بیروڕا

تەکنەلۆژیا و خوێندن؛ ئایا ئێمە لەکڕۆکی خوێندن گەیشتوین؟ تەکنەلۆژیا لە خزمەتی خوێندن بێت یان بە پێچەوانەوە؟

دەبێت تەکنەلۆژیا لە خزمەتی خوێندن بێت یان بە پێچەوانەوە؟ ئایا ئێمە لە کڕۆکی خوێندن گەیشتووین؟ خوێندن ئامرازە یان ئامانج؟ چۆن مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ تەکنەلۆژیا بکەین؟

ئەمانە و دەیان پرسیاری تر کە دەبێت هەر یەکێک لە ئێمە لەخۆی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەم ڕۆژانەدا ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە. هەر کەسێک بیەوێت لە ژیان سەرکەوتوو بێت هەر لە سەرەتاوە دەبێت بڕیاری ئەوە بدات هەموو کاتێک ڕێگا ڕاستەکە بگرێتە بەر بێ گوێدانە زەحمەتی و درێژی ڕێگاکە. بابەتەکە زۆر لە خۆ دەگرێت من نامەوێت بچمە قوڵایی بابەتەکە بەڵکو تەنها چەند خاڵێک دەورووژێنم کە بیری داگیرکردووم.

خوێندن بۆ ئەوە نیە تۆ تەنها ساڵانە قۆناغەکان بە سەرکەوتوویی ببڕیت و شتێکی ئەوتۆش بۆ خەرمانی زانیاریەکانت زیاد نەکەیت، ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیریت بەرز نەکەیتەوە. لەو سەردەمەی ئێستاش تەکنەلۆژیا کاریگەری زۆر لەسەر مرۆڤەکان داناوە و بواری خوێندنیش پشکی شێری بەرکەوتووە، ئەگەر تۆ وابزانیت تەکنەلۆژیا دەبێت لە خزمەت خوێندن بێت، ئەوا تۆ هەڵەی پێچەوانەکەشی هەر هەڵەیە! هەردووکیان دەبێت لە خزمەت یەکتر دابن. بۆچی؟ بێنە پێش چاوی خۆت قوتابی ئێستا لە قۆناغی سەرەتایی ئەگەر تەکنەلۆژیا لە خزمەتی نەبێت ئەوا چۆن ئەو قوتابیە بتوانێت پێبگات و خزمەتی بواری تەکنەلۆژیا لە دواڕۆژ بکات؟

ئەی ئێستا چۆن تەکنەلۆژیا بتوانێت خزمەتی قوتابی بکات؟ کە ئەو نەزانێت چیە و چۆن بەکاردێت، خوێنەرانی خۆشەویست ئێمە دەبێت بزانین هەموو شتێک دەبێت لە خزمەت مرۆڤایەتیدا بێت، مرۆڤیش دەبێت بەردەوام لە خزمەت بوونی خۆی بێت. شتەکان پێویستە ڕێڕەوی خۆیان بگرن، مرۆڤەکان زۆر جار ڕاستیەکەش دەزانن بەڵام ئامادە نین جێبەجێی بکەن، هەرگیز نابێت ڕێگایەکی هەڵە بگریتە بەر بۆ بە دەست هێنانی شتێکی ڕاست! تا ئێرە بە ناڕاستەوخۆ قسەم کردووە و نامەوێت زۆر درێژی بکەمەوە، ئەوەی ویستم گوتم، تکایە ئەگەر تۆ دەتەوێت سەرکەوتوو بیت لە هەر قۆناغێک و بوارێک، هەوڵبدە تەنها سەرکەوتنی سەر کاغەز ئامانجت نەبێت بەڵکو دەبێت بەڕاستی ئەو قۆناغە ببڕیت و هەموو ئەو زانیارییانەی وەرت گرتووە بتوانیت لە ژیانی ئێستا و داهاتووت بەکاری بهێنیت و بە تەواوی لە ناخت جێگیر بووبێت. بۆ ئەوەی بەیانی بتوانیت لە ڕێگا سەختەکەی ژیانت بەکاری بهێنیت و بتوانیت دەستی کەسانی تری پێ بگریت و شانازی بە زانستەکەتەوە بکەیت، لە مرۆڤ بوونی خۆت ڕازی بیت.

تەکنەلۆژیاش هەموو کات لەخزمەت ئەو شتە بەکاری بهێنە کە دەتەوێت، بە دەستی بهێنیت بەڵام بە ڕێگا ڕاستەکەی. هەر کاتێکیش تۆ گەیشتیتە ئەو ئاستەی تۆ دەستت هەبێت لە پێشخستنی تەکنەلۆژیا ئەو کات بە هەموو توانات دەبێت داهێنان لە تەکنەلۆژیا بکەیت و خزمەتی ئەو بوارە بکەیت، نەوەک چاوت لەوە بێت تا مردن ئەو خزمەتت بکات. چونکە ئەگەر ئێمە پێشی نەخەین ئەوا بێگومان ئەو پاشمان دەخات.

ئێستا بۆمان ڕوون بۆوە ئەو ۲ شتە دژیەک نین و نابێ بڵێین: تەکنەلۆژیا VS خوێندن. بەڵکو دەبێت بڵێین: تەکنەلۆژیا و خوێندن لەخزمەت یەکتردان.

30 كانونی دووه‌م، 2018