10
شاومی 1, حوزه‌یران 2018 بۆچوون

کۆمپانیای شاومی ٣ جۆر لە مۆبایلی Mi 8ـی بە تایبەتمەندی بەرز ڕاگەیاند

لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان رێژەی فرۆشیان لە ساڵی ڕابردوودا ڕوو لە دابەزین کرد، بەڵام فرۆشەکانی شاومی سەقامگیری بەخۆیەوە بینی لەگەڵ هەنگاونانی باشتریان بە پشت بەستن بە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی خۆی و باشترکردنی توانستی مۆبایلەکانی و هەروەها کەمکردنەوەی نرخی مۆبایلەکانیشی، کە ئەم ستراتیژیەی تا ئێستا بەردەوامە.

بەم بۆنەیوە کۆمپانیای شاومی لە زنجیرەی می نوێترین مۆبایلی خۆی نمایشکرد کە ئەویش مۆبایلی شاومی می ٨ـە. لەڕاستیدا، ئەم نەوەیەی زنجیرەی می پێچەوانەی مۆبایلەکانی پێشە خۆیەتی چونکە سێ زنجیرەی جۆراوجۆری لێ بەرهەمهێنراوە کە شاومی می ٨ و شاومی می ٨ ئێس ئی بچووک و شاومی می ٨ (Explorer Edition) بە تەکنەلۆژیای بەرزتر.

شاومی می ٨:

ئەم مۆبایلە خاوەنی ڕوونمایەکە بە قەبارەی ٦.٢١ ئینج و بە ڕوونی ١٠٨٠×٢٢٤٨ پێکسڵ لە جۆری سوپەر ئەمۆلێدی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای سامسۆنگ بە ڕەهەندی 18:7:9 بەبوونی هەستەوەری پەنجەمۆر کە بە ڕوونماکەوە لکێنراوە> هەروەکو لەبەشی سەرەوەی ڕوونماکەیشی نۆچ (Notch)ـێک هەیە کە کامێرا و هەستەوەری ڕووناکی و بڵندگۆ لەخۆی دەگرێت.

ئەم مۆبایلە خاوەنی بەتواناترین و نوێترین پڕۆسێسەری کۆمپانیای کوالکۆمە لە جۆری سناپدراگۆنی ٨٤٥ و پڕۆسێسەری گرافیکی ئەدرینۆ ٦٣٠ـیە، وە ڕامی ٦ گێگابایت و بژاردەی ٦٤ و ٢٥٦ گێگابایت بۆ بیرگەی ناوەکی بەردەستە.

کامێرای پێشەوەی ئەم مۆبایلە ٢٠ مێگاپیکسڵە لەگەڵ بوونی ژیری دەستکرد AI بۆ چرکاندنی وێنە تایبەتەکان بە باشترین شێوە. وە هەروەها لەسەر پشتی مۆبایلەکە کامێرایەکی دوانەیی بە توانای ١٢ مێگاپیکسڵ بۆ هەر یەک لە کامێراکان هەیە، کە ئەم ژمارەیەش بێ بایەخ نیە لە کاتێکدا ئەم مۆبایلە توانیویەتی لە ئاستی وێنە لە ماڵپەڕی DXO Mark تایبەت بە هەڵسەنگاندانی کامێرای مۆبایلە هۆشمەندەکان ١٠٥ خاڵ بە دەست بهێنێت، بەو پێیەش بە پێش ئایفۆنی ئێکس کەوتووە.

جێگەی باسە، ئەم مۆبایلە توانای پاترییەکەی ٣٤٠٠ ملی ئەمپێرە و پشتگیری بارگاوی کردنەوەی خێرا دەکات لە جۆری ٤.٠.

شاومی می ٨ Explorer Edition:

ئەم مۆبایلەش لە بەشێکی تایبەتمەندییەکانی هاوشێوەی مۆبایلی سەرەوەیە، بەڵام لە بەشی پشتەوەی جیاوازتر دەردەکەوێت بەوەی بەشی پشتەوەی پێکهاتووە لە شوشەیەکی پارێزەری ڕوون کە وا لە بەکارهێنەر دەکات بەشی ناوەی مۆبایلەکە بە شێوەیەکی جوان و سەرنج ڕاکێش ببینێت. ئەم مۆبایلە خاوەنی تەکنەلۆژیای 3Dـیە بۆ ناسینەوەی ڕووخساری خاوەنەکەی و کردنەوەی قفلی مۆبایلەکە کە ئەمەش بۆ یەکەمجارە بەکار دێت لە جیهانی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان.

وە هەردوو مۆبایلەکە خاوەنی تەکنەلۆژیای GPSـی دوانەیین کە وا دەکات شوێن بە وردتر دەست نیشان بکەن،  دەگوترێت ئەمە یەکەمجارە لە مۆبایلە هۆشمەندەکان بەکاربهێندرێت. شایەنی باسە، ئەم مۆبایلە توانای پاترییەکەی ٣٠٠٠ ملی ئەمپێرە و پشتگیری بارگاوی کردنەوەی خێرا دەکات لە جۆری ٤.٠.

شاومی می ٨ ئێس ئی:

مۆبایلی شاومی می ٨ ئێس ئی بچووکترە لە ڕووی قەبارە وە نزمتر لە ڕووی تایبەتمەندی لەم دوو مۆبایلەی سەرەوە بەڵام لە بەرامبەردا نرخی مۆبایلەکە بە شێوەیەکی بەرچاو نزمترە. ئەم مۆبایلە ڕوونماکەی بە قەبارەی ٥.٨٨ ئینجە لەگەڵ بوونی نوێترین پڕۆسێسەری تایبەتمەندی مام ناوەندی کۆمپانیای کوالکۆم لە جۆری سناپدراگۆنی ٧١٠ وە پڕۆسێسەری گرافیکی ئەدرینۆ ٦١٦. ڕامی مۆبایلەکە بە بژاردەی ٤ و ٦ گێگابایت بەردەستە لەگەڵ بیرگەی ناوەکی ٦٤ گێگابایت.

کامێرای پێشەوەی ئەم مۆبایلە ٢٠ مێگاپیکسڵە وە خاوەنی کامێرایەکی دوانەیی لە بەشی دواوە بە توانای ١٢ مێگاپیکسڵ و ٥ مێگاپیکسڵ و پاترییەکەیشی توانستی ٣١٢٠ ملی ئەمپێرە.

نرخی مۆبایلی می ٨ بە نزیکەی ٤٢٠$ دۆلار و نرخی می ٨ Explorer Edition بە نرخی ٥٨٠$ دۆلار و نرخی می ٨ ئێس ئی ٢٠٨$ دۆلار دەبێت.

 

سەرچاوە :
تاگەکان mi Mi8 Xiaomi شاومی
بۆچونی تۆ