10
ڕێنمایی 4, ئاب 2018

8 ڕێنمایی گرنگ بۆ کاتی کڕینی لاپتۆپێکی نوێ

کاتێک هەر یەکێکمان دەمانەوێت جۆرێک لە لاپتۆپ بکڕین، ئەوا چەندین بژاردە لەبەردەممانە و ئەم بژاردانەش کار لە نرخی ئەم لاپتۆپە دەکەن. لە بواری بەرهەمهێنانی لاپتۆپدا چەندین براندی بەناوبانگ لە ئێستادا لە جیهاندا هەن، لە بەناوبانگترینیان ئەپڵ و دێڵ و لینۆڤۆ و ئێچ پی و چەندانی تریش.

ئەگەر ڕاستەوخۆ کڕینەکەت لەسەرهێڵ ئەنجامبدەیت و لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەرەوە بێت، ئەوا لەسەر پێگەی فەرمی خۆیان چەند بژاردەیەکیان هەیە و دەتوانیت لە نێویاندا بە گوێرەی توانای ئابووری خۆت دانەیەک بکڕیت. بەڵام ئەگەر لە بازاڕ بیکڕیت ئەوا بە پێی فرۆشگا دەگۆڕیت و لەوانەیە هەموو جۆرە بژاردەیەک بەردەست نەبێت. بە هەرشێوەیەک بێت ئەوا من لە خوارەوە چەند ڕێنماییەک دەخەمە ڕوو تا هەموو لایەک لەکاتی کڕینی لاپتۆپ لەبەرچاوی بگرن.

پڕۆسێسەر: هەوڵبدە Core i5 یان سەروتر بێت

پڕۆسێسەری Core i5 هەڵبژێرە ئەگەر دەتەوێت هاوسەنگی لە نێوان توانست و نرخ ڕابگریت. چونکە ئەگەر بتەوێت بۆ نمونە Core i7 بکڕیت ئەوا خۆکارانە دەبێت ١٠٠ بۆ ٢٠٠ دۆلار زیاتر بدەیت.

وا باشترە لە ئێستادا نەوەی هەشتەمی Core i5 بکڕیت بۆ نمونە Core i5-8250U لە چاو Core i5-7200U بەهێزتر و باشترە بە ڕێژەی ٩١%، وە نەوە نوێکە لە جیاتی ٢ ناوک خاوەنی ٤ ناوکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت لاپتۆپێک بکڕیت بەهۆی نزمی باری ئابووریت ئەوا هەوڵبدە Core i3 بکڕیت چونکە بە هەموو شێوەیەک لە Pentium و Celeron باشترە و خاوەنی توانستێکی بەرزترە.

RAM: ڕامی ٨ گێگابایت یان سەروتر

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە لە ئێستادا زۆرینەی بەکارهێنەران پێویستیان بە ڕامی ٨ گێگابایت یان زیاترە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە جیاجیاکان.

بۆ نمونە پسپۆڕان و شارەزایان و گەیمەران سود لە ڕامی ١٦ گێگا وەردەگرن. ئیتر ئەگەر بتەوێت ڕامەکەت لە ٨ ـەوە بکەیتە ١٦ ئەوا لە ١٠٠ بۆ ١٥٠ دۆلار دەبێت زیاتر خەرج بکەیت.

بیرگە: جۆری SSD بە قەبارەی ٢٥٦ گێگابایت یان زیاتر

بێگومان ئەگەر گیرفانت ڕێگە بدات ئەوا لەکاتی کڕینی لاپتۆپ پێویستە بیرگەی جۆری SSD لە جێگەی HDD هەڵبژێریت، چونکە SSD دەبێتە هۆی ئەنجامدانی کارەکانت بە شێوەیەکی خێرا و باشتر.

وە هەروەها ئەگەر پێویستت بە هەڵگرتنی پەڕگە و فایلی زۆر قەبارە گەورە نییە یان یاری پێ ناکەیت ئەوا بیرگەی جۆری SSD بە قەبارەی ٢٥٦ گێگابایت هەڵبژێرە. وە ئەگەریش یاری پێ دەکەیان یان پەرگەی زۆر لەسەر کۆمپیوتەرەکەت دادەنێت ئەوا ٥١٢ گێگابایت لە هەمان جۆری بیرگە هەڵبژێرە.

شایەنی ئاماژەیە، لە نێو SSD دوو جۆر هەیە ئەوانیش SSD SATA و PCIe-NVMe کە جۆری دووەم بە دوو جار تا چوار جار خێراترە و هەڵبژاردنیش لەسەر تۆیە.

