەی بێ تەلەوە بارگاوی بکەیتەوە.
  • ئاگادارکەرەوە لە ناوەندی کۆنتڕۆڵەکان (Control Center).

لەژێر وەشانی 11.2 دا ئەپڵ لە ناوەندی کۆنتڕۆڵەکان دا بۆ هەردوو بەشی وای-فای و بلوتوث کاتێک کرتە لەسەر ئایکۆنەکان دەکەیت ئەوا تەنیا پەیوەندیەکە دەپچڕێنێت بەڵام هیچ کام لەبەشی وای-فای و بلوتوز ناکوژێنێتەوە، دەبێت کرداری کوژاندنەوەی هەر یەکێک لەم دوو بەشە لەبەشی ڕێکخستنەکاندا دا ئەنجام بدەیت.
ئێستا، ئەپڵ لە تایبەتمەندی نوێ وەشانی 11.2 دا بە کرتە کردن لەسەر هەریەکێک لە بەشەکانی وای-فای و بلوتوث دا ئاگادارت دەکاتەوە کەوا ئەم بەشە لەکار دەکەوێت بۆ ڕۆژی دواتر، واتە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر نا بەڵکو تەنیا بۆ ڕۆژی دواتر لەکار دەکەوێت و لەڕۆژی دواتر دا بەشی مەبەست کارا دەبێتەوە.

  • ڕوونی لەسەر هەردوو گۆڕەڕی ئایکۆنی وای-فای و بلوتوث دا

لەوەشانی نوێی ۱۱.۲ دا ئەپڵ گۆڕانکاری تەواوی کردووە لە هەردوو ئایکۆنی وای-فای و بلوتوث دا بەم شێوەیە، ئەگەر هەر یەکێک لەم بەشانە کارابێت ئەوا ڕەنگی شین دەبێت، بەڵام ئەگەر دواخرابێت بۆ ڕۆژی دواتر بۆ پەیوەست بوون ئەوا ڕەنگی ڕووناکی سپی دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەر یەکێک لەم بەشانە لەکارخرابێت و کوژابێتەوە ئەوا ڕەنگی ڕەساسی دەبێت.

  • تایبەتمەندی نوێی Air Play 2

تایبەتمەندی نوێی Air Play 2 ڕێگات دەدات کە پەیوەست بیت بە چەندین ئامێری دەرەکیەوە، دەتوانیت دانە دانە ئامێرەکان کۆنتڕۆڵ بکەیت بەشێوەیەکی زۆر ئاسان، ئێستا ئەگەر وەشانی ۱۱.۲ بەکار دەهێنیت، ئەوا پەنجە لە خزمەتگوزاری Air Play بدە و لێرەدا لیستی سەرجەم ئەو ئامێرانە دەبینیت کە لە ڕابردوودا لەگەڵیان پەیوەست بوویت، ئەمەش تایبەتمەندیەکی ناوازە دەبێت بۆ ئامێری Apple TV.

  • باشترکردن و گۆڕانکاری لە هەندێک لە ئیمۆجیەکان.

لە وەشانی نوێی 11.2 دا ئیمۆجی نوێ بەردەست نیە، بەڵکو گۆڕانکاری لە هەندێک لە ئیمۆجیەکان دا کراوەو زیاتر گەورەکراون ئەوانیش بەشە گشتییەکان دەگرێتەوە بۆ نمونە گڵاس و کامێرا و تۆپ و زۆر زیاتر.

  • نیشاندەری ناوەندی کۆنتڕۆڵەکان لە سەر شاشەی قوفڵی ئامێری iPhone X

لە ئامێری iPhone X دا هێڵێکی نوێ و ڕوون لەژێر ئایکۆنی پاتری و هێڵی وایفای دا کێشراوە، کە بەڕاکێشانی بۆ خوارەوە ناوەندی کۆنتڕۆڵەکان وە کۆمەڵەی ئەپی بەکار هاتوو بە شێوەیەکی خێراو بەبێ هیچ گرفتێک دەردەکەوێت، بەمەش بەکارهێنەرانی ئامێری iPhone X سوپاس گوزاردەبن لەم تایبەتمەندیە نوێیەی وەشانی ۱۱.۲ دا.

  • وێنە نوێیەکان لە وەشانی ۱۱.۲ دا

سێ وێنەی ڕاستەوخۆی ناوازە بۆ ئامێری iPhone X و کۆمەڵێک وێنەی نایاب بەڕەنگی تەواو بۆ ئامێری iPhone 8 و iPhone 8Plus هەروەها وێنەی تر بۆ کۆمەڵەی ئەو ئامێرانەی پشتگیری لەوەشانی ۱۱.۲ دەکەن، دانراون.

  • گۆڕانکاری نوێ لە ئەپی TV دا.

لە وەشانی ۱۱.۲ داو لە ئەپی TV ئەپڵ دا بەشێکی نوێ زیاد بووە بۆ سەیر کردنی یارییە وەرزشیەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، هەروەها دەتوانی تیمەکانی یاریەکان لەبەشی لەبیرنەکراوەکان دا نیشانە بکەیت و بیان هێڵیتەوە، هەروەها شایەنی باسە لەوەشانی ۱۱.۲ دائەپی TV پشتگیری لە ناردنی ئاگادارکردنەوە دەکات لە هەموو هەواڵ و کردارێکی نوێ ئاگادارت دەکاتەوە، ئەگەر ئارەزووی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئەپی TV ناکەیت ئەوا لە بەشی ڕێکخستنی ئامێردا بەشی ئاگادارکردنەوەکان بکەوە لەوێدا ئەپی TV بۆ ئاگادارکردنەوەکان ڕابگرە.

