10
مایکرۆسۆفت 3, تشرینی یه‌كه‌م 2018 بۆچوون

ئاشنابە بە نوێترین تایبەتمەندییەکانی وەشانی نوێی Windows 10 October 2018 Update

لە کۆنگرەیەکی تایبەت لە ڕێکەوتی ٢\١٠\٢٠١٨، کۆمپانیای مایکڕۆسۆفت بە فەرمی وەشانێکی نوێی لە ویندۆز ١٠ بەناوی Windows 10 October 2018 Update بەردەست کرد. ئەم وەشانە لە ئێستادا دەتوانرێت لە ڕێگەی بەشی Windows Updateـەوە یان Window 10 Update Assistant یان Windows Media Creation Toolـەوە دەست بخرێت. من وەکو خۆم لە ڕێگەی Update and Security لە ناو Windows Settings وەشانی ویندۆزەکەم بەرزکردەوە بۆ ئەم وەشانە و بێ کێشە پڕۆسەکە جێبەجێ بوو.

لەم بابەتە بە پوختی ئاماژە بە نوێترین و گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم وەشانەی ویندۆز ١٠ دەکەم و لە دیارترینیانەوە دەست پێدەکەم، لەگەڵم بن.

١- ئەزموونی گەڕان لە ناو ویندۆز سەر لە نوێ دیزایینکراوەتەوە

مایکڕۆسۆفت ئەزموونی گەڕانی لەم وەشانەدا زۆر باشتر کردووە، بە شێوەیەک کە لە کاتی گەڕان زانیاری ڕوون و پەیوەست بە زاراوەی گەڕان پێشان بدات هەم لە نێوخۆی کۆمپیوتەرەکە و هەمیش لەسەرهێڵ. ئەگەر سەرەنج بدەن لە تەنیشتەوە بەشێکی پێشاندانی ئەنجامەکانی بۆ گەڕان زیادکردووە و بەمەش ئاسانتر و بەبێ کردنەوەی لە وێبگەڕێکدا دەتوانیت ئەنجام ببینیت.

٢- دۆخی تاریک Dark Mode بۆ  File Explorer 

لەم دواییانە دۆخی تاریک تەواوی کۆمپانیاکانی ناچارکردووە کە بۆ سیستەم و ئەپەکانی خۆیان بەردەستی بکەن. بۆ نمونە، گووگڵ و ئەپڵ و فەیسبووک و چەندانی تریش. ئەوەتا ئێستاش مایکڕۆسۆفت ئەم دۆخەی کە پێشتر بۆ زۆر بەشی سیستەمەکەی زیادکردبوو بۆ File Explorerـیشی زیادکرد، کە ئێمە زیاتر بە شێوە باوەکەی بە مای کۆمپیوتەر بانگی دەکەین. چێژ وەرگرن لەو دۆخە نایابە و ئەزموونێکی نوێ لەگەڵ ویندۆز وەرگرن.

٣- ئامرازی Snip and Sketch

مایکڕۆسۆفت ئامرازی Snipping tool بە ئامرازێکی نوێ بەناوی Snip and Sketch دەگۆڕێت. ئەم ئامرازە بریتییە لە ئەپێکی نوێ و جوان کە کاری وێنەگرتنی ڕوونمای کۆمپیوتەرەکەتە و پاشان نوسین و کێشانە لەسەری. بەڵام بەداخەوە چەند تایبەتمەندیەکی دیاری بۆ زیادنەکراوە لەوانە ناتوانیت هیچ دەقێک بەو ئەپە لەسەر وێنەی گیراو بنوسیت و هیچ شێوە واتە شەیپێکی تێدا نییە و ئەمانە و چەندین شتی دیاری تریش.

٤- Cloud Clipboard

ئەمە یەکێکە لە هەرە تایبەتمەندییە نایابەکان کە لە ڕێگەیەوە هەر دەقێکیکی لەبەرگیراوە واتە کۆپیکراو دەتوانرێت لەسەر ئەو ئامێرانەی کە بە یەک هەژماری مایکڕۆسۆفت لە ژوورەوەن لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان بلکێندرێن واتە پەیست بکرێن. بۆ نمونە، ئەگەر لەسەر کۆمپیوتەرێک نوسینێکت کۆپی کرد ئەوا لەسەر کۆمپیوتەرەکەی ترت کە هەمان هەژماری لەسەرە لە ڕێگەی کلاودەوە دەتوانیت ئەو دەقە بلکێنیت واتە پەیستی بکەیت.

ئەمە جگە لەوەی کە دەتوانیت لە ڕێگەیەوە چەندین دەقی تر لە ڕێگەی تایبەتمەندی Save Multiple Items هەڵبگریت. ئەویش بە کورتکراوەی Windows Logo + V و پاشان هەڵگرتنی.

٥- ئەپی Your Phone

مایکڕۆسۆفت دەیەوێت پردێک لە نێوان کۆمپیوتەرەکەت و مۆبایلەکەت دروست بکات، ئەمەش لە ڕێگەی ئەپی Your Phoneـەوە، کە هەریەک لە وێنەکان و نامەکانی مۆبایلەکانت دەردەکەون و لە ڕێگەیەوە دەتوانیت ئاڵوگۆڕی نامە و پەیام بکەیت (ئامێرە ئەندرۆیدەکان). هەروەک دەتوانیت وێنەکانتیشت ببینیت.

کۆمەڵێک گۆڕانکاری و چاکسازی تری لاوەکی…

لە ڕاستیدا چەندین گۆڕانکاری و چاکسازی تری لاوەکی لەم وەشانە بەدی دەکرێن بەڵام لەوانەیە وەکو ئەوانەی سەرەوە زۆر بە ڕوونی دیار نەبن. لە ناو Settings کۆمەڵێک گۆڕانکاری کراون. بۆ نمونە، ئەگەر ئامێرێکی بلوتوز بە کۆمپیوتەرکەتەوە ببەستیتەوە لەمەودوا لە بەشی بلوتوز ڕێژەی شەحنەکەی دەردەکەوێت. نمونەیەکی تر، کورتکراوەی ترن بۆ نۆتیفیکەیشن سێنتەر لەوانە Snip و Battery Saver. هەروەک تەختەکلیلی سویفتکیش لەگەڵ ئەم وەشانە تێکهەڵکێشکراوە و گشت تایبەتمەندییەکانی بەردەستن. هەروەها لە ناو وێبگەڕی ئێج لە دۆخی خوێندنەوە واتە Reading Mode فەرهەنگ زیادکراوە و دەتوانیت بە کرتەکردن لە وشەکە واتای وشەکە بە ئینگلیزی بزانیت.

ئەمانەی سەرەوە گرینگترین تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم وەشانەی ویندۆز ١٠ بوون. چۆن بوون بەلاتەوە؟ بە نیازی ویندۆزەکەت بەرزبکەیتەوە بۆ ئەم وەشانە؟ لە کۆمێنتەکان ڕای خۆت بنوسە.

سەرچاوە :
تاگەکان microsoft Windows10
بۆچونی تۆ