بیرمان نەچێت، لە هەندێک لە فرۆشگاکانی کۆمپیوتەر بژاردەی ئەوەت دەدەنە بەردەم کە بتوانیت هاردەکەت لە ٥٠٠ گێگابایت یان ١ تێرابایتی جۆری HDD بگۆڕیت بە ٢٥٦ گێگابتی جۆری SSD بەڵام پێویستە ١٠٠ تا ٢٠٠ دۆلار زیادە بدەیت بۆ ئەم گۆڕینە. ئەگەریش لە ٢٥٦ گێگابایت زیاترت بوێت ئەوا پێویستە ٣٠٠ دۆلار یان زیاتر بدەیت بۆ بیرگەیەکی ٥١٢ گێگابایتی جۆری SSD.

دەتوانن شتێکی تریش بکەن بۆ ئەوەی کەمتر پارە خەرج بکەن، ئەویش دەتوانن خۆتان لە شوێنی تر بە نرخێکی کەمتر هاردی SSD بکڕن و پاشان خۆتان بیگۆڕن. بۆ نمونە، ئەگەر هاردی ١ تێرابایتی جۆری HDD یان ١٢٨ گێگابایتی جۆری SSDـی لەسەر کۆمپیوتەرەکەت بێت و بتەوێت بیگۆڕیت، ئەوا وەکو ئاماژەم پێدا دەتوانیت خۆت کارەکە بکەیت و بەمەش لەوانەیە پارەیەکی کەمترت لەسەر بکەوێت. ئەمە لە کاتێکدا بیرتان بێت کە هەموو لاپتۆپ و کۆمپیوتەرێکیش ناتوانیت بە ئاسانی ئەو گۆڕانکارییە بکەیت و پێویستە وریا بن و لەلای کەسی شارەزا گۆرینەکە ئەنجام بدەن.

ڕوونما: بەلانی کەم ڕوونیەکەی با ١٩٢٠x١٠٨٠ بێت

لەڕاستیدا، زۆربەی زۆری لاپتۆپەکان ڕوونماکانیان ڕوونیان نزمە و ڕێژەی ئەو جۆرە لاپتۆپانەش دەگاتە ٦٦% و زۆرینەشیان ڕوونیەکەیان ١٣٦٦x٧٦٨ـە. بەڵام ئەم ڕوونیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆر نزمە چونکە ئەگەر سەرەنج بدەین مۆبایلەکانی ئەمڕۆ ڕوونیەکەیان بەلانی کەم HDـیە و زۆرینەشیان Full HDـین. کەواتە هەوڵبدە ڕوونی ڕوونمای لاپتۆپە نوێکە ١٩٢٠x١٠٨٠ بێت و بەمەش چێژێکی خۆشتر لە بەکارهێنانی وەردەگریت.

پێویستە لە یادمان نەچێت کە ئەگەر لاپتۆپێک بە ڕوونمایەک کە ڕوونی ١٩٢٠x١٠٨٠ بێت بکڕیت ئەوا نرخی لە ٧٠ بۆ ١٠٠ دۆلار لەوانەیە جیاوازی هەبێت بەڵام ئەم نرخە لەبەرامبەر ئەم ڕوونیە بەرزە شتێکی ئەوتۆ نییە و بێگومان بە سودێکی زۆر لەو ڕوونیە وەردەگریت. ئەمە لەکاتێکدایە خەڵکانێک هەن بۆ نمونە دیزاینەر و وێنەکێش و هونەرمەندان ئارەزووی ڕوونمای 4K دەکەن کە لەوانەیە نرخی ٣٠٠ تا ٤٠٠ دۆلار جیاوازی هەبێت.

پاتری: تا زیاتر بێت باشترە

چەند جۆرێک لاپتۆپ هەن وەکو ThinkPad و Latitude کە بژاردەی پاتری ئاسایی و بەرزتریشیان هەیە. لە زۆربەی دۆخەکاندا بۆی هەیە تەنها ١٥ دۆلارێکت پێویست بێت تا پاتریەکی توانست بەرزتر بکڕیت.

ئەمە لەکاتێکدا هەتاوەکو پاتریەکەت توانستی زیاتر بێت ئەوا کێشی زیاد دەکات و بەمەش لاپتۆپەکەت کێشی قورستر دەبێت و هەڵگرتنی ئاسان نابێت. سەرباری ئەمە دۆخی ئەمڕۆ ئەوە دەخوازرێت کە پاتری لاپتۆپەکەت زۆر بەرگە بگرێت و بەمەش پێویستە پاتری توانست بەرز و بەرگەگر لەگەڵ لاپتۆپەت بکڕیت، بەپێچەوانەوە توشی ئاستەنگی زۆر دەبیت.