  • کڕاش بوون لە ئەپەکان و خاوبوونەوەی ئامێر لە نوسینی بابەت و تێبینی لە ئەپی تێبینیەکاندا.
    هەروەک دەزانین لە وەشانی ۱۰ تا وەشانی ۱۱.۱.۲ لەسەر هەردوو بەهێزترین ئامێری iPhone X و iPhone 8 دا ئەم کێشەیە هەر ماوە جگە لەوە ئەم کێشە لەژێر ئامێرەکانی هەردوو ئامێری ناوبراو دا هەیە، کە لەکاتی نوسینی بابەت بە زمانی عربی-کوردی بە تایبەت دوای ئەوە کە بابەتەکە دورو درێژ دەبێتەوە ئامێرەکە بەشێوەیەکی بەرچاو خاو دەبێتەوە تا وای لێ دێت دەستت لەکاتی نوسین دا بە پێش تەختە کلیل دەکەوێت، هەروەها کێشەی کڕاش بوونی زۆرێک لە ئەپەکان و ئەپی تێبینیەکان بە تایبەت، ئەپڵ لەوەشانی نوێی 11.2 دا تاڕادەیەک چارەسەری ئەم گرفتەی کردووە و چاوەڕوانی ڕاپۆرتی نوێی بەکارهێنەرە بۆ تاقیکردنەوە.
  • شێوازێکی نوێ لە دەرکەوتن.

ئەپڵ لەوەشانی 11.2 دا گۆڕانکاریەکی زۆری لەدەکەوتن دا کردووە، ئەوانیش بریتین لە:

  • دەرکەوتنی ئایکۆنی کامێرا بەشێوازێکی تر و باشتر لە ئەپی نامەکان دا.
  • دەرکەوتنی وێنەی ئەلبومی گۆرانییەکان لە ناوەندی کۆنتڕۆڵەکاندا.
  • ڕەنگی شینی نوێ لە بەشی گەڕانی کۆگای ئەپاکان دا بۆ بەشی پشتەوەی نوسراوە ئاڕاستە کراوەکان.

ئەپڵ لە وەشانی ۱۱.۲ گۆڕانکارییەکی زۆری ئەنجام داوە هەروەها بەشێوەیەکی گشتی چارەسەری تەواوی ئەم کێشانە کراوە لەوەشانی ۱۱.۲ دا.

  • کاریگەری نوێی وێنە ڕاستەوخۆکان بەشێوەیەکی زۆر باش چارەسەر کراوە کەلە وەشانە تاقیکارییەکانی ۱۱.۲ دا کێشەبوو.
  • کێشەی داگرتنی میدیا لە بەشی نامەی ئەلیکتڕۆنی چارەسەرکراوە
  • چارەسەری ڕەش بوونی شاشە کراوە لەکاتی کردنەوەی بەشی ڕێکخستن لە هەندێک کات دا.
  • چارەسەری کێشەی دەرکەوتنی ئەمڕۆ و بەشی کامێرا کراوە کە لەهەندێک کاتدا کاری نەدەکرد لەبەشی شاشەی قوفڵی ئامێردا.
  • چارەسەری کارنەکردنی کۆنتڕۆڵەکانی ئەپی میوزیک کراوە لەبەشی شاشەی قوفڵ دا .
  • چارەسەری کێشەی خاو جوڵان و شوێن گۆڕینی ئایکۆنی ئەپەکان کراوە.
  • هەڵەی سڕینەوەی وێنە چارەسەرکراوە کاتێک دوای سڕینەوەش جێگا بۆ وێنەی تازە نەبوو لەبەشی خزمەتگوزاری iCloud دا.
  • کێشەی نەدۆزینەوەی ئامێر لەسەر نەخشە لە ئەپی FindMyIPhone دا کراوە.
  • چارەسەری کێشەی دەرنەکەوتنەوەی تەختەکلیل کراوە لەئەپی نامەکان دا.
  • بەشێوەیەکی تەواو چارەسەری وەستانی تەختە کلیل کراوە.
  • چارەسەری کێشەی دەرنەکەوتنی ئاگادارکردنەوەکان کراوە لەکاتی بەکارهێنانی خزمەتگوزاری VoiceOver.
  • جێگیرییەکی باشتر بۆ ئەپێ ڕۆژمێر کراوە.
  • کوالێتیەکی بەهێزتر بە تۆمارکردنی ڤیدیۆ دراوە.
  • خزمەتوزاری VoiceOver گرفتەکانی بەتەواوی لە بەکارهێنان لەنێو ئەپەکاندا چارەسەر کراوە.

بەشێوەیەکی گشتی وەشانی ۱۱.۲ چارەسەری کێشەکانی وەشانی ۱۱یە ، هەروەها بۆ کارکردنی ئامێرەکەت بەشێوەیەکی باشتر ئەوا وەشانی ئامێرەکەت بۆ وەشانی ۱۱.۲ بەرز بکەوە ئەگەر بەکارهێنەری هەر وەشانێکی لە وەشانەکانی ۱۱.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