گووگڵ

یوتیوب نزیکە پێش فەیسبووک بکەوێتەوە و ببێتە دووەم ماڵپەڕ لە جیهاندا‎

وەک ئاشکرایە، بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا ماڵپەڕی فەیسبووک دووەم ماڵپەرە لەڕووی بەکارهێنان و سەردانکردنەوە، بەڵام نزیکە فەیسبووک ئەم پلەیە لەدەست بدات و یوتیوب ببێتە دووەم پڕ سەردانکەرترین ماڵپەر لە جیهاندا. شایەنی باسە، بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی سەر Similarweb نزیکە یوتیوب پێش فەیسبووک بکەوێتەوە و ئەم پلەیەی لێ وەرگرێت.

بێگومان هۆکاری کەمکردنی ڕێژەی سەردانکەران و بەکارهێنانی فەیسبووک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەماوەی ڕابردوودا فەیسبووک تاوانبارکرا بە فرۆشتنی داتا و زانیاری بەکارهێنەرانی. لە ئەنجامدا ٪۱۷ پشکەکانی لە دەستدا. ئەوەتا بەپێی راپۆرتێک ڕێژەی سەردانیکردنی فەیسبووک لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە ۸.٥ ملیارەوە دابەزیوە بۆ ٤.۷ ملیار، بەڵام لەبەرامبەردا ڕێژەی بەکارهێنەرانی یوتیوب بەرزبۆتەوە و ٤.٥ ملیار بەکارهێنەری چالاکی تێپەڕاندووە و لە ئێستاشدا ئەم ڕێژەیە لە زیادبووندایە و بەردەوام بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت سەردانی پێگەکە دەکەن لە کاتە جیاوازەکانی ڕۆژدا. جێگای ئاماژەیە، کۆمپانیای گووگڵ لە ڕووی سەردانکردنەوە لە پلەی یەکەم دایە و رێژەی سەردانکەرانی لە ماگی ڕابردوودا ۱٥ ملیار بووە.

سەرچاوە :

cnbc.com

12 ئاب، 2018