10
سامسۆنگ 30, ته‌مموز 2018 بۆچوون

ڕوونمایەکی چەماوە بە توانستی بەرگەگرتن لە شکان لە بەرهەمهێناندایە

لەماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر هەبوو کە سامسۆنگ روونمایەک بەرهەمبهێنێت توانای شکانی نەبێت. بەم بۆنەیەوە ڕۆژی چوارشەممە سامسۆنگ ڕایگەیاند کە لەم دواییانە روونمایەکیان بەرهەمهێناوە بەرگەی شکان دەگرێت و توانای چەماندنەوەی هەیە، وە لەلایەن تاقیگەکانی Underwriters بڕوانامەی پێدراوە. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم ڕوونمایە ئامادەیە بۆ ئەوەی لە مۆبایلەکان و ئامێرە هاوشێوەکان بەکاربهێندرێت. بۆ نمونە، ئامێرەکانی یاریکردن و ئۆتۆمبێل و هتد.

سامسۆنگ ئاماژەی بەوەش کردوە کە لەم بەرهەمە نوێیەدا  پشتیان بە مادەیەکی پلاستیکی بەستووە و ناشکێت و دەتوانرێت بنوشتێتەوە و زۆر ڕوونترە لە روونماکانی پێشتر. لەڕاستیدا، ئەم بەرگەگرتنەیەتی کە جیای دەکاتەوە لە جۆرە ڕوونماکانی تر. ئەم ڕوونمایە بە چەندین تاقیکردنەوەی جیاجیا تێپەڕیوە، بۆ نمونە ٢٦ جار بەدوای یەکدا بەردانەوە لە بەرزی ١٢٠ سانتیمەترەوە کە لە ئەنجامدا هیچ شکانێک بەدی نەکراوە لە پێشەوە و تەنیشت و سوچەکانی.

شارەزایان ئاشکرایانکردوە کە ئەم بەرهەمەی سامسۆنگ لەو کاتەدایە کە فرۆشی مۆبایلەکان لە ئاستێکی نزم دایە، چونکە زۆرینەی کۆمپانیاکان لە ئێستادا شتێکی ئەوتۆیان بە دەستەوە نییە تا جیاواز لە بازاڕدا دەرکەون چونکە زۆرینەی دووبارەیە، بەمەش کەمتر بەکارهێنەران هەست بەوە دەکەن کە پێویست بکات مۆبایلەکانیان بگۆڕن.

لە ئێستادا، سامسۆنگ لەگەڵ هواوەی لە پێشبڕکێدایە و دەیەوێت ببێتە یەکەم لەم پێشبڕکێیە و یەکەم مۆبایلی چەماوە بەرهەمبهێنێت. ئەمەش چەندین جار لەلایەن سەرۆکی بەشی مۆبایلی سامسۆنگ، دی جەی کۆهـ، پشت ڕاستکراوەتەوە کە ئاماژەی بەوە کردووە دروستکردنی مۆبایلێکی چەماوە لە پلانی سامسۆنگ دایە و چاوەڕوانی مۆبایلێکی چەماوە بن هەر ئەمساڵ.

سەرچاوە :
تاگەکان OLED Samsung
بۆچونی تۆ