کارتی وایفای: باشترین بریتییە لە جۆری 2×2

هەتا بکرێت با کارتی وایفای لاپتۆپەکەت لە جۆری 802.11ac Wi-Fi بێت، کە ئەم لاپتۆپانەی ئەم جۆرە کارتەیان لەسەرە نرخیان ٢٠٠ دۆلار گرانترە. ئەمە لەکاتێکدا دەتوانیت کارتێکی وایفای ئاسایی یان یەکێک لەو جۆرانەی کە ئەنتێناکەیان 2×2ـە هەڵبژێریت و تەنها ٣٠ دۆلارێکی جیاوازی دەبێت، دەرئەنجام توانستی وایفایەکەت لە ئاستێکی بەرز دەبێت. ئەمە بەهۆی ئەوەی کە جۆری 2×2 توانای گواستنەوەی زانیاری هەیە تا 867Mbps، ئەمە لەکاتێکدا جۆری ئاسایی 1×1 توانای گواستنەوەی زانیاری هەیە تا 433Mbps.

سیستەمی ویندۆز: جۆری Pro هەڵمەبژێرە

زۆرینەی کۆمپانیاکان بژاردەی Windows 10 Home و Pro دەخەنە بەردەم کڕیارانیان لەکاتی کڕینی لاپتۆپی نوێ. بێگومان جۆری Pro چەند تایبەتمەندیەکی زیاتری هەیە، لەوانە BitLocker و چەند تایبەتمەندیەکی تر بەڵام ئەم تایبەتمەندییانە زیاتر کۆمپانیاکان و دەزگاکان سودیان لێ وەردەگرن بۆ مەبەستی قوفڵدانی زانیارییەکانیان و پاراستنیان لە دزەپێکردن و هاککردن. لەبەرئەوە لەبیرت بێت ئەگەر وەشانی Pro هەڵبژێریت لەوانەیە ٣٠ دۆلار یان زیاتر جیاوازی هەبێت. بیرمان نەچێت لە کوردستان زۆرینەی لاپتۆپەکان بەبێ سیستەم دەفرۆشرێن و دواتر ناچار دەبیت بە بەکارهێنانی سیستەمی ویندۆز و کراکردنی کە ئەمە یاسایی نییە و مەترسیشی لەوانەیە هەبێت. بۆیە وا باشترە بڕێک پارە زیاتر بدەیت تا ویندۆزی ئەسڵی لەسەر بێت، جا چ وەشانی Home بێت یان Pro.

پشتگیری لە ڕایەڵەی 4G: ئەمە تەنها بۆ ئەوانەیە گیرفانیان بەشی ئەوەی تێدایە

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چەند جۆر لاپتۆپێک بژاردەی 4G LTE ـیان هەیە، بەڵام بۆ ئەم تایبەتمەندییە پێویستت بە ١٠٠ تا ٢٠٠ دۆلار دەبێت. ئەمە جگە لەوەی بۆ خودی خزمەتگوزاریەکەش ئەگەر بەکاری بهێنیت، بۆ نمونە ئەگەر هێڵە 4Gـیەکانی کوردستانی بخەیتە سەر مانگانە خەرجی خۆی هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە بۆ بازاڕی ئەمڕۆی کوردستان کەمتر خەڵکی جەخت لە بەکارهێنانی لاپتۆپ دەکەنەوە بۆ ئەنجامدانی کاروباری ڕۆژانەیان و لەجیاتی ئەمە مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنن. لەبەرئەوە ئەگەر زۆر زۆر دڵنیانیت لە پێویستی 4G LTE ئەوا پێویست بە بوونی ئەم تایبەتمەندییە ناکات لە لاپتۆپەکەتدا و بڕێک پارە بۆ خۆت پاشەکەوت بکە.

بە پوختی:

بە پشت بەستن بە ڕێنماییەکانی سەرەوە، ئەگەر کۆمپیوتەرێکی گونجاو و ئاست بەرزت دەوێت ئەوا با بەم شێوەیە یان زیاتر بێت:

  • پڕۆسێسەر: Core i5 نەوەی هەشتەم یان زیاتر
  • ڕام: ٨ گێگابایت یان زیاتر
  • بیرگە: جۆری SSD لە ٢٥٦ گێگابایت یان زیاتر
  • ڕوونما: ڕوونی ١٩٢٠x١٠٨٠

تێبینی: بۆ ئەو نرخانەی لە بابەتەکە باسکراون پشت بە زانیاری گشتی بەستراون. لەبەرئەوە بۆ کوردستان لەوانەیە جیاوازی هەبێت و نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

بۆچونی تۆ