ئەپڵ 30, ئاب 2018

ئەپڵ لە 12ـی 9 بۆ ڕاگەیاندنی ئایفۆنی نوێ کۆنگرە دەبەستێت + پێشبینیەکان بخوێنەوە

کەمێک لەمەوبەر لە میدیا بەناوبانگەکانی بواری تەکنەلۆژیا هەواڵی بەستنی کۆنگرەی داهاتووی ئەپڵ بڵاوبۆیەوە. بەگوێرەی پۆستەری بانگهێشتنامە، ئەپڵ لە ١٢ی ئەم مانگە کە دەکاتە ڕۆژی چوارشەممە  بە فەرمی لە کیوپەرتینو لە کالیفۆرنیا لە بارەگای سەرەکی خۆیان لە Steve Jobs Theater کۆنگرەیەک لە ژێر ناونیشانی “Gather round” دەبەستێت. کۆنگرەکە وەکو زۆربەی کۆنگرەکانی پێشوو کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە کاتی ئەو شارە دەبێت، کە بەرامبەرە بە ٨ی ئێوارە بەکاتی هەولێر – کوردستان.

جێگەی باسە، ئەپڵ ساڵی پار لە هەمان شوێن واتە Steve Jobs Theater هەریەک لە iPhone 10 و Watch series 3 ڕاگەیاند. پێشبینی دەکرێت لەم کۆنگرەیەش ئەم بەرهەمان ڕابگەیەندرێن:

  1. چەند مۆدێلێکی نوێی ئایفۆن: زۆربەی دەنگۆ و ڕاپۆرستە شیکاریەکان لە دەوری ئەوە دەسوڕێنەوە کە ئەپڵ دوو مۆدێلی نوێی ئایفۆنی دەبێت بە ڕوونمای OLED (یەکێکیان ٥,٨ ئینج و یەکێکیشیان ٦,٥ ئینج)، هەروەک پێشبینی ئایفۆنێکی ئاست مامناوەندیش دەکرێت بە ڕوونمای جۆری LCD بە قەبارەی ٦,١ ئینج. هەریەک لەم ئایفۆنانە هەمان شێوەی ئایفۆنی ١٠ لە ڕووی پێشەوە لە خۆدەگرن بە بوونی نۆچ و فەیس ئای دی و ئەنیمۆجی و میمۆجی و بێ دوگمەی سەرەکی و … هتد. یەکێک لە ئایفۆنەکان پێشبینی دەکرێت پشتگیری لە پێنوسی زیرەکی ئەپڵ بکات.
  2. ئایپادی نوێ: هەروەک دەنگۆکان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەپڵ نمایشی یەک یان دوو ئایپاد پڕۆ بکات.
  3. مۆدێلی نوێی کاتژمێری ئەپڵ: بەگوێرەی دەنگۆکان ئەپڵ Watch series 4 بە ڕوونمایەکی گەورەتر و بێ لێواری شێوە بازنەیی بە دوگمەی نەجوڵاوەوە ڕادەگەیەنێت.
  4. نوێکاری سیستەمە وەگەرخەرەکان: لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئایفۆن و کاتژمێری نوێ، وا چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ وەشانی کۆتایی لە هەریەک لە iOS 12, watchOS 5, tvOS 12 و macOS Mojave 10.14 بە گشتی و بە فەرمی ڕابگەیەنێت. گومان وایە کە هەر لەکاتی کۆنگرە ڕێکەوتی دروستی بەردەستبوونی iOS12 و macOS Mojave بزانرێت و ڕابگەیەندرێت. هەروەک بە هەمان شێوەش دەگونجێ ڕێکەوتی وەشانی نوێی سیستەمەکانی تریش ڕابگەیەندرێن.

تۆش ئازادبە لە دەربڕیینی بۆچوونی خۆت لە هەر پێشبینیەک لە کۆمێنتەکان…

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