گەرمترین
18, شوبات 2018
ماڵئاوایی لە دوگمەی View Image و Search by Image بکەن لەسەر گەڕانی وێنەی گووگڵ

ماڵئاوایی لە دوگمە نازدارەکەی بەشی گەڕانی وێنە لە گووگڵ بکەن کە لەڕێگەیەوە ڕاستەوخۆ وێنەکانمان دەکردەوە بەبێ چوونە سەرچاوەی سەرەکی وێنەکە. دوگمەکەش View Image بوو!
ئەمڕۆ گووگڵ چەند گۆڕانکارییەکی بۆ بەشی گەڕانی وێنە ڕاگەیاند کە یەکێکیان لابردنی ئەم دووگمەیەیە کە ئاماژەی پێدرا و لەڕێگەیەوە وێنە دەکرایەوە بەبێ سەردانکردنی سەرچاوەی سەرەکی. بێگومان ئەم گۆڕانکارییەش لەدوای سکاڵاکانی Getty Images دێت لەسەر گووگڵ کە پێگەی ناوبراو پێی وایە گووگڵ بەدانانی ئەم دوگمەیە مافی ئەوانی زەوتکردووە و هیچ یەکسانییەکی لەنێوان بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران دەستەبەرنەکردووە. بەڵام ئەوەتا دواجار گووگڵ لە جریوەیەکیاندا لە تویتەر ئاماژە بەو گۆڕانکارییانە دەکەن کە لە بەشی گەڕانی وێنە ئەنجامیانداوە و لەنێوانیشیاندا لابردنی دووگمەی View Imageـە.
شایەنی باسە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە Getty Images سکاڵای بەرزکردووەتەوە لەسەر گووگڵ لە یەکیەتی ئەوروپا و تێیدا هاتووە کە بەشی گەڕانی وێنەی گووگڵ بووەتە هۆی گزی و چەتەگەڕیی بەوەی کە ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن وێنەی ڕوونی بەرز بکەنەوە بەبێ ئەوەی سەردانی سەرچاوەی سەرەکی وێنەکە بکەن. جێگای باسە هەر لەسەر هەمان بابەت بەڕێوەبەری ڕاوێژکار، Yoko Miyashita، لە Getty Images دەڵێت: “ڕەفتاری گووگڵ بەشێوەیەکی خەراپ کاریگەری نەک تەنها لەسەر بەشداربووان دەکات بەڵکو لەسەر ژیان و بژێوی هونەرمەندان لەتەواوی جیهاندا لە ئێستا و لەداهاتووشدا دەکات.”
لەکۆتاییدا و بەهۆی سکاڵاکەی Getty Images، ڕێکەوتن لە نێوان ئەوان و گووگڵ لەسەر چەند خاڵێک ئەنجامدراوە و یەکێک لەمانە هەندێک گۆڕانکارییە لەبەشی گەڕانی وێنەی گووگڵ و لابردنی دوگمە زۆر پێویستەکەی ناسراو بە View Image بۆ کردنەوەی وێنە بێ ئەوەی بچیتە ماڵپەڕی سەرەکی و هەروەها لابردنی دوگمەی گەڕان بە وێنە واتە Search by Image.
لەدوا لێدوانی گووگڵدا هاتووە کە گەڕانی وێنەی گووگڵ ڕێگەیەکی نایابە بۆ ئەو خەڵکانەی زانیاری دەدۆزنەوە کە پێیان وابێت کردنەوە و گەڕانی وێنە ئەزموونێکی باشتر بێت لە دەق و نوسین. هەروەها دەڵێت دانانی یەک دوگمەی تایبەت (Visit) بۆ ئەوەی خەڵکی بباتە سەرچاوەی سەرەکی پەیوەست بە وێنەکە بۆ بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران و هەروەها ئەوانەیشی کە هەڵگری مافی بڵاوکردنەوەن باشترە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!