10
بابەتی گرینگ 29, ئاب 2018 بۆچوون

گەنجێکی خۆبەخش کەخاوەنی زیاتر لە هەزار ڤیدیۆی فێرکارییە لەیوتیوبدا

لەکوردستاندا چەند نموونەیەکی گەنجانمان هەیە کە وەکو خۆبەخشێک فێرکاری لەسەر بابەتە هەمەجۆر و بەسوودەکان بڵاودەکەنەوە بەبێ هیچ بەرامبەرێک، یەکێک لە دیارترین ئەو نموونانەش گەنجێکی خوێندکارە بەناوی فەرمان تارق.

فەرمان لەمانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ کەناڵێکی فێرکاریی لەیوتیوب داناوە بەناوی (T3SO Tutorials) و لەو کاتەوەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٨٠٠ ڤیدیۆی جۆراوجۆری لە یوتیوب داناوە و لەبەرامبەریشدا کۆی ڤیدیۆکانی نزیکەی ٨٠٠ هەزار بینەریان هەبووە، فێرکاریەکان لە بوارەکانی (پڕۆگرامینگ، نێتوۆرکینگ، ئەکسڵ، وۆرد، دروستکردنی سایت) و چەندەها بواری ترن. لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ بەڕێزیان دەمانەوێت لەنزیکەوە ئاشنای بین و بزانین فەرمان کێیە و چۆن گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئێستا، هەروەک دەشمانەوێت بزانین بەچ مەبەستێک ئەو ژمارە زۆرەی فێرکاری داناوە، لە کاتێکدا کەمترین سوودی دارایی بۆی هەبووە.

١- کەی ئای تی ئێن: سەرەتا سوپاس بۆ ئامادەبوونتان کاک فەرمان، دەمانەوێت بەتەواوی خۆت بناسێنیت بەخوێنەران بۆ ئەوەی ئاشنای جەنابتان ببن؟

-فەرمان: منیش زۆر سوپاسی هەموو ئەندامان و دەستەی نوسەرانی کەی ئای تی ئێن دەکەم کە بۆشاییەکی چاکیان پرکردۆتەوە لەبواری تەکنەلۆژیا. ناوم فەرمان تارق ساڵحە و خوێندکارم و کۆتا ساڵی زانکۆمە، دانیشتووی سلێمانیم و بەگشتیش حەزوخولیای من تەکنەلۆژیایە و دەمەوێت بەفێرکارییەکانم سوودێک بەخەڵکیی بگەیەنم.

٢- کەی ئای تی ئێن: چۆن بوو بیرۆکەی دانانی کەناڵێکی وات بۆ دروستبوو؟ باسێکی سەرەتاکەیمان بۆ بکە؟

-فەرمان: کەناڵەکەم لەمانگی سێی 2014 داناوە، سەرەتا ناوەکەی هەر بەناوی خۆمەوە بوو، بەڵام دواتر گۆڕیم بەم ناوەی ئێستا (T3SO Tutorials)، هۆکاری دانانی کەناڵەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کەوا پاش ئەوەی کەچومە زانکۆ تێبینیم دەکرد کرد بەشێک لەمامۆستاکان جوان وانەکان شیناکەنەوە و ناتوانن بە زمانێکی ئاسان خوێندکاران فێربکەن. دواتر بیرم کردەوە چی دەبێ بتوانم خۆم فێر بکەم و چاوەرێی زانکۆ نەکەم و خۆم هەوڵبدەم بەدوای زانستی زیاتردا بگەڕێم، ئیتر دەگەرام و خۆم فێر دەبووم پاشان بڕیارمدا دەست بکەم بە فێرکاری دانان لەو شتانەی کە خۆم فێر دەبم یاخود دەیزانم. ئەوە بوو یەکەمین جار لەناوەراستی ساڵی 2015 ڤیدۆی فێرکاریم دانا پاشان ماوەیەک بەهۆی هەندێ کارەوە وەستام و دواتر دوبارە دەستم پێکردەوە.

کەناڵەکەم لەبواری تەکنەلۆژیایە وەک بوارەکانی پرۆگرامسازی و وێب و نێتوۆرکینگ و سیستەم و مۆبایل و فێرکاری گشتی لەخۆ دەگرێت. لەئێستادا بەداخەوە دەیڵێم فێرکاریی بەزمانی کوردیی لەیوتیوبدا زۆر کەمە، بۆیە پاڵنەرێکی سەرەکی دانانی کەناڵەکەش نەبوونی فێرکاری کوردی بوو، لەلایەکی تریشەوە هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە بەدوای فێربوونەوە بوون بەڵام زمانی ئینگلیزی و عەرەبیان باش نەبوو ئەمەش هۆکارێکی تر بوو.

٣- کەی ئای تی ئێن: بێگومان ١٨٠٠ ڤیدیۆ ژمارەیەکی ئێجگار زۆرە و حەتمەن ماندوبوونێکی زۆرت لەگەڵ کێشاوە، ئەم چوار ساڵەی کەناڵەکەت چی پێبەخشیت؟ ئەزموونی خۆت لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لەگەڵ کەناڵەکەدا؟

-فەرمان: هەروەکو خۆتان ئاماژەتان پێدا گومانی تێدا نییە ماندووبونێکی زۆرم لەگەڵی کێشاوە، بەڵام لەپاڵ ماندووبونەکانیشم کەناڵەکە کۆمەڵێک هاوڕێی پێناساندم کە ئێستا هەندێکیان بوونەتە ئازیزترین هاورێم ئەمەش بۆ من بێگومان بەخشینێکی گەورەیە، هەروەها کۆمەلێک کەسی پێناساندم کە لەو بوارەدا ئاستێکی بەرزییان هەیە، لێرەوە رێزو چەپکێ نێرگزم بۆیان هەیە. بە دیوێکی تریشدا خودی خۆم ئاستم پێگەیاندووە چونکە بێگومان باشترین رێگا بۆ فێربوونی شتێک بریتیە لە فێرکردنی خەڵکی، لەو ڕێگەیەوە خۆت زانستی زیاترت دەست دەکەوێت.

