گووگڵ 30, ئه‌یلول 2018

پێش نمایشی فەرمی نەوەی سێیەمی Chromecast لە BestBuy فرۆشرا

یەکەم کڕۆمکاست لە ساڵی ٢٠١٣ ڕاگەیاندرا، پاشان دوای دوو ساڵی تر نەوەی دووەم لە کڕۆمکاست لەلایەن گووگڵەوە بڵاوکرایەوە. لەم کاتەوە تا ئێستا گووگڵ هیچ نەوەیەکی تری ڕانەگەیاندووە، بەڵام کۆنگرەی گووگڵ نزیکە و لە ٩\١٠\٢٠١٨ بە ڕێوەدەچێت. چاوەڕوان دەکرێت لەم کۆنگرەیە نەوەیەکی نوێی کڕۆمکاست نمایشبکرێت.

سەباری ئەوەی کە هێشتا کۆنگرە بەڕێوەنەچووە، بەڵام وادیارە فرۆشگای  BestBuy نەوەی سێیەمی کڕۆمکاستیان لەلا بەردەستە. لە حاڵەتێکی لەناکاو لە فرۆشگای ناوبراو بە هەڵە نەوەی سێیەمی کڕۆمکاست بە کڕیارێک دەفرۆشرێت و چەند وێنەیەک دزەیان پێدەکرێت. بە گوێرەی گوتەی کڕیار، ئەم کڕۆمکاستە لە لیستی بەرهەمە بەردەستبووەکان نەبووە بەڵام بەهۆی چوونیەکی نرخی لەگەڵ نەوەی دووەمی کڕۆمکاست توانیویەتی بیکڕێت.

لە وێنە دزەپێکراوەکە دەردەکەوێت کە دیزاینەکەی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، بۆ نمونە ئەو پلاستیکە شوشەییەی کە لە ڕووی دەرەوەی نەوەی دووەم بەکارهاتووە، لەم نەوەیە ڕەنگێکی ماتە. هەروەک لۆگۆ گەورەکەی کڕۆمیان لابردووە و لە جێگای پیتی G بە بچووکی لە ناوەڕاست هەیە. شتێکی تر کە بەدیدەکرێت، چیتر ئەو سەرەی HDMI پێوەیە بە پشتەوەی کڕۆمکاستەکە نالکێت.

هەروەکو ئاماژەی پێکرا، کڕیاران لەوانەیە لە ٩ی ١٠ بە فەرمی لەگەڵ پیکسڵ ٣ دا، کڕۆمکاستی نوێ ببین. سەبارەت بە نرخی، وا پێدەچێت کە گووگڵ نرخی وەکو خۆی بهێڵێتەوە کە ٣٥ دۆلارە. هەروەها لەبەرئەوەی کە لە ئێستادا BestBuy یەکەی پێویستی لەلا بەردەستە، پێدەچێت لەگەڵ نمایشکردنی ڕاستەوخۆ بۆ فرۆشتن بەردەست بێت.

سەرچاوە :
تاگەکان google
بۆچونی تۆ