ئاسایشی ئەلیکترۆنی

حوکومەتی ڕوسیا گوگڵی بلۆک کرد و پیلانی داهاتووی بۆ ڕاگرتنی فەیسبووکە

چەند ڕۆژێک لەمەو پێش حوکومەتی ڕوسیا تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلگرامی لە وڵاتەکەی ڕاگرت بەهۆکاری ئەوەی تێلگرام زانیاری پێویستی لەسەر هەژمارەکان نەداوە ڕوسیا. بەڵام وەک دیارە ڕوسیا بەمەوە نەوەستاوە و ئەوەتا هەوڵی داخستنی گوگڵ دەدات لە وڵاتەکەیدا.
کۆمپانیاکەش ڕایگەیاندووە کە تەواوی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان لەو وڵاتە ڕادەگیرێت وەکوو گوگڵ پلەی و مەکینەی گەڕانی گوگڵ و جیمەیڵ و هەروەها نوێکردنەوەکانی تایبەت بە ئەندرۆیدیش.
دەزگای چاودێریکردنی پەیوەندییەکان ناسراو بە RKN هەڵدەستێت بە بلۆککردنی پڕۆتۆکۆڵەکانی ئینتەرنێتی تایبەت بەو کۆمپانیایە لە تەواوی وڵاتەکەدا کە کار دەکەن بۆ ئەو کۆمپانیایە. بە هۆکاری ئەوەی لە نوێترین وەشانیدا تێلگرام ناونیشانی ئینتەرنێتی کەسەکانی دەگۆڕی بە شێوەیەکی خۆکارانە ئەو بڕیارە دژی تێلگرام درابوو. هەروەها دەزگاکە ڕایگەیاندووە هەر کۆمپانیا و دامەزراوەیەکی دیکە هەوڵی پەیوەستکردنی بەکارهێنەران بدەن بەو خزمەتگوازرییانەوە بەشێوەیەکی فەرمی بلۆک دەکرێن لە ڕووسیادا.
ڕوسیا بە هۆی مۆندیالی ٢٠١٨ ـی وڵاتەکەیەوە هەموو ڕێوشوێنێکی ئەمنی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی هیچ ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوونەدات بەڵام ئەم کردارانەی حوکومەتی وڵاتەکە دەبێتە هۆکاری دڵگرانی بەشداریکارانی مۆندیال چونکە زۆرێکیان پەیوەندییەکان لە گوگڵ و تێلگرامەوەیە.

هەروەها دەنگۆی ئەوەش هەیە حوکومەتی ئەو وڵاتە ئاگاداری فەیسبووکی کردووەتەوە ئەگەر لەماوەیەکی نزیکدا زانیاری هەڵگیراوی بەشداربووانی وڵاتەکەی نەسڕێتەوە کە لەوانەیە فەیسبووک سوودی لێ بینی بێت بۆ مەبەستی بازرگانی و چەندانی دیکە ئەوا حوکومەتی ئەو وڵاتە فەیسبووکیش ڕادەگرێت لە تەواوی وڵاتەکەیدا.

23 نیسان، 2018
ئاڤاتار
نوسەر و بەڕێوەبەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانم لە کەی ئای تی ئێن، لە بواری تەکنیکی پێگەکان و بەڕێوەبردنی پەیج و هەژمارەکانی دیکەدا کاردەکەم، خوێندكاری قۆناغی چوارەمی زانستی كۆمپیوتەرم. پەیداکردنی ئەزموونی زیاتر لە بواری سۆشیاڵ میدیادا خولیای منە و لەم پێگەیەوە دەمانەوێت ئێوە ئاشنا بکەین بە جیهانە جوانەکەی تەکنەلۆژیا. کرتە لە ناونیشانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانم بکەن لە وێنۆچکەکانی دەستە چەپدا.
246