10
بابەتی گرینگ 29, ئاب 2018 بۆچوون

یوتیوب لەئەندرۆید تایبەتمەندیی بەڕێوەبردنی کاتی بۆ زیاد دەکرێت

کۆمپانیای گووگڵ لەمانگی ئازاری ئەمساڵ و لەکۆنگرەی گەشەپێدەرانی ساڵانەی خۆی (Google I\O 2018) تایبەتمەندییەکی نوێی ڕاگەیاند بەناوی (Digital Wellbeing) تایبەت بەئامێرەکانی وەگەڕخەری ئەندرۆید ئەمەش لەپێناو بەڕێوەبردنی کات و بەکارهێنانی مۆبایل بەشێوەیەک کەزیانێکی کەمتری هەبێت بۆ بەکارهێنەران.

دوای بڵاوکردنەوەی وەشانی کۆتایی ئەندرۆید پای 9 یەکێک لەتایبەتمەندییە زیادکراوەکانی ئەو وەشانە نوێیەی ئەندرۆید بەڕێوەبردنی کات بوو (Digital Wellbeing)، ئێستاش وەکو ئەپێک لەکۆگای گووگڵ پلەی بەردەستە و بەکارهێنەرانی ئەندرۆید دەتوانن دایبەزێنن و سوودی لێ ببینن.

هەر لەچوارچێوەی هەنگاوەکانی گووگڵ بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەران لەپێناو ڕێکخستنی کاتەکانیان، کۆمپانیاکە تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ ئەپی یوتیوب لەئەندرۆید زیادکرد لەژێر ناوی (Time Watched) کەتیایدا ئامار و زانیارییەکانی بەکارهێنانی ئەپەکە پیشان دەدات لەماوەی هەفتەی ڕابردوو، لەپاڵ بوونی ئاماری تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانەی یوتیوب.

هەر لەپاڵ ئەم تایبەتمەندییە نوێیەدا، بەکارهێنەر دەتوانێت هەڵبژاردەی (Remind me to take a break – بیرم بهێنەوە بۆ وەرگرتنی پشووێک) چاڵاک بکات، بەمەش لەخۆوە پێکردنی ڤیدیۆکان دەوەستێت بۆ ئەوەی بەکارهێنەر پشووێک وەربگرێت و دواتر دەتوانێت ناچاڵاکی بکات.

تۆش دەتوانیت سوود لەم تایبەتمەندییە نوێیەی یوتیوب وەربگریت و کاتەکانت ڕێکبخەیت لەڕێگەی چوونە بەشی ڕێکخستنەکانی یوتیوب (Settings) لەبەشی (My Channel).

هەر لەماوەی ڕابردوودا فەیسبووک و ئینستەگرامیش تایبەتمەندیی ڕێکخستنی کاتییان بۆ دەستەبەرکرا، دیارە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانیش ئیدی هەستییان بەوە کردووە کەخەڵکانێکی زۆر بەپێگە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو (فەیسبووک، ئینستەگرام، سناپچات، یوتیوب و چەندانی تر…) سەرقاڵ و ئاڵوودە بوونە و دەیانەویت لەڕێگەی ئەم تایبەتمەندییانەوە کەمێک یارمەتی بەکارهێنەرانیان بدەن بۆ ئەوەی کاتەکانیان ڕێکبخەنەوە.

بۆچونی تۆ