هەواڵ
21, ئازار 2018
مۆبایلەکانی “BlackBerry” داخوازییەکی زۆریان لەسەرە لە لایەن مافیاکانەوە

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆرێک لە ڕۆژنامەکان ئاماژەیان بە دەستگیرکردنی دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری یەکێک لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکاندا کە کاری گۆڕانکاریکردن بوو لە مۆبایلەکانی بلاکبێری تاوەکو وای لێبکرێت بە ئاسانی هاک نەکرێت، و نەتوانرێت شوێن پێی دیاریبکرێت لە لایەن دەزگا ئاسایشییەکانەوە، ئەمەش وای کرد زۆرێک لە مافیاکان و ئەوانەی کاری نایاسایی ئەنجام دەدەن هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم جۆرە مۆبایلە بدەن.
وە بەپێی سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن دەزگای هەواڵگیری (FBI) هەستاوە بە دەستگیرکردنی (فێنسنت ڕامۆس) دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کەنەدی (Phantom Secure) ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای ناوبراو هەستاوە بە گۆڕینی پارچەی مۆبایلەکانی کۆمپانیای بلاکبێری تاوەکو ڕێگەبگرێت لە شوێن دیاریکردن لە لایەن دەزگاکانی ئاسایش ئەم کارەش دەکرا لە ڕێگای لابردنی کامێرا و خزمەتگوزاری (GPS) هەروەها دانانی هەندێک نەرمەکاڵای بە کۆدکردن بۆ مۆبایلەکە، لە دواتریشدا مۆبایلەکە دەفرۆشرێت بە مافیاکان و ئەو کەسانەی کە کاری نایاسایی دەکەن تاوەکو بتوانن چالاکییەکانیانی پێ ئەنجام بدەن، بە پێی وتەکانی دەزگای (FBI) فرۆشی ئەو مۆبایلانەی کە گۆڕانکاری تێداکراوە دەگاتە زیاتر لە 20.000 مۆبایل ئەمەش تەنها لەسەر ئاستی کۆمەڵێک دەوڵەتی وەک مەکسیک و کوبا و فەنزوێلایە.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.