ئاسایشی ئەلیکترۆنی 8, كانونی یه‌كه‌م 2017

ئاسانترین و سەلامەتترین ڕێگا بۆ کڕینی bitcoin و iota

خەڵکێکی زۆر دەپرسێت کە ئایا چۆن بتوانین بتکۆین یاخود ئایۆتا بكڕین. من لێرە باسی ئەوە ناکەم کە ئەم دراوانە چین، تەنها ئەوە نەبێت کە وەک دۆلار و دینار و تومەن… دراون. Cryptocurrencyـیەکانی وەکو bitcoin و iota و data… بەهەمان شێوە دراون. بەڵام ئەم دراوانە کاغەزی نین، بەڵکو دیجیتاڵین. وڵاتان خاوەنداری نین. زۆربەشیان کەس نازانێ کێ لە پشتەوەیەتی. بەهەر حاڵ بابەتێکی درێژە و رەنگە لێرە گرنگترین باس چۆنیەتی کڕینیان بێت.

چۆنییەتی کڕینی bitcoin

ڕێگاکان زۆرن بەڵام زۆرێکیان فێڵن و وریا نەبیت پارەکەت دەچێتە گۆم. ئەوەی کە خۆم بەکاری دەهێنم بریتییە لە کڕینی bitcoin لە ڕێگای سایتی coinbase. کە هەفتانە دەتوانیت لە ڕێگای کارتی بانکییەوە کەمتر لە ۲٥۰ دۆلار بتکۆین بکڕیت. ئیتر لەم ماڵپەڕە دەتوانیت کڕین و فرۆشتن بکەیت یان ئەگەر سەکۆیەکی باشترت دۆزییەوە دەتوانیت بتکۆینەکانت بگوازیتەوە بۆ شوێنێکی تر. ماڵپەڕی تری بەناوبانگ زۆرن بەڵام زۆربەی هەرە زۆرییان داوای ناسنامەی خۆت و کۆمەڵێک پشگیریت لێدەکات کە بەدەستهێنانیان ئاسان نییە.

چۆنییەتی کڕینی iota

ئایۆتا چونکە دراوێکی نوێیە زۆر لە ماڵپەڕەکان تا ئێستا مامەڵەی پێوە ناکەن، بەڵام بەناوبانگترین ماڵپەڕ بریتییە لە bitfinex. بۆ ئەوەی پارەی دۆلاریش بخەیتە سەر هەژمارەکەت دووبارە داوای ناسنامەت لێدەکات و ١٥ رۆژێک دەخایەنێت تا چالاک دەبێت (پێ ناچێت پشگیری عێراق بکات بۆ ناسنامە) بۆیە باشترین ڕێگا بریتییە لە گواستنەوەی بتکۆینەکانت لە ماڵپەڕی coinbase بۆ bitfinex کە ماوەی ٥ کاتژمێرێک دەخایەنێت. پاشان دەتوانین بتکۆین بگۆڕیتەوە بۆ ئایۆتا.

تێبینی:

  • هەنگاوەکان ئاڵۆزن، بە تایبەت ئەگەر بتەوێت بتکۆینی زۆر بکڕیت. یاخود رەنگە هێنانەدەرەوەی پارە کێشەیەکی تر بێت بۆ دانیشتوانی کوردستان و عێراق، بۆیە وریای ئەوە بن.
  • کەمێک کاتی دەوێت تا شارەزای بەکارهێنانی ماڵپەڕی bitfinex دەبیت.
  • هەندێک لە وێبسایتەکان بە پەیپاڵ ئەم دراوانە دەفرۆشن بەڵام دەبێت وریا بیت فێڵت لێ نەکرێت، چونکە تەنانەت لە ئەوروپا و ئەمریکاش بیت، ناتوانی داوای مافی خۆت بکەیت لەبەر ئەوەی دراوەکان تا ئێستا بە فەرمی نەناسێندراون.

ئەگەر هەر بەنیازی بیکڕیت، ئەوا من پێشنیاری ئایۆتا دەکەم کە بە بڕی کەمتر لە ۱۰۰ دۆلار بیکڕیت. هیچ کەسێک نازانێت دەشکێت یان هەڵدەستێت. بۆیە بەختە کە ئایا پاش چەند ساڵ چی بەسەر دێت، بەڵام بە پێی هەندێک تایبەتمەندی بێت رەنگە نرخی بەرزبێتەوە، بە تایبەت وەک ئەوەی کە سەرنجی خستوەتە سەر بوارێکی گرنگی تەکنەلۆژیا کە ئەویشIoTsـە و رێکخراوێکی قازانج نەویستی لە پشتەوەیە و تێچووی گواستنەوەشی خۆڕاییە.

بۆچونی تۆ