مۆبایل و تابلێت 4, تشرینی یه‌كه‌م 2018

مۆبایلی Nokia 7.1 بە فەرمی نمایشکرا

کاتژمێرێک لەمەوبەر و لە ڕووداوێکی تایبەت لە لەندەن، کۆمپانیای نۆکیا پەردەی لەسەر دوایین بەرهەمی خۆی بەناوی Nokia 7.1 کە پشتبەستووە بە ئەندرۆید وەن. ئەم مۆبایلە لە مۆبایلە ئاست مامناوەندەکانە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی چەند تایبەتمەندیەکی نەرمەواڵە و ڕەقەواڵەی هەیە، کە لەم جۆرە مۆبایلە ئاست مامناوەندانە چاوەڕوان ناکرێت.

ئەم مۆبایلە ڕوونماکەی ٥.٨٤ ئینجە و تایبەتمەندی HDR10ـی هەیە و بە گۆرێلا گلاس ٣ پارێزگاری لێ دەکرێت و لە سەرەوەی نۆچێک هەیە. سەرباری ئەوەی کە لە جۆری LCDـیە بەڵام نۆکیا دەڵێت لە تەنانەت بەرامبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا هێشتا دەتوانرێت بەکاربهێندرێت.

لە ڕووی دیزاینەوە، نۆکیا بۆ ئەم مۆبایلە پشتی بە شووشە و کانزا بەستووە. لەسەر بەشی پشتەوەی پەنجەمۆر هەیە و مۆبایلەکە بە دوو ڕەنگ بەردەست دەبێت، ئەوانیش شینی شووشەی و ستیلی شوشەین.

لە ڕووی ڕەقەواڵەوە، ئەم مۆبایلە بە پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٦٣٦ بەهێزکراوە و ڕامەکەیشی ٣ یان ٤ گێگابایت وەکو بژاردە بەردەست دەبێت. هەروەک بیرگەی ٣٢ و ٦٤ گێگابایت لە جۆری e-MMC 5.1ـە و بە خۆشحاڵیەوە ئەم مۆبایلە شوێنی دەرچەی ئێس دی کاردی هەیە. بۆ بارگاویکردن و داتا گواستنەوە دەرچەی USB-C هەیە و لە هەمان کاتدا شوێنی بیستۆکی ٣.٥ ملمی هەیە. لەڕووی وزەوە ئەم مۆبایلە خاوەنی پاتریەکی ٣٠٦٠ ملی ئەمپێرییە و پشتگیری لە خێرا بارگاویبوونەوە دەکات، کە بە ٣٠ خولەک تا ٥٠%ـی پڕدەبێتەوە. لە بیریشمان نەچێت مۆبایلەکە شوێنی دوو سیمکارتی هەیە، واتە دەتوانیت تا دوو سیمکارت بەکاربهێنیت.

لە ڕووی کامێراوە، لەسەر پشتەوەی دوو کامێرا هەیە کە یەکێکیان ١٢ مێگاپێکسڵە و ئەوەی تریش ٥ مێگاپێکسڵە. کامێرای پێشەوەیشی یەک کامێرای ٨ مێگاپێکسڵ بوونی هەیە.

شایەنی باسە، بۆ جارێکی تر نۆکیا پشت بە ئەندرۆیدی خام دەبەستێت. ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەکارهێنەران و بەردەستکردنی باشترین ئەزموون بۆیان. هەروەک هەمان ئەزموونی مۆبایلەکانی پیکسڵی گووگڵ بۆ بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت بە بوونی ٢ ساڵ نوێکردنەوە (Update) لە گووگڵ خۆیەوە بۆ مۆبایلەکانی نۆکیا و هەروەها سێ ساڵ لە چارەسەری ئاسایش.

بە گوێرەی پێگەی فۆن ئێرینا، تا ئەم خولەکە نرخ و بەردەستبوونی ئاشکرا نەکراوە بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بۆ جۆری ٣ گێگابایتی بە ٣٤٩ یۆرۆ بێت و بۆ جۆری ٤ گێگابایت ڕام بە ٣٩٩ یۆرۆ بێت و بەم زووانە لە بازاڕەکان لە سەرتاسەری جیهان بەردەست بێت.

دەتوانن لەخوارەوە بینەری کۆنگرەکەی ڕاگەیاندنی نۆکیا ٧.١ ببنەوە:

[su_youtube url=”https://youtu.be/SB2n6biiNeg”]
سەرچاوە :
تاگەکان nokia
بۆچونی تۆ