ئاسایشی ئەلیکترۆنی

سیستەمی ناسینەوەی ڕووخسار لە فەیسبوکدا چییە؟ پێویستە چالاک بکرێت؟

یەکێک لەو تەکنیکە نوێیانەی کە زۆر بەکاردەهێنرا لە ماوەی پێشوودا تەکنیکی ناسینەوەی ڕووخسارە (Face Recognition)ـە کە ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد لەو کاتەی کە دەرکەوت لە مۆبایلی ئایفۆن ١٠ ـدا، سەرەڕای ئەوەش بە یەکێک لەو تەکنیکانە دادەنرێت کە گۆڕانکارییەکی گەورەی دروست کردووە لە تەکنەلۆژیای نوێدا، وە بە دڵنیاییەوە هەموو شتێک کێشە و تایبەتمەندی خۆی هەیە. یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە لە ئێستادا پشتی بە تەکنیکی ناسینەوەی ڕووخسار بەستووە کۆمپانیای فەیسبوکە هەر بۆیە لەم بابەتەی ئەمڕۆدا ئاشناتان دەکەم بە کۆمەڵێک زانیاری گرنگ سەبارەت بە تەکنیکی ناسینەوەی ڕووخسار و ئایا پێویستە چالاک بکرێت لە فەیسبوکدا یاخود نا.

چۆن سیستەمەکانی ناسینەوەی ڕووخسار کار دەکەن؟

ئەم سیستمانە کاردەکەن لە ڕێگای دروستکردنی خشتەیەک بۆ جۆرەکانی ڕووخسار ئەمەش ئەنجام دەدرێت لە ڕێگای چرکاندنی وێنەیەک بە کامێرا دواتر پێوانی ئەو ماوەیەی کە لەسەر ڕووخسارە وەک ماوەی نێوان چاو و لووت و لە ڕێگای ئەو دوورییانەی کە سیستەم دەتوانێت ڕووخسارەکە بناسێتەوە ئەمەش لە ڕێگای ئەو ماوە و زانیارییانەوە دەبێت، هەروەها ئەم تەکنیکە پشتی پێ دەبەسترێت لە زۆرێک لە سیستمەکانی پاراستن یان پارەدانی ئەلیکترۆنی یاخود لە یەکەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی تاواندا، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەندێک کێشە و ناتەواوی تێدایە وەک تێپەڕاندنی سیستمی ناسینەوەی ڕووخسار لەلایەن دوو برای دوانەوە لەسەر مۆبایلی ئایفۆن ١٠ کە لە دواییشدا تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بوو هەر بۆیە پێویستە بزانیت کە هیچ سیستمێک بەڕێژەی %١٠٠ پارێزراو نییە و هەموو سیستمێک کێشە و کەلێنی خۆی هەیە.

ناسینەوەی ڕوخسار لە فەیسبوک:

ئەم تەکنیکە لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا و بڕیاردرا کە پشتی پێ ببەسترێت و بەکاربهێنرێت لە فەیسبوکدا بەڵام لەم ماوەیەدا بەشێوەیەکی فەرمی دەرکەوت لە فەیسبوکدا، ئەویش لە ڕێگای دەرکەوتنی ئاگادارییەک بوو لە پەڕەی سەرەکی بەکارهێنەران کە پێی ڕادەگەیاندن ئەو تەکنیکە لە ئێستادا بەردەستە، سوودی ئەم تەکنیکە لە فەیسبوکدا هەڵدەستێت بە ناسینەوەی ڕوخسارەکان بە نموونە کاتێک کەسێک هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکت لە هەژماری خۆیدا ئەوا فەیسبوک بەشێوەیەکی خۆکارانە ئاماژە بە تۆ دەدات لە وێنەکەدا هەتاوەکو ڕێگری بکات لە بردنی وێنەی تایبەتی بەکارهێنەران.

چالاک کردن یاخود ناچالاک کردنی ناسینەوەی ڕوخسار

گەر دەتەوێت ئەم تایبەتمەندییە گرنگە ناچالاک بکەیت ئەوا دەتوانیت بە ئاسانی ئەمە بکەیت لە ڕێگای مۆبایلی ئەندرۆیدەکەت یان کۆمپیوتەرەکەت ئەویش لە ڕێگای ڕویشتن بۆ بەشی ڕێکخستنەکان (Settings) دواتر هەڵبژاردنی ڕێکخستنەکانی هەژمار (Account Settings) پاشان ڕێکخستنەکانی ناسینەوەی ڕووخسار (Face Recognition Settings) دواتر بۆ ناچاک کردنی هەڵدەستیت بە هەڵبژاردنی (No).

لە کۆتاییدا لەوانەیە وا بڕوا بکەیت کە ئەم سیستمە زۆر گرنگە و پێویستە چالاک بکرێت بەڵام دەبێت لە لایەکی دیکەوە سەیری بکەین، ئەویش ئەوەیە کۆمپانیای فەیسبوک هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی ئەو زانیارییانەی کە کۆی کردۆتەوە دەربارەی بەکارهێنەران و دواتر هەڵدەستێت بە بازرگانی پێوە کردنیان لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی بواری ڕیکلام هەتاوەکو بتوانرێت ڕیکلامەکە ئاڕاستەی بەکارهێنەر بکرێت، هەر بۆیە لەوانەیە ئەمە لە لای زۆر کەس ناپەسەند بێت و وا دابنێت کە کاریگەری هەیە لەسەر تایبەتمەندی کەسێتی بەکارهێنەر، بەڵام بە دڵنیاییەوە تۆش ڕای خۆتت هەیە و ئەمەش بەلای ئێمەوە گرنگە، هەر بۆیە ڕای خۆتمان پێ بڵێ سەبارەت بەم سیستمە و ئایا بەکارهێنانی لە لایەن فەیسبوکەوە پەسەندە یاخود نا.

11 ئازار، 2018
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە و خوێندکارێکی یازدەی ئامادەییم، وەک نووسەرێک لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، ئامانجم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
113