10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 12, كانونی دووه‌م 2018 بۆچوون

لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕە جیاوازەکان چۆن هەژمارەکانمان دوچاری هاک دەبنەوە؟ چۆن خۆمان بپارێزین؟

بەکارهێنانی ووشەی نهێنی لاواز: یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ئەوەی هەژمارەکانمان دوچاری هێرش ببنەوە بریتیە لە بەکار‌هێنانی وشەیەکی نهێنی لاواز و نەگونجاو، لەم بابەتەی خوارەوە لیستی خراپترین وشەی نهێنی دانراوە،  بیبینن و خۆتانی لێ بە دوور بگرن.

بەکارهێنانی ۱ شێوە وشەی نهێنی بۆ زیاد لە هەژمارێک: بەکارهێنانی ۱ وشەی نهێنی بۆ زیاد لە هەژمارێک لە کاتی ڕوودانی هەر پرۆسەیەکی هاک کردن دەبێتە هۆکارێکی باش بۆ هاک کردن و دەست بە سەردا گرتنی هەژمارەکانی ترتان کە وشەیەکی نهێنی هاوشێوەیان هەیە.

بەکارهێنان و پەیوەست بوون بە هێڵی ئەنتەرنێتی نەناسراو: لەم ڕێگەیەوە زۆر جار بەکارهێنەر زۆر بە کەمی ئاگاداری ئەوە دەبێت کەوا هەژمارەکەی لە ژێر مەترسی هاک کردن دایە، باوترین جۆری هێرش بەهۆی ئەم ڕێگەیەوە بریتیە لە چاودێری کردنی بەکار‌هێنەر یان ئاڕاستە کردنی بەکار‌هێنەر بۆ  ماڵپەڕێک کە هەڵگری فایلی زیان بەخشە. زۆر جار ئەم جۆرە هێرشە لەو شوێنانە ئەنجام دەدرێت کە هێڵێکی ئینتەرنێتی گشتی تێدا بەردەستە وەک کافتریا و ڕیستۆرانت… هتد یان پەیوەست بوون بە هێڵی ئەنتەرنێتی سەرچاوە نەزانراو کە وشەی نهێنی لەسەر نییە.

لە ڕێگەی وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارانەی پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی بەکارهێنەرەوە هەیە: هەندێک کات ماڵپەڕێک دەکەینەوە یان لە پەڕێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسیاری تایبەت بە ژیانت لێ دەکرێت کە دەکرێت ببێت بە بەهانەیەکی باش بۆ هاککردنی هەژمارەکانتان. بۆ نموونە تەمەن، بەرواری لە دایک بوون، پەسەندترین (خواردن – یانە – ڕەنگ – مۆبایل) بە لاتەوە چییە؟

تووشبون بە هۆی لاپەڕەی ساختە (تەزویر): ئەم ڕێگەیە هەرچەندە کۆنە و ماوەیەکی زۆرە بەکاردەهێنریت، بەڵام بۆ کەسانێک کە لە بواری تەکنەلۆژیا سەرەتان یان زانیارییەکی ئەوتۆیان نییە دەبن بە نێچیری ئەم جۆرە تەکنیکە، بۆ نموونە کاتێک دەتەوێت بچیتە ناو هەژمارەکەت لە فەیسبووک زۆر جار دۆمەینێکی هاوشیوەی فەیسبووک بە پیتی یان پاشگری جیاواز بەکار دەهێنرێت لە بری بەکارهێنەر پەڕەی هاوشێوەی فەیسبووکی بۆ دەکرێتەوە بە دۆمەینێکی وەکو Facebook.com کە داوا لە بەکارهێنەر دەکات ناوی بەکار‌‌هێنەر و وشەی نهێنی بنووسێت بۆ ئەوەی بچیتە ناو هەژمارەکەیەوە لە کاتێکدا ئەمە تەنها پەڕەیەکی ساختەیە و زانیاری نێچیر یاخود کەسی تووش بوو رەوانە دەکات بۆ کەسی دروست کەری لاپەڕە ساختەکە.

لە ڕیگەی تووشبوونی ئامێرەکەت بە پرۆگرامێکی زیان بەخش:  لێرەدا ئامێری بەکارهێنەر تووش دەبێت بە پرۆگرامێکی زیان بەخش ئەویش بە هۆی داگرتن و دامەزراندنی پرۆگرامێک یان فایلێک لە سەرچاوەیەکی نەزانراو یان باوەڕپێنەکراوەوە، بۆ نموونە کاتێک پرۆگرامێک لە ماڵپەڕێکی نایاسایی نەناسراو دادەگریت و دا دەمەزرێنیت کە پرۆگرامێکی زیانبەخشی پێوە پەیوەست کراوە، دەتوانێت نەک تەنفا هەژمارەکانتان بگرە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت دەست بگریت بەسەر سەرجەم فایل و ئەو زانیارییانەی کە لە نێو ئامێرەکەت پاشەکەوتت کردووە.

خۆ بە دوور گرتن لەو کارانەی لە سەرەوە باس کراون دەکرێت ببن بە بەهانەیەکی باش بۆ پارێزگاریی هەژمارەکانتان چی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت یان لە ماڵپەڕ و کارە بازرگانیەکانتان.

بۆچونی تۆ