10
فەیسبووک 29, ئاب 2018

فەیسبووک پەڕ و هەژمارە پەیوەندیدارەکان بە سوپای میانمار دەسڕێتەوە

کێ لە ئێمە گوێی لە ڕووداو و ئەو تاوانانە نەبووە کە بەرامبەر بە موسڵمانانی ڕوهینگا ئەنجامدراوە؟ ئەم ڕووداوانە گشتی لەلایەن سوپای میانماری کۆماری میانمار لە خۆرهەڵاتی ئاسیا ئەنجام دەدرێن، کە خۆی دەبینێتەوە لە کوشت و کوشتار و دەستدرێژی سێکسی بە کۆمەڵ و ڕاگواستنی ئەو کەمە موسڵمانانەی کە کەوتونەتە میانمار. جێگەی باسە، ئەم دەنگوباسە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی دایەوە و بە زوویی بووە جێی مشتومڕی خەڵکی بە گشتی.

بەم بۆنەیەوە، فەیسبووک لەسەر بڵۆگی فەرمی خۆی، سڕینەوەی ١٨ هەژماری کەسی پەیوەست بە بەرپرسە باڵاکانی سوپای میانمار ڕاگەیاند، وە ٥٢ پەڕی تری پەیوەست بەم بابەتە کە بوونەتە هۆی هاندانی ڕق و کینە و کوشتنی موسڵمانانی میانمار. لەناو هەژمار و پەڕەکان، هەژماری فەرماندەی سوپای میانمار ناسراو بە ئاونگ هیلانگ هەیە، لەگەڵ پەڕی فەرمی هەواڵی سوپای ناوبراو. ئامانجی سەرەکی ئەم پەڕانە بریتی بووە لە بەلادا ڕێبردنی ڕای گشتی و شێواندنی ڕاستیەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر فەیسبووک.

شایەنی باسە، لەماوەی ڕابردوودا نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزاییان لە دژی سوپای میانمار لەبەرامبەر کارە دڕندانە و نامرۆڤانەکانیان دەربڕیوە، کە لە دژی کەمە ئاینی و نەتەوەییەکانی ئەم وڵاتەیان کردووە کە لە نێویاندا موسڵمان ڕێژەی زۆرینە پێکدێنن.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی خۆیان لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی دوایی لە میانمار، فەیسبووک دان بە هێواشی کارەکانیان دادەنێن چونکە تەنها ٢ کەسیان هەبووە لە سەرەتای ٢٠١٥ـەوە کە توانای وەرگێرانی زمانی بورمیان هەبووبێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە ٦٠ کەس و بەمەش توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڵسوکەوت و بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و تاوانانەیان دەبێت کە موسڵمانانی میانماری لێ بە ئامانج گیراوە.

سەرباری ئەوەی کە هەنگاوەکانی فەیسبووک هێواش بوون لە بەرامبەر ئەم تاوانانەی میانمار، بەڵام وەکو دەگوترێت ئەگەر شتێک دوابکەوێت باشترە وەک لەوەی هەرگیز نەیەت، بەگوێرەی فەیسبووک ئەو پەڕ و هەژمارانەی کە داخراون زیاتر لە ١٣ ملیۆن شوێنکەوتوو و لایک و خەڵکیان بە دواوە بووە.

سەرچاوە :
تاگەکان Facebook
بۆچونی تۆ