سامسۆنگ
15, ئهیلول 2018
سامسۆنگ نوێکاریەک ڕەوانەی مۆبایلی Galaxy Note 8 دەکات و دوو تایبەتمەندی بۆ مۆبایلەکە زیاد دەکات

کۆمپانیای سامسۆنگ لە ڕۆژی ڕابردوودا هەستا بە ڕەوانەکردنی نوێکاریەک بۆ مۆبایلی Galaxy Note 8 کە لە ساڵی ڕابردوودا مۆبایلەکە ڕاگەیەندراوە، نوێکاریەکە قەبارەی 712 مێگابایتە و دوو تایبەتمەندی نوێ بۆ مۆبایلەکە زیاد دەکات کە لە پێشتردا تیایدا بەردەست نەبووە، ئەوانیش هەریەک لە تایبەتمەندیەکانی AR Emoji و Super Slow Motionـن و هەروەک لە ناوەکانیشیان ئاشکرایە تایبەتمەندی AR Emoji ڕێگەت پێ دەدات ئیمۆجی سێ دووری تایبەت بەکاربهێنیت و تایبەتمەندی Super Slow Motionـش لە ڕێگەیەوە دەتوانیت دیمەنەکانت بە شێوەی خاو تۆمار بکەیت.
شایەنی باسە ئەم دوو تایبەتمەندیە نوێ نین بە هۆی ئەوەی کۆمپانیای سامسۆنگ لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەریەک لە مۆبایلەکانی Galaxy S9 و +Galaxy S9ـدا تایبەتمەندیەکانیان بۆ زیادکرا، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای ناوبراو لە مانگی حەوتەمی ڕابردوودا هەستا بە ڕەوانەکردنی نوێکاریەک بۆ هەردوو مۆبایلەکە تیایدا ڕێگەت پێ دەدات دیمەنەکان بە شێوەی خاو تۆمار بکەیت بە ڕوونی 720p پێکسڵ و بە چێوەی 480 و بۆ ماوەی 0.4 چرکە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا مۆبایلی Galaxy Note 8 ئەم هەڵبژاردەیەی بۆ زیاد دەبێت یاخود هەر لەسەر هەڵبژاردەی تۆمارکردنی ڤیدیۆکان بە ڕوونی 720p پێکسڵ و بە چێوەی 960 بۆ ماوەی 0.2 چرکە دەمێنێتەوە.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.