٤- کەی ئای تی ئێن: چ پاڵنەرێکت لەپشت بووە بۆ ئەوەی بتوانیت بۆ ماوەی زیاتر لەچوار ساڵ بەردەوام بیت سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆر کەمی بینەر بۆ ڤیدیۆکانت؟

-فەرمان: ڕاستی بڵێم پاڵنەرەکان کەم بوون بۆم، خودی خۆم وەکو ترومپایەک پاڵم بەخۆم دەنا هانی خۆم دەدا بۆیە سەرەتا سوپاسی خودا دەکەم، پاشان سوپاس و دەستخۆشیم بۆ ئەو ئازیزانەی کە بەنامە و کۆمێنت دەستخۆشیان لێم کردووە و بێگومان ئەوەش پاڵنەرێکی گرنگ بووە بۆم، پاڵنەرێکی دیکەش نەبوونی فێرکاری کوردی بوو، بۆیە لەپێناو پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە نەوەستام و بەردەوام هەوڵم دەدا بۆ ئەوەی فێرکاری زیاتر دابنێم.

٥- کەی ئای تی ئێن: هۆکاری کەمی بینەری ڤیدیۆکانت چیین؟ هەوڵت نەداوە بینەری زیاتر بۆ کەناڵەکەت پەیدا بکەیت؟

-فەرمان: سەبارەت بەبینەری ڤیدیۆکانم بەراستی وایە ڕێژەیەکی کەم بینەری هەیە ئەمەش بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کەبەداخەوە بەشێکی تاکی کورد کەمتر بەدوای زانستدا دەگەڕێت و بەڵکو لەجیاتی ئەوە و بەداخەوە بەدوای کۆمەڵێک شتی بێ سوود دەکەوێ، هەر بۆیە تا کەسێک بەدوای تەکنەلۆژیا یان فێربوونی زمانێکی پرۆگرامسازی ببێت دەیان کەسی تر بەدوای بواری تەرفیهی و شتانێکی بێ سوود کەوتووە. کارەساتێکی تریش ئەوەیە تەنانەت ئەو کەسانەی کە لەزانکۆ دەخوێنن بۆ ئای تی و زانستی کۆمپیوتەر تاقەتێکی وەهایان نیە سەیری ڤیدۆی یوتیوب بکەن بۆ بەهێزکردنی خۆیان و تەنها و تەنها چاوەرێی دەستی مامۆستاکانن، کەئەمەش بەڕای من شتێکی هەڵەیە.

هۆکارێکی تریش بۆ  کەمی ڕێکلام دەگەڕێنمەوە کەکەناڵەکەم هیچ ڕیکلامێکی وەهای بۆ نەکراوە کەشایستەی بێت، راستی بلێم هەندێک سایتی کوردییش بەدەم فێرکارییەکانمدا نایەن و نایانەوێت لای خۆیان بڵاوی بکەنەوە چونکە من ئەندام نیم لای ئەوان یاخود لەبەر ئەوەی ڤیدیۆکانم هیچ لایەنێکی لەپشتەوە نییە. بیریشم نەچێت لەو بابەتەدا کەی ئای تی ئێن یارمەتی داوم و پێشتر بەستەری کەناڵەکەمی لەپەیجەکەیان داناوە.

٦- کەی ئای تی ئێن: پلانت چییە بۆ داهاتووی کەناڵەکەت؟

-فەرمان: بێگومان هەوڵ دەدەم ئاستی کەناڵەکەم زیاتر بەرەو پێش ببەم و بۆ زیاد کردنی بینەریش پشت بەخوا چەند رێگەیەکم داناوە بۆ ئەوەی شێوازی ڤیدیۆکان بگۆرم و لەمەودواش زیاتر کار لەسەر تۆڕە کۆمەلایەتیەکان دەکەم بۆ گەیاندنی ڤیدیۆکانم. لەپاڵ ئەمەشدا دەمەوێت بەردەوام بم لە دانانی فێرکاری لەو بوارانەی کە دامناوە وە ئەو بوارانەی فێرکاری کوردی نیە ئەوا هەوڵ ئەدەمە لەسەر ئەو بوارانەش فێرکاریمان هەبێت. هەروەها ئەگەر بکرێت و بگونجێ پلانێکی وام هەیە کە جگە لە بواری ئای تی لە بوارەکانی کەشدا ڤیدیۆ دابنێم بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردن .

٧- لەکۆتاییدا وەکو کەی ئای تی ئێن دەستخۆشیتان لێ دەکەین و دەستی ماندووبوونتان دەگوشین، هیوادارین هەر سەرکەوتوو و بەردەوام بن لەکارەکەتان و بەهیوای ئەوەی چەندین نموونەی وەکو جەنابتان لەم کوردستانەماندا هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر پێشکەوین و خاوەن فێرکاریی زیاتر بین، دوایین قسەی خۆت بۆ خوێنەرانی کەی ئای تی ئێن و بینەرانی کەناڵەکەت؟

دوا گوتەم ئەوەیە کە ماوەتەوە بڵێم زۆرسوپاستان دەکەم بۆ ئەم چاوپێکەوتنە و هیوای بەردەوامیش بۆ ئێوە دەخوازم و ئیدی هیواداریشم ئەم ماندووبون و فێرکارییانەی پێشووم سوودێکی بەخەڵکی گەیاندبێت.

بۆچونی تۆ