10
ئەندرۆید 13, ئاب 2018 بۆچوون

٦ هۆکار بۆ ئەوەی مۆبایلی Note 9 نەکڕیت یاخوود پێش کڕینی باشتر بیری لێبکەیتەوە

لەماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری کۆتایی هێنا بە مشتوومڕەکانی دەرچوون و دیزاینی نۆوت نۆ، ئێستا مۆبایلەکە لە بازاڕەکانی کوردستاندا بەردەستە بەڵام چەند تێبینییەک هەیە لەسەر مۆبایلەکە کە لە وانەیە ڕات بگۆڕێت لەبارەیەوە، و هیچ ڕایەکی تاکەکەسی کاریگەری نەکردووەتە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە و دەرەنجامی شەن و کەو کردنی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەیە کە تا چەند لە ئاستی پێویستیدان.

١- مۆبایلەکە تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو و نوێی تێدا بەکارنەهاتووە و ناتوانرێت ناوی بنرێت داهێنان تەنها چەند بەشێکی مۆبایلەکە باشتر کراون و گەشەیان پێدراوە.

٢- دیزاینی مۆبایلەکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدانەکراوە و لە بەشی پشتەوەدا تەنها پەنجەمۆر هاتووەتە خوارەوەو لە بەشی پێشەوەیدا هاوشێوەی نۆوت هەشتە، هەموو کۆمپانیاکان زۆر بە گرنگییەوە دەڕواننە ئەم خاڵە و هەر کۆمپانیایەک سەرنجی زۆر باشی نەدابێت لە دیزاین کردنی مۆبایلەکانیدا زیانی دارایی پێگەشتووە و فرۆشی مۆبایلەکەی کەمی کردووە، هاوشێوەی نۆوتی ٨ و ئێس و ئێس نۆ پڵەسی کۆمپانیاکە.

٣- تەکنەلۆژیای بارگاوی کەرەوەی مۆبایلەکە پێشکەوتوو نییە و لە ئێستا نەوەی فاست چارچەری ٤ پڵەس بەردەستە بەڵام لەم مۆبایلەدا نەوەی دووەمە کە هەمان تەکنەلۆژیای گالەکسی ئێس شەشە، و وەک ئاشکرایە توانستی پاتری ئەم مۆبایلە ٤ هەزارە کە ئەمەش ماوەی ٢ کاتژمێری پێویستە تاوەکوو لە ٠ ـەوە بگاتە ١٠٠ ی بارگاویبوونەوە.

٤- نرخی مۆبایلی نۆوت نۆ تا ڕادەیەک گرانە کە نۆ سەد دۆلارە بۆ بیرگەی ١٢٨گێگابایت و ڕامی ٦ گێگابایت کە لە هەمان کاتدا وەن پڵەس ٦ ی ١٢٨ گێگابایت بە ڕامی ٨گێگابایت پێش کەش دەکات بە نرخی کەمتر لە ٦٠٠ دۆلار، بەڵام لەوانەیە سەرنجی تۆ لەوەدا بێت کە چەند تەکنەلۆژیایەکی نوێی تێدایە مۆبایلەکە بەڵام گەر بڕوانینە نرخی نۆوت هەشت لە ئێستادا ٥٣٥ و دێتە ٥٠٠ دۆلار لە ڕۆژانی داهاتوودا کە تایبەتمەندییەکانیان زۆر نزیکن لە یەکەوە دەکرا مۆبایلەکە نرخی ٨٠٠ دۆلار یاخوود کەمتر بێت.

٥- سامسۆنگ ناوبراوە بە پێشەنگی داهێنان بەڵام دەبوایە لەم مۆبایلەیدا وەشانی ئەندرۆید ٩ بەردەست بوایە بەشێوەی خۆکارانە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی ئەم وەشانە ڕادەگەیەنرێت و ئێستا ئەم مۆبایلە ئەندرۆید ٨,١ ی لەسەر جێگیرا کراوە، وەکوو ئاشکرایە سامسۆنگ خێرا نییە لە ناردنی وەشانەکان بۆ مۆبایلەکانی کە ئەمەش کاتێکی زۆر دەبات و بە نزیکەیی دەکەوێتە پاش هەموو کۆمپانیاکانی ڕکابەرییەوە.

٦- مۆبایلەکانی ئەم دواییەی سامسۆنگ ناوبراون بە ڕونمای Edge to Edge کە بە دڵنیاییەوە زۆربە کڕیارانی مۆبایلەکانی پێشووی سامسۆنگ کێشەیان هەبووە لەگەڵ کەوتنی مۆبایلەکانیان دا ڕونمای مۆبایلەکانیان بەشێوازێکی سەیر لە کارکەوتووە یاخوود شکاوە و تێچووی چاککردنەوەی ئەم ڕونمایانەش کەمتر نییە لە ٢٥٠ دۆلار، سەرەڕای ئەوەی مۆبایلەکە پارێزەری شاشەی گۆرێلا گڵاسی هەیە.

بۆچونی تۆ