شاومی

تایبەتمەندی و کاتی بڵاوبوونەوەی ڕووکارە نوێیەکەی شاومی MIUI 10

لە ڕۆژی ڕابردوودا هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمپانیای شاومی بوو هەر لەو بۆنەیەشدا هەستا بە ڕاگەیاندنی نوێترین مۆبایلەکانی کە ئەویش شاومی می ٨ ـە و بە گەڕانەوە بۆ ئەم بابەتە دەتوانیت ئاشنا ببیت بە تایبەتمەندییەکانی ئەم مۆبایلە ئاست بەرزە (کۆمپانیای شاومی ٣ جۆر لە مۆبایلی Mi 8ـی بە تایبەتمەندی بەرز ڕاگەیاند)، لەگەڵیشیدا هەستا بە ڕاگەیاندنی ڕووکارە نوێیەکەی کە ئەویش MIUI 10 ـە و زیاتر گرنگی دەدات بە فراوانی پڕیەتی ڕوونما و باری لێخوڕین، ئەم تایبەتەمەندییە بچوکانەش کە زیاد کراون بۆ ڕووکارەکە ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات کە سوودی تەواوەتی لە ڕوونمای مۆبایلەکە وەربگرێت.

گرنگترین تایبەتمەندییکانی ڕووکاری MIUI 10:

یەکێک لە تایبەتمەندییە گەورەکان باری پۆرترەیت Portrait Mode ـە لە هەریەک لە مۆبایلە تاک کامێرا و ئەوانەشی کە خاوەن دوو کامێران ئەم تایبەتمەندیەش لە زۆرێک لە کامێرای مۆبایلە ئاست بەرزەکانی وەک iPhone X و Pixel 2 و Huawei ـدا هەیە لەگەڵ ئەوەشدا تایبەتمەندی جێگۆڕکێ بۆ کامێرای پشتەوە تەنها لەو مۆبایلانەدا هەبووە کە خاوەن کامێرای دوانین بەڵام شتێکی زۆر باشە کە دەبینین شاومی هەستاوە بە دانانی ئەم تایبەتمەندییە لەو مۆبایلانەی کە خاوەن تاکێک کامێران.

لە ئێستای ڕووکارەکەدا دەتوانیت لیستی ئەپەکان ڕابکێشیت بە شێوەی ستونی لەگەڵ بوونی ئاماژەکانی ڕوونما بۆ جێگۆڕکێی نێوان ئەپەکان و داخستنیان هەروەها بەکارهێنەران تایبەتمەندی نوێیان دەست دەکەوێت لەکاتی داگرتنیان بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر یەکێک لە ئەپەکان لە لیستی Recents ـدا وەک وەستاندنی ئەپ یاخود داخستنی، یەکێکی تر لە تایبەتمەندیەکانی ڕووکارەکە بونی باری لێخوڕینە کە لە ڕێگای فەرمانە دەنگیەکانەوە بەکارهێنەر دەتوانێت فەرمان بداتە یاریدەدەری دەنگی Xiao AI بەڵام یاریدەدەرەکە تەنها پشتگیری لە زمانی چینی دەکات، وە شاومی لە بارەی MIUI 10 ـەوە دەڵێت ڕووکارەکەیان هەڵدەستێت بە شیکردنەوەی ڕەفتاری مۆبایلەکە و پاشان پێکهاتەی پێویستی لەگەڵدا دەگونجێنێت و سەبارەت بە نوێکارییە نوێیەکەی تەکنیکی AI-powered ـیش کە خۆی دەبینێتەوە لە شیکردنەوەی بەکارهێنانی ڕۆژانەت بۆ ئەپەکان و پێشبینی کردنی بۆ ڕەفتارەکانت و کەمکردنەوەی ماوەی داگرتنی ئەپەکان لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک مۆسیقای نوێ بۆ ڕووکارەکە زیادکراوە کە هاوشێوەی دەنگەکانی سروشتە و دەتوانیت لەسەر ئاگادارکەرەوەکانتی دابنێیت.

کاتی گەیشتنی ڕووکاری MIUI 10 و ئەو مۆبایلانەی کە پشتگیری دەکەن:

کۆمپانیای ناوبراو هەستاوە بە ڕاگەیاندنی خشتەیەکی کاتی تایبەت بە وڵاتی چین کە بە هۆیەوە بیرۆکەیەکمان پێدەدات لەبارەی ئەو ئامێرانەی کە پشتگیری لە نوێکاریەکە دەکەن و سەبارەت بەمەش کۆمپانیاکە دەڵێت کە نوێکارییەکە سەرەتا بە هەندێک ئامێری دیاریکراو دەگات لە مانگی شەشەمی ئەم ساڵدا و پاشان بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو ئامێرەکان بەردەست دەبێت لە مانگی حەوتدا.

سەبارەت بە نوێکارییەکەش ئەوا ئامێرەکانی MiMe 2S و Mi Mix 2 و Mi Mix و Mi 6X و Mi 6 و Mi 5 و Mi Note 2 و Redmi S2 و Redmi Note 5 لە مانگی شەشەمدا ڕووکارە نوێیەکەیان پێ دەگات، بەڵام ئامێرەکانی Mi Note 3 و Mi 5X / 5c / 5s / 5s Plus و Mi 4 / 4c / 4S و Mi Max 2 و Mi Max و Redmi 5 و Redmi 5 Plus و Redmi 4 و Redmi 4A و Redmi 4X و Redmi 3S / 3X و Redmi Pro و Redmi Note 5A و Redmi Note 4 و Redmi Note 4X و Redmi Note 3 لە مانگی حەوتدا ڕووکارەکەیان پێ دەگات، هەروەها کاتەکان وەک ئاماژەمان پێ کرد تایبەتە بە وڵاتی چین بەڵام لیستی مۆبایلەکان کە ڕووکارەکەیان پێ دەگات جیهانیە.

 

2 حوزه‌یران، 2018
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
891